یەکەم: لە سەروبەندی ناشتنی شەهید غەزاڵ لە بەهاری ئەمساڵ، خەڵک و بەشێک لە چاودێران گلەیی ئەوەیانکرد کە کات و شوێنی ناشتنەکەمان ئاشکرا نەکرد و ئەگینا خەڵکی زۆر دەهاتن، بەڵام بۆ ناشتنی گیانی نۆ شەهید، کات و شوێنمان دیاری کرد و پێشتر ڕامانگەیاند و هەر ئەوانەی گلەییان دەکرد نەهاتن و دووبارە خۆمان بەو ئەرکە هەستاین و شەهیدەکانمان ئەسپەردەی خاک کرد.
دووەم: پێش ڕاپەڕین، ڕۆژهەڵات هەمیشە ماڵ و لانەی هێزە کوردییەکان بوو. لە دوای هەرەسی خەباتی چەکداری، شارە کوردییەکان و دەرگای ماڵەکان بۆ هێزە کوردییەکان کراوەبوو. نەهاتنی بەرپرسان و تەنانەت نەنوسینی پرسەیەکی درۆزنانەش، ڕوخساری بێوەفایی بەرپرسان و حزبە کوردییەکانی باشوور دەردەخات.
سێیەم: هێزەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن یان لە ترسی ئێران، یان وەک هاوسۆزێک بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، کەسیان ئامادە نەبوون تەرمی پیرۆزی ئەم شەهیدە نازدار و ئەم گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەی ڕۆژهەڵات بنێژین. تەنانەت نەیانوێرا لە میدیاکانیشیانەوە باسی بکەن یان هاوخەمییەک دەربڕن و هەندێکیان سەرقاڵی یارییەکانی جامی جیهانی بوون.
چوارەم: میدیا زەبەلاحەکانی کوردستان کە ئەگەر کچە مۆدێلێک سەرسمێک بدات دەیان مایک دەخەنە بەردەمی، کەچی لەئاست ئەم شەهیدانە و لەبەردەم فرمێسک و هاواری دایک و خوشک و کەسوکاری شەهیدەکاندا کامێراکانیان کوژاندەوە و توخنی گۆڕستان نەکەوتن.
پێنجەم: بەشێک لە میدیا سێبەرەکان خۆیان لێ بێدەنگ کرد و ڕووداوەکەیان بە هەند وەرنەگرت و لەجیاتی گواستنەوەی رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی شەهیدان، لێکدا لێکلدا وێنەی یارییەکانی جامی جیهانییان دەگواستەوە، ئەمەش بۆ لەبیربردنەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە.
شەشەم: زۆرێک لە نوسەران و ڕۆشنبیران و کارەکتەری سیاسی سەربەخۆ کە لەماڵەکانیان دانیشتوون و بۆ ڕۆژئاوا دەهاتنە سەرشەقام، بەڵام لە ئاست گیانی ٩ شەهیدی نازداری ڕۆژهەڵات گوێی خۆیان لێ خەواند و ڕووداوەکەیان بە هەند وەرنەگرت.
حەوتەم: خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی هاوزمان و هاوخوێن و هاومرۆڤایەتی، خەباتێکی تەواو ڕەوایە و ئەرکی هەموو کوردێکە لە هەرسوچێکی دنیادابێت، پشتیوانییان بکات و ئەوەی بۆ شەهید غەزاڵ و ٩ شەهیدەکەی کۆمەڵە و کۆی شەهیدانی ڕۆژهەڵات ئەنجامدرا، نەک هەر منەت نییە، بەڵکو ئەرکی نیشتیمانی و ئینسانی هەمووانە و دەبێت لەم دەستگرتن و هاوسۆزی و فرمیسکسڕینی دایکی شەهیدان بەردەوام بین، بە ئومێدی دنیایەکی باشتر و نیشتیمانێکی ئازاد و ژیانێک بۆ گەنجەکانمان بەوپەڕی ئازادی و کەرامەتەوە.