کاتەکەیەتی کۆتایی بە بیرۆکەی خاوەندارێتیی حیزبی بەسەر نەتەوەدا بهێنین

کێشەی کوردستان تەنها کێشەی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ یان ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی نییە؛ کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە حیزبێک ماوەیەکی زۆرە خۆی بە خاوەنی کوردستان، خاوەنی دامەزراوەکان و بڕیاردەری چارەنووسی گەل دەزانێت.

لە بیرکردنەوەی ئەم حیزبەدا، پەرلەمان کاتێک گرنگە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەودا بێت، حکومەت کاتێک گرنگە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا بێت و پایتەختیش کاتێک پایتەختە کە بڕیارەکانی لە بازنەی دەسەڵاتی ئەودا بدرێن.

ئەمە نە دیموکراسییە، نە حکومڕانییەکی یاسایی؛ ئەمە تێکەڵکردنی دەسەڵاتی حیزبی و خێزانییە بە دامەزراوەکانی گشتی.

خۆیان بە برا گەورەی بە باوکی ڕۆحی کوردستان مەرچەع ناوزەد دەکەن، بەڵام هیچ حیزبێک مافی ئەوەی نییە خۆی لە سەرووی گەل و یاسا دابنێت. ؛ حیزب دەبێت خزمەتکاری نەتەوە بێت.

مێژوو بەبیرمان دەهێنێتەوە

لە ساڵی ١٩٩٦دا، بەهۆی بانگەواز و داوای مەسعود بارزانی، سوپای بەعسی سەدام حوسێن هاتە هەولێر و پەرلەمانی کوردستانیش بووە بەشێک لەو ملمـلانێیە سیاسی و سەربازییە. ئەو ڕووداوە یەکێکە لە تاریکترین پەڕەکانی مێژووی سیاسیی کوردستان و نابێت لەبیر بکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، ڕێگری لە چوونی یوسف محەممەد، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان، و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ هەولێر کرا. ئەمەش بووە هۆی وەستانی کارکردنی پەرلەمان و تێکچوونی زیاتر لە بنەماکانی دەسەڵاتی یاسایی.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن حیزبێک کە لە ڕابردوودا لە بەرامبەر دامەزراوەی پەرلەماندا ئەو هەڵوێستانەی هەبووە، ئەمڕۆ خۆی بە پارێزەری پەرلەمان و دەستوور دەناسێنێت، بەبێ ئەوەی وەڵامی ئەو مێژووە بداتەوە؟

کاتێک دەسەڵات لە دەست حیزبێکدا کۆدەبێتەوە، کاتێک دامەزراوە ئەمنییەکان و ئابوورییەکان لەژێر کاریگەریی نفووزی حیزبی دەبن، کاتێک سامان و دەوڵەتی گشتی بە شێوەیەک بەڕێوە دەبرێت کە پەرلەمامنیش ناتوانی بە چاودێریی بکات چەبگات بە خەڵک ، ئەوا پرسیارێکی گەورە لەبارەی دادپەروەری و مافی هاووڵاتیانەوە دروست دەبێت.

کوردستان بۆ ئەوە نەبووە کە خەڵکێک لەژێر دەسەڵاتی عێراقەوە بێنە دەرەوە و جارێکی تر لەژێر دەسەڵاتی خێزان و حیزبێکدا بژین.

نە شەهیدانی کوردستان خوێنیان بۆ ئەوە ڕشتووە کە حیزبێک ببێتە خاوەنی نەتەوە، نە ئەو هەموو قوربانییە بۆ ئەوە دراوە کە سامان و دەسەڵات ببێتە میراتی سیاسیی خێزانێک.

گەندەڵی، تێرۆر، کوشتن و خیانەتیش دەبێت بە بەڵگە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ ڕوون بکرێتەوە؛ نە ئەوەی بەهۆی دەسەڵات و نفووزەوە لێپرسینەوە لە خاوەن دەسەڵاتەکان نامومکین بکرێت. چەند رۆژ پێش باوکی شەهید زەردەشت عوسمان کوچی کرد بەکوژەکی کێیە لە کار بەدەستانی ئەم حکومەتە

کوردستان بە هیچ حیزبێک نافرۆشرێت

ئەمڕۆ کێشەکە ئەوە نییە کە کام حیزب پەرلەمان دەکاتەوە، یان کام لایەن سەرۆکایەتی دەکات؛ کێشەکە ئەوەیە کە بۆچی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتی حیزبی کار بکات؟

بۆچی هەولێر دەبێت وەک ناوچەی نفووزی حیزبێک سەیر بکرێت، نەک وەک پایتەختی هەموو کوردستان؟

بۆچی پەرلەمانتارێک کە نوێنەری خەڵکە، دەبێت لە چوونە ناو پایتەختدا هەست بە مەترسی بکات؟

و بۆچی نەتەوەیەک کە بۆ ئازادی و دیموکراسی قوربانیی زۆری داوە، دەبێت بەردەوام لەژێر دەسەڵاتی حیزب و خێزاندا بژی؟

کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان بە هەڵوێستێکی مەدەنی و دیموکراتی، ئەو بیرۆکەیە ڕەت بکەنەوە کە پارتی خاوەنی کوردستانە و خێزانێک مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی هەمووانی هەیە.

ئەگەر حیزبێک ناتوانێت لە ڕێگەی یاسا، ڕەزامەندیی گشتی و هەڵبژاردنی ئازادەوە دەسەڵات بپارێزێت، ئەوا دەبێت لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەسەڵاتەکەی لێ وەربگیرێت.

ئەگەر حیزبێک لە مافەکانی خەڵک و سەربەخۆیی دامەزراوەکان زیاتر بەرژەوەندیی خۆی بپارێزێت، خەڵک مافی تەواوی ئەوەیان هەیە لە ڕێگەی ڕاپرسیی گشتی، هەڵبژاردن و خەباتی مەدەنیی ئاشتییانەوە داوای گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە بکەن.

کوردستان میراتی هیچ خێزانێک نییە؛ پەرلەمانیش ماڵی مەسعود بارزانی نییە. کوردستان موڵکی گەلە و هیچ حیزبێک مافی ئەوەی نییە خۆی بە خاوەنی ئەو گەلە بزانێت.

مێژوو دەبێت حیساب لە هەمووان بکات؛ نەک تەنها لەوانەی دەسەڵاتیان نییە، بەڵکو لەوانەش کە ماوەیەکی زۆرە دەسەڵاتیان لە دەستدایە.