ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕژێمی تێرۆریستی ئێران دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی بە ناوەکانی محەممەد ئیمانی و ئەسەد عەلیجانی جێبەجێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئەم دوو کەسە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای ٢٠٢٦) لە بەندیخانەی ناوەندی شاری شیروان لە پارێزگای خوراسانی باکوور بە سێدارە دراون.

محەممەد ئیمانی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئەسەد عەلیجانی تەمەن ٣٣ ساڵ، پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای خوراسانی باکوورەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەد ئیمانی ساڵی ٢٧٢٣ و ئەسەد عەلیجانی ساڵی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران و ناوەندە دادوەرییەکانی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو کەسەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

هەنگاو ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە کە هەواڵەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و هەموو ئێران ڕووماڵ دەکات.