جینۆسایدێکی هێشتا لای ئێمە نەناسراو
ئەمڕۆ ١٩/مای، ساڵیادی جینۆسایدیی یۆنانیەکانە لە تورکیا، بە دەستی سپای ئەتاتورک.
لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، زۆربەی جاران، ئاماژە بە کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدیی ئەرمەنییەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانیی و دواتر کوشتوبڕی دەیان هەزار سریانیی لەو وڵاتە کراوە و کەمتر لەسەر کۆمەڵکوژی یۆنانیانمان بیستووە.
ژمارەی ئەو یۆنانیانەی کە لەو پاکتاوە نەژادییەدا، سەریان تێچوو، بە (٢) دوو ملیۆن کەس دادەندرێن. واتا قوربانییەکانیان، لە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان زۆرتر بوون.
هاوکات جیاوازییەکی زۆت لە نێوانیاندا هەبوو. یۆنانیەکان کەسانی بێ وەی و ئیشکەر و دوورە شەڕ بوون، بە پێچەوانەی ئەرمەنەکان، کە لە هەموو شەڕەکانی ڕووس و عوسمانی، خۆبەخشانە، بە پێش سپای ڕووس دەکەوتن و کۆمەڵکوژیی خەڵکی شار و گوندەکانی سەر سنوریان دەکرد.
چەندان شاری گەورەی یۆنانی، وەک ئیزمیر (ناوە یۆنانیەکەی سیمیرنا بوو) و ئەنتاکیە، ئەمڕۆ هیچ یۆنانیەکیان تێدا نەماوە. یۆنانیە پۆنتوسەکانی کەنار دەریای ڕەشیش، کە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی بوون، دانە دانەیان دەرباز بوون. ژمارەیەکیان زووتر لە دەریای ڕەش پەڕینەوە و خۆیان گەیاندە نیوەدوورگەی کریم و دواتر خۆیان گەیاندە کەنارەکانی ئوکراینا و لەوێ شاری (ماریا پۆل)یان دروست کرد، تا لەم شەڕەی ئێستا شارەکە وێران بوو.
ژنێکی هاوکارم، زۆر جاران باسی داپیرەی دەکات، کە پۆنتوسی بووە و بە تەنیایی و بێکەسی گەورە بووە، دوای ئەوەی توانیویەتی لە ڕێگای بولگارستانەوە بگاتە یۆنان.
یۆنانەکان، هاوسێی وەک ڕووسیشیان لا نەبوو، تا وەک ئەرمەنان پەنای بۆ بەرن، بەڵام بەوە بەختیان هەبوو، کە لە کەناری دەریای ئیجە نزیک بوون. ژمارەیەکیان لە ئیزمیر و ئەنتاکیە، توانیان بە بەلەمی بچوک بچوک، خۆیان بگەیەننە دوورگەکانی ئیجە، بەڵام زۆریشیان لە ئاوە هار و هاجە ناسراوەکەی ئیجە خنکان.
یۆنانیە لێقەوماوەکان، وەک کوردانی دێرسیم، ئەرمەنیان، سریان و کلدانەکان، هێشتا بە دەیان چیرۆکی تراژیدیی تۆمارنەکراویان ماوە. کاتێک کە لە ڕووسیا دەمخوێند، هاوڕێیەکی کوردی خەڵکی (قامشلۆ)م لەوێ هەبوو بەناوی (فەواز)، کە بۆمی گێڕایەوە، ماڵباتێکی یۆنانیی خەڵکی ئەنتاکییە، دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی، پەرتەوازەی ناو کوردان بوون و کەوتنە قامشلو. ئەوان لەو شارە، وەک خەڵکەکە بە کوردیی دەدوان. دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، توانیان هەندێک لە خزمەکانیان لە یۆنان بدۆزنەوە و بۆ ئەوێ باریان کرد.
ئەدەبی هاوچەرخی گرێکی، بە دەیان شاکاری لەسەر ئەم کۆمەڵکوژیە ئافراندووە، کە بە داخەوە زمانی کوردیی، هێشتا لێیان بێبەشە.