لە دوای ۷ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲۳ ەوە دژایەتیەکانی ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل پێینایە قۆناغێکی ترەوە و کار گەیشتە ئەوەی ڕۆژانە هێرشی میدیایی بکەنە سەر یەکتری و سنوری میدیایی هەر دوو دەوڵەت ببەزێنن .
ڕێککەوتنی یۆنان و قوبرس و ئیسڕائیل و گەیاندنی فڕۆکە و کەرستەی بەرگری سەربازی بۆ قوبرس بە نزیکترین ڕوبەڕوبونەوەکان دادەندرێن ، لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا .
ئەردۆگان تا ئێستا هەر کارتێ دژی ئیسڕائیل بەرز دەکاتەوە ، لە پاڵیدا ناتانیاهۆ زۆر بەخێرایی کارتەکانی دەسوتێنێ ، ئازەربایجان و ئەرمینیا و سۆماڵ و سودان و لیبیا و سوریا و لوبنان و کەرتی غەززەش .
لە سەردەمی محەمەد مورسی سەرۆکی هەڵواسراوی دەوڵەتی میسڕ ڕۆژانە ئەردۆگان هەر چوار پەنجەکەی دەستی بەرزدەکردەوە و دوای نەمانی مورسی و سەرکردە باڵاکانی ئیخوان ، پەردەی لە سەر خۆی هەڵماڵی بەئاشکرا بەناوی سەرۆکی ئیخوانەکانی جیهان هەڵسوکەوتی دەکرد و دژایەتیەکی گەورەی میسڕ و سعودیەی دەکرد ، بە تایبەتی عەبدولفەتاحی سیسی سەرۆکی میسڕ .
ئەردۆگان بە هاندەری سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دادەندرێ لە ڕێی حەماس و قەتەرەوە ، بەڵام هەر زوو هاوپەیمانیەکی چوار قۆڵی لە گەڵ پاکستان و سعودیە و میسڕ ئەنجامدا و تا ڕاددەیەک خۆی لە هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ پاراست .
لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیش ، ئەردۆگان فەشەلی بە پلانەکانی ڕوخاندنی دەوڵەتی ئاخوندەکان هێنا و ڕێگری کرد کە کوردەکان بەشداری ئەو داڕمانەی کۆماری پەتوسێدارە بکەن ، لە بەرامبەریشدا ناتانیاهۆ پەلاماری باشوری لوبنانیدا و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار چەکداری حیزبوڵای کوشتوە لە گەڵ دەیان هەزار بریندار و پەککەوتەی شەڕەکە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە .
لە دواین دژایەتی ئەو دوو سەرۆک دەوڵەتە ئەردۆگان ناچار بوو خۆی بگەیەنێتە ناو ماڵی نەوەی فیرعەونەکان و دەست لە گەڵ سیسی تێکەڵاو بکات و هاوپەیمانیەتێکی سیاسی و سەربازی و بازرگانی لە گەڵ میسڕ واژۆ بکات .
لە بەرامبەردا ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش کارتی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی سەدەی ڕابردوی بەرز کردۆتەوە و ئەردۆگانیش چاک دەزانێ ئەگەر بێتو ئیسڕائیل ئەو کارتە بجوڵێنێ لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا دژایەتیەکی گەورە بۆ تورکیا دێتە ئاراوە و خراپ بە سەر تورکیادا دەشکێتەوە . هەروەها برینی قوڵیش بۆ تورکەکان نوێدەکاتەوە کە بە زەحمەت بتوانن لێی دەبچن .
کۆبونەوەی ئەندامانی ناتۆ لە ئاستی باڵا کە بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ببەسترێ ، زەحمەتە ئەردۆگان جورئەتی ئەوە بکات بە خراپ دژی ئیسڕائیل و ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانەکەشی گلەییەکیش بکات .
بە بڕوای من ئەگەر دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لەو کۆبونەوەیە نەبێتە پشتوپەنا بۆ ئەردۆگان و تۆڕبین و فڕۆکەی F35 نەدا بە تورکیا ، ئەوا هیچ گومانی تێدا نیە ئەو کۆبونەوەیە دەبێتە دادگاییەکی هێمنانە دژی سیاسەتەکانی تورکیا و سەرۆکە سەر کەشەکەی .