لەماوەی ڕابردوو وەرزشوانێکی ئەرمەنی بە نامۆ فازیلی وت: کورد قەرەجن و دەوڵەتیان نیە و لە دەوڵەتی خەڵکانی تردا دەژین!
چونکە تەنها قەرەج بێ خاک و دەوڵەتن و بە دەوڵەتانی تردا دەگەڕێن و بۆ ئەوەی بژین دەرۆزە دەکەن!
ئەی ئەرمەنی خۆیان کێن وا کورد بە قەرەج دەزانن؟!
پێشتریش باسم کردووە ئەرمەنیەکان وەک هەموو مەسیحیە کۆنەکانی تری کوردستان لەترسی ڕۆمانیەکان و جولەکەکانی ئۆرشەلیم هەڵهاتون و ڕوویان لە چیاکان کردووە!
زیاتر لە مێژوو، بەڵگەی زمانەوانی ئەمە باشتر ڕووندەکاتەوە؛ چونکە ئەرمەنیەکانیش وەک هەموو مەسیحیەکانی تر بە زمانی ئارامی-سریانی و زمانی یۆنانی قسەیان دەکرد!
چونکە زمانی دایکییان ئارامی-سریانی بووە و زمانی حکومەت و فەرمانڕەوایی ئۆرشەلیمیش یۆنانی بووە بۆیە ئەم دو زمانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە چیاکانی ئارارات!
لەوێ شانشینێک بۆخۆیان لە نزیک دەریاچەی وان و دراوسێی شانشینی کۆردیۆنی کوردی دروست دەکەن!
ئەوانیش وەک کورد بێ بەڵگەنامە و نوسینی مێژووی دەبون گەر خاوەنی پیاوێکی زۆرگرنگ و کاریگەر نەبونایە بە ناوی ماشتۆتس!
ماشتۆتس قەشەیەکی ئاینی بوو بەڵام زمانی نوسینی بۆ ئەرمەنیەکان دانا هەردوو زمانی ئارامی-سریانی و یۆنانی تێکەڵاوکرد!
لەبەر ئەوەی یۆنانیەکەی کرد بە چوارچێوە و ئارامی-سریانیەکەی کرد بە ناواخن زمانەکە چووە ناو گرووپی زمانە هندۆ ئەوروپیەکان و لە گرووپی سامی دەرچوو!
ماشتۆتس پیاوێکی هێندە ژیرو دانا بوو گەر کورد لەهەمان سەردەم پیاوێکی وای هەبوایە کەس بوێری نەبوو پێی بڵێ قەرەج!
چونکە بەشێک لەبەڵگەنامەی شانشینی کۆردیۆنی لەناو بەڵگەنامە ئەرمەنیەکاندایە کە باسی پاشایانی کۆردیۆنی بە ئازاو بوێر و جوامێر دەکەن!
زمانی نوسین و دەوڵەت ئەو دوو شتەن کە لە قەرەچبون دەتپارێزن، هەروەک چۆن ساڵانێکی زۆرە خەڵکمان هەیە ئەڵێن دەوڵەت بۆ کورد پێویست نیە!
ڕەنگە لەو سەردەمەش خەڵکێک هەبووبن و وتبێتیان زمانی نوسین بۆ شانشینی کۆردیۆنی پێویست نیە!
دەنا ناگونجێ بە نزیکەی ١٥٠ساڵ و زیاتر دوایی ئەم شانشینە پیاوێک بەناوی جابانی کوردییەوە ڕێک لەناوجەرگەی قەڵەمڕەوی کۆردیۆنیەوە ڕۆشتوەتە مەدینەو ناو ئاینی ئیسلام، بەڵام بوترێت کورد مێژووی نییە!
کورد مێژووی هەیە تەنها زمانی نوسینی نەبوە دەنا ئاینی ئیسلام لەسەردەمی موحەمەد(د.خ) لێبێت جگە لە عەرەب ناوی تەنها چوار نەتەوەی تری بردووە یەکێکیان کورد بووە!
ئەوانیش: ڕۆم و فارس و حەبەشی و کورد بوون کە چوار هاوەڵی پێغەمبەر نوێنەرایەتی ئەم چوار نەتەوەیان کردووە؛ سوهەیبی ڕۆمی و سەلمانی فارسی و بیلالی حەبەشی و جابانی کوردی!
ماشتۆتس وایکرد تەنها ٣ملیۆن ئەرمەنی ئێستا خاوەنی مێژوویەکی دیاری بەر لە ئیسلام و دەوڵەتە بچکۆلەیەکن بۆ خۆیان. بەڵام ٧٠ملیۆن کورد خاوەنی مێژوویەکی نادیارن و بێ دەوڵەتن!
هەر بۆیە میوانی دوێنێ، ئەمڕۆ بە خانەخۆێ دەڵێ قەرەج!