بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕابردوودا، بینەری وەرچەرخانێکی فیکری و ستراتیژی گەورە بوو. ئەم وەرچەرخانە لە گۆڕانی ناسنامەی سیاسی بزووتنەوەکە لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ەوە (ژ.ک) حیزبی دێموکراتی کوردستان ـە، پرۆسەیەک کە تێیدا گوتاری کوردی لە سەربەخۆخوازییەوە گۆڕدرا بۆ خودموختاری لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
کۆمەڵەی ژێکاف (١٩٤٢ - ١٩٤٥) وەک ڕێکخراوێکی نەتەوەیی دامەزرا کە سنوورە سیاسییەکانی ئێرانی و داگیرکەرانی دیکەی کوردستانی بە ڕەسمی نەدەناسی. ئەندامان و دامەزرێنەرانی ژێکاف، کێشەی کوردیان وەک پرسێکی یەکگرتوو لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەبینی و ستراتیژیان ڕزگاریی نەتەوەیی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو. گوتاری ژێکاف گوتارێکی دەرەوەی هاوکێشە ناوخۆییەکانی تاران، دمشق، بەغدا و انکارا بوو و خۆی بە پاشکۆ یان بەشێک لە جوغرافیای سیاسی ئێران پێناسە نەدەکرد.
لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥)، پێشەوا قازی محەمەد بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم و ئامادەیی هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەت سۆڤیەت لە ناوچەکەدا، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەدا، دروشمی سەربەخۆیی گشتی هێندە هاندەر نییە و دەبێت داواکارییەکان فۆرمێکی یاسایی و ناوچەیی بەخۆوە بگرن. لێرەوە بوو کە کۆمەڵەی ژێکافی هەڵوەشانەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا.
گرنگترین بەڵگەی ئەم گۆڕانکارییە، یەکەمین بەیاننامەی فەرمی حیزبی دێموکرات بوو لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤. لە بەندی یەکەمی ئەم بەیاننامە مێژووییەدا بە ڕوونی نووسرا: (نەتەوەی کورد لە ناوخۆی سنوورەکانی ئێراندا لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆجێیی خۆیدا خودموختار و ئازاد بێت) ئەم ڕستەیە خاڵی کۆتایی بوو بەسەر گوتاری سەربەخۆخوازی پێشووی ژێکافدا. لێرەوە بزووتنەوەی کورد بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ناو هاوکێشەی سیاسی و جوغرافیای ئێراندا یاری دەکات و داوای مافە نەتەوەییەکانی وەک (زمان، خوێندن، و ئۆتۆنۆمی) تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و سنوورەکانی ئێراندا دەکات.
هەڵوەشانەوەی ژێکاف بازدانێک بوو لە دروشمی نەتەوەی بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد.