لەو ڕۆژانەی دوایی‌دا، کە جارێکی دیکە ئاڵۆزی و گرژییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا بەرز بوونەتەوە و بابەتی سنوورەکان، سەرچاوە سروشتییەکان و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم بوونەتە ناوەندی ناکۆکی و فشار، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکڕیزی و هاوپشتیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیە.

ئەوەی پارتی و یەکێتی، لەگەڵ هەموو ئەو ناکۆکییە قووڵە سیاسی و بەڕێوەبەرییانەی لەنێوانیاندا هەیە، لە بەرەنگاربوونەوەی بۆچوونەکانی بەغدا و پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کوردستاندا گەیشتوونەتە بۆچوونێکی هاوبەش، هەنگاوێکی گرنگە.

ئەم یەکڕیزییە دەبێت بە هیوای باشەوە سەیر بکرێت؛ چونکە ئەو مافانەی بە خەبات و قوربانیدان و خوێنی پێشمەرگە بەدەست هاتوون، نابێت بە چەند فەرمانێکی حکومەتی و فشارێکی سیاسی و بڕیارێکی تاکلایەنە لەناو ببرێن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاستییەکیش نابێت لەبیر بکەین: 

یەکڕیزی بۆ بەرگری لە کوردستان بە مانای لەبیرکردنی ناکۆکییەکان، کێشە چەندساڵەکانی دەسەڵات و جیاوازییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی نییە؛ بەڵکو واتە دواخستنی ناکۆکییەکانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکی گەورەتر، کە چارەنووسی نەتەوەکەمانە.

بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەم یەکڕیزییە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا سەرکردایەتیی کوردستان لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وانەی وەرگرتووە؟

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، کە ئێستا نەوی نوێشیان پێ زیاد بووە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرن و بە چەند ڕاگەیاندنێکی هاوبەش ناتوانرێت بیانشارنەوە. ناکۆکی لەسەر دەسەڵات، داهات، بەڕێوەبردنی ناوچەکان و تەنانەت پەیوەندییە دەرەکییەکان، ساڵانێکە زیانی بە پێکهاتەی سیاسیی کوردستان گەیاندووە.

بەڵام ئەمڕۆ کاتی ناکۆکیی حیزبی و حسابکردنەوەی سیاسیی نێوانمان نییە؛ جا ئەگەر لە ڕووی دڵسۆزییەوە بێت یان بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات. ئەمڕۆ دەبێت هەموومان ڕێگری لە مەترسییە گەورەترەکە بکەین.

بەڵام دواخستنی ناکۆکییەکان بە مانای لەبیرکردنیان نییە. دوای تێپەڕبوون لەم قەیرانە، دەبێت بە ڕوونی و بەرپرسیارییەوە هەموو ئەو کێشانە بخەینە بەر لێپرسینەوە. نابێت یەکڕیزیی نەتەوەیی ببێتە پەردەیەک بۆ بەردەوامبوونی تاکڕەویی، گەندەڵی و بێ‌وەڵامدانەوە لە هەڵەکانی ڕابردوو.

 بەڵام ئاگادارکردنەوەیەکی جدیم هەیە کە ڕاستەوخۆ ئاراستەی سەرکردایەتیی پارتی و بە تایبەتی بڕیاردەرانی ئەو حیزبە دەکەم: پارتی نابێت جارێکی دیکە بەبێ ستراتیژی بچێتە ناو شەڕێک. ئەگەر ئەم گرژییانە بگەنە ئاستی شەڕی سەربازی، نابێت جارێکی دیکە تووشی بڕیاری بەپەلە و هەڵچوونەوەی سۆزداری ببین. ئەوەی دوێنێ لە میدیاکاندا دەمانبینی، هەندێک کەس بوونە دروشم‌دەری پشت شاشە و بە بڕیاری توندی مەسرور بارزانی خۆشحاڵ بوون. بەڵام مێژووی کوردستان پڕە لە ئەزموونی تاڵ؛ ئەو کاتانەی گەنج و پێشمەرگە بە بوێری چوونەتە مەیدان و گیان و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون، هەڵەی حیساباتی سیاسی و پاشەکشەکردنەکانی دواتر، نرخی قورس و زیانی گەورەیان داوە.

 شکستی ١٥ی ئۆکتۆبەر و پاشەکشەکردنی پێشمەرگە بە فەرمانی مەسعود بارزانی، هەروەها چۆڵکردنی شەنگاڵ، دەبێت ببنە وانەیەکی مێژوویی. نابێت بۆ دەربازبوون لە لێپرسینەوەی ڕاستەقینە، شەڕێکی ساختە و بێ‌ئامانج هاوشیوەی پردێ دروست بکرێت و کوڕانی خەڵک لەو شەڕەدا بکوژرێن، تەنها بۆ ئەوەی چاوی خەڵک بخەڵەتێنرێت و هەڵەکانی ڕابردوو بشاردرێنەوە.

 پارتی نابێت جارێکی دیکە بەبێ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی سیاسی، سەربازی و جوگرافیاییی شەڕێک، پێشەنگایەتیی شەڕێک بکات کە کۆتاییەکەی لە سەرەتاوە ڕوون بەسەرکردایەتی ئەوان.

 بوێری تەنها لە شەڕکردندا نییە؛ هەندێک جار گەورەترین بوێری ئەوەیە ڕێگری لە شەڕێک بکەیت کە هیچ ئەنجامێکی جگە لە قوربانیکردنی گەنجانی کوردی لێ ناکەوێتەوە.

نابێت ڕێگە بدرێت تووڕەیی، شانازیی حیزبی یان بڕیاری تاکەکەسی جێگای عەقڵی سیاسی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بگرێتەوە.

پێش هەر بڕیارێکی سەربازی، دەبێت ئەمانە ڕوون بن:

 - ئامانجی شەڕەکە چییە؟

- توانای سەربازی و ئیمکاناتەکانمان چەندە؟

- پشتگیریی سیاسی لە کوێوە دابین دەکرێت؟

- لە هەمووی گرنگتر، دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، چ پلانێکمان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان؟

 

نابێت جارێکی دیکە مێژوو دووبارە بێتەوە؛ گەنجان قوربانی بدرێن، ماڵ و ژیان وێران بکرێت، دەستکەوتەکان لەدەست بچن و پاش ماوەیەک هەمان سەرکردەکان لە پشت مێزی دانیشتن دابنیشن و لەسەر پاشەکشە و ڕێککەوتن بڕیار بدەن.

 

کوردستان تەنها ئەو سنوورانە نییە کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدان، کێشەکە تەنها چەند پاسگایەکی سنووری یان چەند کێڵگەیەکی نەوت نییە. کاتێک باس لە تەواوی خاکی کوردستان دەکەین، نابێت تەنها چاوەڕوانییەکانمان لە چوارچێوەی سنوورە ئیدارییەکانی ئێستای هەرێمدا قەتیس بکەین. شەڕێ ئەمجارە دەبێت چارەنووسی ئەو ناوچانەیە کە بەشێکی گرنگی مێژوو، ناسنامە و جوگرافیای کوردستان پێک دەهێنن. لە مەخموور و کەرکووکەوە تا شێخان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، خەڵکێکی لێ دەژین کە چارەنووسی سیاسی و جوگرافیاییان هێشتا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەگوێرەی دەستووری عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

ئەگەر دەچنە ناو شەڕەوە، با هەموومان بۆ بەرگری لە ماف و جوگرافیای کوردستان تێبکۆشین، نەک تەنها بۆ پاراستنی چەند هێڵێکی سنووریی ئێستا کە لەوانەیە زیاتر بەرژەوەندیی بنەماڵەیەک بپارێزێت تا بەرژەوەندیی نەتەوەیی.

ئامانجی ئەو بەرگرییە دەبێت پاراستنی مافی هەموو خەڵکی کوردستان و ئەو خاکە بێت کە مێژوو و ناسنامەی ئەم نەتەوەیەی پێوە بەستراوەتەوە؛ کوردستانێک کە شێخان و کەرکووک و شەنگاڵ و مەخمووریش بەشێکی دانەبڕاو لە جوگرافیا و چارەنووسی بن.

 

ئەمەش بە مانای هاوشێوەی مەسرور بارزانی  بانگەواز بۆ شەڕ نییە؛ بەڵکو ئەو ڕاستییەیە کە هیچ چارەسەرێکی بەردەوام ناتوانێت مافی خەڵکی ئەو ناوچانە پشتگوێ بخات. چارەنووسی ئەم ناوچانە دەبێت بەگوێرەی ویستی ئازادانەی خەڵک و چارەسەرێکی سیاسیی دادپەروەرانە دیاری بکرێت.

 

ئەگەر ناتوانن بە ستراتیژی و پلانێکی ڕوون بەرگری لە ماف و خاکی کوردستان بکەن، ئەوا بچنە گفتوگۆ و بەخۆتاندا بچنەوە؛ بۆ ئەوەی ئەو قاچاخ و دزی و گەندەڵییەی لە هەردوو زۆنەکەدا هەیە ڕابگیرێت.

 

فیدراڵیزم بە مانای دابەشکردنی عێراق نییە؛ هەروەها پاراستنی یەکپارچەیی عێراقیش بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی کوردستان نییە.

 

بەغدا مافی نییە بە بیانووی جێبەجێکردنی یاسا، دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم لاواز بکات. شەڕکردن دژی قاچاخ و گەندەڵی ئەرکی حکومەتە، بەڵام ئەم ئەرکە نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ تێکدانی پێکهاتەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.

 

لە بەرامبەردا، سەرکردایەتیی کوردستانیش دەبێت بزانێت کە یەکڕیزیی ڕاستەقینە تەنها بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی هاوبەش دروست نابێت. ئەم یەکڕیزییە دەبێت لە کرداردا، لە بەڕێوەبردنی هاوبەشی قەیرانەکاندا، لە بڕیاردانی نەتەوەییدا و لە بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا خۆی نیشان بدات.

 

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیان بە سەرکردەیە کە پێش بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی حیزبی خۆی، بیر لە چارەنووسی نەوەی داهاتوو بکاتەوە.

 

نابێت جارێکی دیکە مێژوو دووبارە بێتەوە؛ گەنجان قوربانی بکرێن و دەستکەوتەکان لەدەست بچن و دوای ماوەیەک هەمان سەرکردەکان لە پشت مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لەسەر پاشەکشە و ڕێککەوتن بڕیار بدەن. بیە دەبێ بزانن کوردستان نە موڵکی حیزبێکە، نە موڵکی خێزانێک و نە مەیدانی تاقیکردنەوەی بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردەکانە. کوردستان ماڵی گەلێکە. هەر بریارێک بدرێت دەبێ لەبەرژەوەندی گشتتی بێت.

 

پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ دەبێت لە تەنیشت یەکتر بوەستن؛ بەڵام نە بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی بێ‌حیساب، بەڵکو بۆ بەرگرییەکی وشیارانە، یەکگرتووانە و بەرپرسیارانە لە مافەکانی کوردستان. کوردستان نەبێتە هەڵەکانی ئەمڕۆیان.