هێرشی ئەمڕۆ بە دوو درۆنی ئێرانیی «حەدید ۱۱۰» بۆ سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی پاراستن لە پیرمام، ئیتر «ڕووداوێکی گوماناوی» نییە!!! هێرشێکە کە بەرپرسانی هەرێم ئێرانیان وەک سەرچاوەکەی ڕاگەیاندووە.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بو ئەم ئامانجانە؟ و بو ئێستا؟ تاران ساڵانێکە هەولێر بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئەمریکا، چالاکی گرووپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و پێگەی سیاسیی هەرێم لە ناوچەکەدا خستووەتە ژێر فشارەوە، بەڵام ئەم هێرشە توێژێکی سیاسیی گرنگتریشی هەیە.

تەنها ڕۆژێک پێش هێرشەکە، ڕاپۆرتێک بڵاوبووەوە کە دەریخست نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی کەناڵێکی نهێنییەوە نێوەندگیر و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و فەرماندەیی سوپای پاسداران بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە واشنتۆن بۆ دڵنیابوونەوە لە هەڵوێستی ڕاستەقینەی سوپای پاسداران سەبارەت بە دانوستانەکان داوای یارمەتی لە نێچیرڤان بارزانی کردبوو کە بە ئەندازیاری ئاشتی ناسراوە.

لێرەدایە کە سیناریۆیەکی زۆر گرنگ شێوە دەگرێت: ئایا بەشێک لە سوپای پاسداران کە لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناڕازییە بە هێرشکردنە سەر هەولێر پەیامی بۆ بارزانی ناردووە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت ئامانجەکە تەنها باڵەخانەی نوسینگەی سەروک وەزیران مەسرور بارزانی یان ماڵی سەروکی ئاژانسی پاراستنی هەرێم نەبووە!!! ئامانجەکە ڕۆڵی سیاسیی بارزانی و کەناڵی پەیوەندیی تاران- واشنتۆنیش بووە.

 

پەیامەکە دەکرێت زۆر سادە بێت: « خوتان لە دۆسیەی ئەمریکا و ئێران نیزیک مەکەن! و ئەگەر دەستتێوەردان بکەن! باجەکەی دەدەن.»

بەپێی زانیارییەکان هێشتا بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە کە بسەلمێنێت هێرشەکە بە بڕیاری باڵێک لە سوپای پاسداران و بەدیاریکراوی بەهۆی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانییەوە ئەنجام درابێت. بەڵام کاتی هێرشەکە و ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بە کەناڵە نهێنییەکە ئەم گریمانەیە دەکاتە یەکێک لە گرنگترین سیناریۆ سیاسییەکانی دۆسیەکە. لە لایەکی ترەوە، هێرشکردنە سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و ماڵی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی هەرێم ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران ویستوویەتی توانای دەستڕاگەیشتنی خۆی بۆ هەستیارترین خاڵە سیاسی و ئەمنییەکانی هەولێر نیشان بدات.

ئەمە تەنها هەرەشەی سەربازی نییە؛ تۆقاندنی سیاسییە. تاران بەم هێرشە بە یەک کات سێ پەیام دەنێرێت:

بۆ هەولێر: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەمریکا باجی هەیە.

بۆ واشنتۆن: بنکە و هاوپەیمانەکانتان لە هەولێر پارێزراو نین.

بۆ نێوەندگیرەکانی وەک بارزانی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت نیزیکتان بکاتەوە لە زۆنی مەترسی!

بەڵام ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەلەیەکی گەورەی تێدایە: هەرچەندە کۆماری ئیسلامی زیاتر هێرش بکاتە سەر هەولێر، هەرێم زیاتر لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نزیک دەبێتەوە.

بۆیە ئەگەر ئامانجی تاران ترساندنی هەولێر یان ڕاگرتنی کەناڵە دیپلۆماسییەکەی بارزانی بووبێت دەکرێت ئەنجامەکەی بەتەواوی پێچەوانە دەربکەوێتەوە.

«حەدید ۱۱۰» تەنها هێرش بو لەسەر باڵەخانەیەک نەبوو! دەکرێت هێرش لە پرۆسەیەکی سیاسی کردبێت. پرۆسەیەک کە تێیدا نێچیرڤان بارزانی هەوڵی دەدا کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان واشنتۆن و تاران دروست بکات. و ئەگەر ڕۆژێک بسەلمێنرێت کە ئەم هێرشە بەڕاستی پەرچەکرداری بەشێک لە سوپای پاسداران بووە بەرامبەر بەم ڕۆڵەی نێچیرڤان بارزانی، کەواتە چیرۆکەکە زۆر گەورەتر لە هێرشێکی درۆنی و ئەمە دەکرێت نموونەیەکی ڕوون بێت کە لە کۆماری ئیسلامیدا، چەک بەسەر دیپلۆماسیدا زاڵ بووە.

هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەولێر، زیاتر لەوەی هێزی تاران نیشان بدات، دەستەوەستانی دەسەڵاتێک لە بەرامبەر ئیرادەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بارزانی ئاشکرا دەکات.

مەسرور بارزانی بە خۆڕاگریی خۆی نیشانی دا کە هەولێر بە درۆن و هەڕەشە کۆڵ نادات.
تاران دەتوانێت درۆن بنێرێت، بەڵام ناتوانێت ئیرادەی هەولێر بپێکێت. هەرێمی کوردستان وەستاوە و هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هوی ئەوەی کە بڕیار و ئیرادەی هەرێمی کوردستان قووڵتر و بەهێزتر ببێت.