ئەم باسە نەک رەنگە، بەڵنیایێەوە راستە کە زۆر قسە و باسی لە سەر کرواوە و تەنانەت زۆر هەوڵیش درواوە بۆ ئەم لێکتێگەیشتنە کە کورد جیا لە خۆیی بوون و یەکگرتوویی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
بەڵام
هیچ کات بەمێژووی خۆماندا چووینەتەوە ؟ رابردووی خۆمان خوێندووەتەوە؟
بە درێژایی مێژوو کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەر بووین.
لە عەشرەتەوە بۆ خێڵگەرایی و پێجەوانەکەی.
هەنووکەش هەر لە ناخی زۆرێک دا بە گڕوتینەوە ئەم هزرە هەر هەیە.
رەنگ کەس و کەسانێک یا لایەنێک پێی دەرمار گرژ بن، بەڵام وایە و وایەکەش زۆر تاڵە.
ئێمە وەک کورد لە هیچ کام لە قۆناخەکانی مێژووی خۆمان ئەو هەڵ و دەرفەتەمان نەبووە کە بە مانای راستی لە دەوڵەتی سەربەخۆ، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراس و ئازادی تێبگەین.
ئەوانەمان لە لایەن وڵاتە زلهێزەکان کە بەرهەمهێنەری و پێگەیاندنی وڵاتانی داگیرکەرانی خاکی کوردستان بووە پێمان وتراوە و هەر بەو شێوەیەش گۆچیان کردووین.
رەنگە بە ئازار بێت بەڵام راستیە لە سەردەمی ئێستاشدا کە بە سەردەمی مۆدێرنیتە باسی دەکەن ، لە ناتێگەیشتوویی مافی نەتەوەیدا هەمانە لایەنی بە ناوحیزب و لق و پۆی لایەنێکی دیکە دەیان ساڵە دژ بە بزووتنەوەی نەتەوەی خۆیان لە رۆژهەڵات بە چڕی کاریان کردووە و دەیکەن.
هۆکاری زۆرێک لەمانە رەنگە هەمان رق و قینی پەنگخواردووی ساڵانی دوور و درێژی سەر دەمانی خێڵ و عەشرەتگەرایی و خان و ئاغاوەت بێت. واتە هەر لەو بازنەیەدا نەک هەر دەسوورێنەوە بەڵکۆ گۆچیان کردوون و ئەوانیش ئەم گۆچکردنەیان لا بە تێگەیشتنی سیاسی و کۆمڵایەتی بە هەند وەرگرتووە.
رەنگە ئەگەر خاکی کوردستان هیندەی کە هەیە بەربڵاو نەبوایە چارەسەر کردنیشی ئەوەندە زەحمەت و دشوار نەبوایە، بەڵام زۆری پانتایی وڵاتەکەی وای کردووە سەدا دەی هاوڵاتی و هاونیشتمانی کورد لە ناخ و دەرووندا یەکدی نەناسن و بە جۆرێک جێگرەوەی بووە بە ترک و عەرەب و فارس.
ئەگەر کورد لە هەر هەموو بەشەکان لەوە تێبگات کە سوود و بەرژەوەندی یەک بوون تا چ رادەیەک و تێگەیشتنەکە بگاتە ئەو ئاستە پلانی تێکدەرانەی نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان پوچەڵ بکاتە، ئەوەی کە ئێستا هەیه بە دڵنیاییەوە نەدەبوو.
زۆر گرنگ نییە ئەم سەردەمەش وەک سەردەمانی رابردوو تێپەڕ دەبن و لە کۆتاییدا جیلی کامڵی کورد دێتە مەیدان و سەرشۆڕی یەک نەگرتوویی رابردوو و ئەمڕۆی ئیمەیان وەک پاشخانی مێژوو بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، هەر وەک چۆن بۆ ئێمە ماوەتە
هەم لە رابردوو
هەم لە ئێستا
هەم لە داهاتوو
کورد وەک نەتەوەیەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکە، کە مافخوازە و داوای مافی رەوای خۆی دەکات، ناتوانێ بگاتە هیچ کام لە ماف و ئامانجەکانی ، مەگەر ئەوەی کە بەهەموو جیاوازیەکانەوە، یەکگرتوویی نەتەوەیی خۆ نەک تەنیا لە قەواڕەیەکی بچووکدا و لە حەد و ئەندازەی رێکەوتن و راەگەیاندنێکدا رابگەێنت ، بەڵکو بەرجەستە ، زەق و بەهێزی بکات، رووداوەکانی ئەم چەند ساڵی رابردوو کە هێرشەکانی مووشک و دروون چڕ بوونەوە، هەموو بۆشایێەکانی دەرخست، ئەوەی سەلماند کە نایەکگرتوویی بزووتنەوەی کورد بەردەوام خەسار دوای خەساری بە دوادا دێت.