ئەمشەو ئاڵای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە هۆتێلی دیڤان لە شاری هەولێر هەڵکرا.
ئەمە تەنها هێمایەک نییە، بەڵکو ڕوونکردنەوەیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێم چۆن ناوی کوردستان بەکاردەهێنێت، بەڵام لە پراکتیکدا ڕێز لە هێما و سیاسەتی دەوڵەتێک دەگرێت کە لە سەدەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی داوە.
ئەوانەی باسی «ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک» و «برایەتی تورک و کورد» دەکەن، دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: چ برایەتییەک لە نێوان دوو لایەندا هەیە کە یەکێکیان بە درێژایی مێژوو مافی بوونی ئەوی دیکەی نەناسیوە؟
سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد هەرگیز برایانە نەبووە، هەموو کات سیاسەتی سڕینەوە، ئاسیمیلاسیۆن، سەرکوت و شەڕ بووە.
ئێستا پرسیارێکی سادە و ڕوون هەیە: ئەگەر قسە و پێشنیارەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە برایەتی، ئینتێگراسیۆن و چارەسەری ناو کۆماری تورکیا وەک خیانەت بە بوونی کورد و کوردستان هەژمار دەکرێن، بۆچی هەمان جۆر مامەڵە و پەیوەندی لە لایەن پارتی و حکومەتی هەرێمەوە وەک «دیپلۆماسی» و «بەرژەوەندی» پێناسە دەکرێت؟
ئەگەر قبوڵکردنی هێما و سیاسەتی تورکیا، یان باسی برایەتی و چارەسەری ناو دەوڵەتی تورکیا، خیانەتە، ئەوا هەردووکیان خیانەتن بە گەلی کورد و نەتەوەی کورد. ئەگەر سیاسەت و دیپلۆماسی بێ، ئەوە هی هەردووکیان سیاسەتە یەکیان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمەکەی خۆیی و ئەوەی دیکەش بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە ناو تورکیەدا. نابێت یەکێکیان بە خیانەت و ئەوی دیکەیان بە زیرەکی سیاسی ناوببرێت، تەنها لەبەر ئەوەی کەسێکیان لە دەرەوەی دەسەڵاتە و ئەوی دیکەیان خاوەنی دەسەڵاتە.
پارتی کاتێک ڕێگە دەدات ئاڵای تورکیا لە ناوەندی هەولێر هەڵبکرێت، یان پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە لە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەیی دادەنێت، لە ڕاستیدا هەمان ئەو ڕێگەیە دەگرێتەبەر کە ڕەخنەی لێ دەگرێت کاتێک لە لایەن کەسانی دیکەوە دەکرێت!
نایەکسانی لە هەڵسەنگاندن تەنها نیشانەی دووڕوویی سیاسییە.