دادگای سلێمانی سزای 5 ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر لاهور جەنگی دا سەپاند وە هەریەک لە پۆڵاد جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ وە ڕیبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی 10ـی 2026، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە هاوەڵەکانی دا.
دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی لە دانیشتنێکی یەکلاکەرەوەدا سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەر لاهور شێخ جەنگی و چەندین سزای جیاوازی زیندانیکردنی بەسەر ژمارەیەک لە هاوەڵەکانیدا سەپاند، هاوکات بڕیاری ئازادکردنیشی بۆ دوو لە دەستبەسەرکراوان دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، لاهور شێخ جەنگی سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها، پۆڵاد جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردن سزادرا.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی دادگادا، ڕێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ بەندکردن سزادرا.
هاوکات هەریەک لە ڕێبوار قودرەت، پێشەوا حەسەن و ڕێنوار زریان، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردنیان بۆ دەرچوو.
سەبارەت بە ئاراس حەمە عەلی و سەربەست مینا حەمەش، دادگا بڕیاری ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەریاندا سەپاند. لە بەرامبەریشدا، دوو لە دەستبەسەرکراوانی لالەزار بە بڕیاری دادگا ئازاد کران.
دەرچوونی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەناو هۆڵی دادگادا لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە لەسێدارە بدرێت بەو مەرجەی ناهەقی بەرامبەر ئەو کەسانە نەکرێت کە بەهۆی ئەوەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها تیمی پارێزەرانیش جەختیان لەوە کردبووەوە کە تانە لە هەر بڕیارێکی دادگا دەدەن و لە دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) هەوڵی گۆڕینی دەدەن.
بڕیارە لە ٢٨ـی ئەم مانگەشدا دۆسیەیەکی دیکەی تایبەت بە تاوانی کوشتن کە پەیوەستە بە بەشێک لەم کەسانەوە، لەلایەن دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە.