پرسیارێکی جدی لە سەرکردایەتیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لە مەر  داهاتووی خەبات و چارەنووسی هێزەکانیان

کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی قەرارگەی رەمەزان و سەرانی عیراق، جارێکی دیکە ئەم پرسیارە دەخاتەروو: ئایا دەبێت چارەنووسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هێز و پێکهاتەکانیان لە کۆبوونەوەیەکدا دیاری بکرێت کە خۆیان ڕاستەوخۆ بەشدار نین؟

ئەگەر بابەتی گفتوگۆکان داهاتووی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، بۆچی نوێنەرانی خۆیان نابێت ڕاستەوخۆ لەسەر مێزی دانوسـتانەکان ئامادە بن؟ کێ باشتر لە خۆیان لە بارودۆخ، داواکاری و نیگەرانیی ئەندامان و پێشمەرگەکانیان ئاگادارە؟ یا دانوستان بە هەموو شیوە ڕەت دەکەنەوە ، یا ئێران نایەوێت لەگەڵتان دانوستان بکات؟

ئەگەر باوەڕتان بە خەبات و ئامانجی سەربەخۆیی حیزبەکانتان هەیە، پلانەکەتان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە چییە؟ ئەگەر حیزبێک بە تەنیا توانای بەردەوامبوونی ئەو ڕێگایەی نییە، بۆچی هەوڵی جدی بۆ یەکگرتوویی سیاسی و هاوئاهەنگیی نێوان حیزبەکان نادەن؟

ئایا ناکۆکیی حیزبی و ملمـلانێی ناوخۆیی لە داهاتووی بنەماڵەی ئەندامان و لایەنگەرانتان گرنگترە؟

ئێوە کە لە پلەی بڕیارداندان، ئایا بیر لە داهاتووی بنەماڵەی حیزبی، پێشمەرگە و ئەو خێزانانە دەکەنەوە کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا بەسەر بردووە؟ پلانەکەتان بۆ پاراستن و داهاتووی ئەوان چییە؟

ناکرێت ساڵانێکی زۆر بە دروشمی سەربەخۆیی حیزبی  بدوێین، بەڵام لە کاتی هەستیاردا چاوەڕێی ئەوە بین کە ئەوانی تر بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن.

ئەگەر خەبات هەڵدەبژێرن، دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکانی بگرنە ئەستۆ و پلانێکی واقیعی بۆ داهاتوو دابنێن. ئەگەر بەردەوامبوون لە شێوازی پێشوودا نەگونجاوە، دەبێت بە ڕوونی ڕێگاکانی دیکەی سیاسی و مەدەنی بخەنە بەردەم ئەندامان؛ نەک ئەوان لە نادیاری و بێ‌ئاسۆییدا بهێڵنەوە.

هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نیگەران بێت لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی، بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش مافی ئەوەیان هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان بکەن.

ئەمڕۆ کاتی وەڵامدانەوەیە، نەک دووبارەکردنەوەی دروشمەکان.

سەربەخۆیی، بێلایەنی یان تەسلیمبوون؛ هەر ڕێگایەک هەڵدەبژێرن، پێویستی بە ڕاستگۆیی لەگەڵ گەل و بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ئەندامان هەیە.

ئایا بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پلانێکتان هەیە، یان دەبێت چارەنووسی حیزبەکانتان، پێشمەرگەکان و ئامانجی چەند نەوەیەک لە پشت دەرگای داخراو و بە بڕیاری ئەوانی تر دیاری بکرێت؟