تەنها لە یەک هەفتەدا سەرۆکی چین میوانداری هەر یەکە لە سەرۆکی ئەمەریکا و ڕوسیای کرد .
دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە سەردانەکەی بۆ وڵاتی چین هیچ پەیماننامەیەکی سیاسی و بازرگانی لە گەڵ شی چین بینگ واژۆ نەکرد بە ئاشکرا و پێدەچێ تڕەمپ نەیتوانی بێ سەرۆکی چین ڕازی بکات کە ئێران بە مەرجەکانی تڕەمپ ڕازی بێ و کۆتایی بەو شەڕەی نێوان ئێران و ئەمەریکا بهێنێ ، تەنها ئەوەندە نەبێ کە ڕاگەیەندرا چین ڕازی نیە ئێران دەست بە سەر گەروی هورمزدا بگرێ و هورمز ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیە نابێ لە لایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ .
هەروەها پێناچێ ئەمەریکا و چین لە سەر کێشە زۆرەکانی نێوانیشیان هیچ ڕێککەوتنێکی کۆنکریتیان ئەنجام دابێت لەوانە ڕێڕەوە ئاویەکانی خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و کێشەی تایوان و پیشەسازیە ئیستراتیجیە گەورەکان و پێداویستیە تەکنەلۆجیەکانی سەردەمیش ، چونکە شی چین پێداگر بوە لە سەر جیهانێکی چەند جەمسەری .
بەڵام لە سەردانەکەی پۆتین ٤٠ ڕێککەوتنی بازرگانی و پیشەسازی و سەربازی ئیمزایان لە سەر کرا و بڕیاردرا لە مامەڵە بازرگانیەکانی نێوانیان بە یوانی چینی و ڕوبڵی ڕوسی ئەنجام بدرێ و گەیاندنی بۆڕی غازی ڕوسیا چین خێراتر بکرێ .
دەربارەی شەڕی ئێران و ئەمەریکاش فلادمێر پۆتین ئاشکرای کرد کە ئێمە پشتمان لە ئێران نەکردوە ، لەو ماوەیەی کە ئەو شەڕە هەڵگیرساوە یارمەتی سەربازی و هەواڵگری زۆری ئێرانیشمان کردوە و بەردەوامیشین لە یارمەتیدانیان .
لە دیدارەکەی نێوان سەرۆکی چین و ڕوسیاشدا هەر دوو لا پێداگر بوون کە دەبێ ئەمەریکا و ئێرانیش گەمارۆی دەریایی لە سەر گەروی هورمز هەڵبگرن و کەشتیە بازرگانیەکان بە ئازادانە هاتوچۆ بکەن .
شایانی باسە هێزەکانی سینتکۆمی سەر بە ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە ڕێگریان لێکراوە و سەر بە ئێرانن گەیشتۆتە ۹۲ کەشتی بازرگانی و هەڵگری نەوت و غازی ئێرانی .
لە بەرامبەریشدا ئێران ڕایگەیاند کە لە ۲٤ کاتژمێری ڕابردو ۲٦ کەشتی گەروی هورمزیان تێپەڕاندوە و ئەمەریکیەکانیش دەڵێن زۆربەی ئەو کەشتیانە چینی و ڕوسی بوونە و تا ئێستا نازاندرێ کە بە چ شێوازێک سەرانە لەو کەشتیە دەرباز بوانە وەردەگیرێ .
لە ئێستادا نامە گۆڕینەوەیەکی زۆر لە ڕێی پاکستانەوە لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەیە ، بەڵام ئەوەی لە میدیا جیهانیەکاندا دزەی پێدەکرێ ، هیچ جێی دڵخۆشی نیە و هەر دوو لا لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن . بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستانیش بگاتە تارانی پایتەخت و لە گەڵ هاوتا پاکستانیەکەی ( وەزیری ناوخۆی پاکستان ) بتوانن بڕوای زیاتر بە ئێران بهێنن و درێژە بە گفتوگۆیەکان بدەن .
بە گوێرەی هەواڵە میدیاییەکانی ڕۆژئاواش بێ ، تا ئێستا ٤٠ دەوڵەت ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ناردنی هێزی دەریایی بۆ ناوچەکە بەو مەرجەی یا ئێران گەروەکە بکاتەوە یان دوای ئەوەی ئەمەریکا بەزەبری هێز گەروەکەی کردەوە ، ئەو دەوڵەتانە پارێزگاری لە گەروەکە بکەن و ئەو مینانە پوچەڵ بکەنەوە کە سوپای پاسداران چاندویەتی لە ناو گەروەکە .
دوێنێ زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە دوور نیە سوپای ڕوسیا بە هەماهەنگی وڵاتی بیلا ڕوسیا لە باکورەوە هێرش نەکەنە سەر ئۆکرانیا . ئەو هەواڵە وایکردوە کە دەوڵەتانی ناتۆ لە ئەوروپا بە خۆ بکەون و ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە دژی ئەو دەنگۆیانە و ڕێگری بکەن کە ڕوسیا ئەو پەلامارە ئەنجامبدات ، بەو پێیەی کە ئۆکرانیا بەربژێرە بۆ بوون بە ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا .
هەر بۆ ئەو مەبەستەشە بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەری تڕەمپ بە پەلە بگاتە مۆسکۆ .
بە بڕوای من ئێران گەروی هورمز دەکاتەوە و هاتوچۆی کەشتیەکان تا ڕاددەیەک ئازاد دەکرێ ، بەومەرجەی لە ماوەی یەک مانگدا کێشەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و ئێران دەستبەرداری ببێت .
لێرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەگەری دوبارە بونەوەی شەڕ بەرەو لاوازی دەچێ ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ، بەو واتایەی تا دوای کۆتایی هاتنی یاریەکانی جامی جیهانی تۆپی پێ .
بەڵام بە هۆی عینادی ئێران لە سەر یۆرانیۆمەکەی و لێدانی گورزێکی خێرا هەر هەیە و تا ئێستا ئەو ترسە لە سەروی هەموو ئەگەرەکانیشدایە .
هەموو ئەو هەواڵانەی کە دوێنێ دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی بنیامین ناتانیاهۆ و دۆناڵد تڕەمپ بڵاوبونەوە کە گوایە دوای پەیوەندیەکە ناتانیاهۆ توڕە بوونی پێوە دیار بووە لە سەر دواکەوتنی لێدانێکی سەربازی دژی ئێران دوورن لە ڕاستیەوە،
چونکە چەند کاتژمێرێک بەر لەو لێدوانە ئەردۆگانیش پەیوەندی بە تڕەمپەوە کردوە ، هیچ دوور نیە لە سەر گرتن و دەست بەسەرداگرتن و ئیهانە کردنی ئەو تورکانە نە بووبێ کە ویستویانە یارمەتی مرۆیی بگەیەننە کەرتی غەززە و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بۆ خۆی بەشدار بووە لەو سوکایەتی کردنە .