پێشەکی
                                                                                                     

بۆکان یەکێکە لە شارە گرنگ و ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ؛ شارێک کە مێژووی لەگەڵ خاک و کەلتوور و ژیانی کوردەواری تێکەڵ بووە. ئەم شارە لە باشووری دەریاچەی ورمێ و لەسەر کەناری ڕووباری سیمینەڕوود هەڵکەوتووە و لە مێژووی نوێی کوردستاندا شوێنێکی تایبەتی هەیە.
شارێک، کە بە مێژووی موکریان، زمان و ئەدەبی کوردی، هونەر و گۆرانی، ڕاپەڕین و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەوە گرێدراوە. لە شوێنە کۆنەکانی دەوروبەری شارەکە تا چاپخانە و پەرتووک و گۆرانییەکانی سەدەی بیستەم، بۆکان بەردەوام بەشێک بووە لە چیرۆکی گەشە و خۆڕاگریی کورد.
بۆکان لە ئاوێنەی مێژوودا
بۆکان تەنها ناوی شارێک نییە؛ ناوێکە کە لە پشت هەر بەرد و گرد و دۆڵێکیدا، چیرۆکێکی کۆن لە مێژووی ئەم خاکە شاردراوەتەوە. ئەگەر بە چاوی مێژووناس و بە هەستی خۆشەویستییەوە کە تامەزرۆم جارێکی دیکە بگەرێمەوە زەیدەکم سەیری ئەم ناوچەیە بکەین، دەبینین کە بۆکان لەسەر زەوێک دامەزراوە کە پێش سەدان و هەزاران ساڵ شوێنی ژیان و شارستانی بووە.
بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە مێژووی حکومەتەکانی لۆلۆییەکان و گۆتییەکان و قەومە کۆنەکانی ئەم ناوچەیە، هەروەها بە پشکنین و دۆزینەوە شوێنەوارکان، دەکرێت بەشێک لە ڕابردووی پڕ لە نهێنیی ئەم خاکە بخوێنینەوە.
یەکێک لە گرنگترین بەڵگە شوێنەوارییەکانی ناوچەکە، بەردنووسی قەڵایچییە؛ بەڵگەیەکی مێژوویی کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ناساندنی شارستانییەتی کۆنی ناوچەکە. مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ سەدەکانی پێش زایین دەگەڕێتەوە و نیشانەکانی ژیان، هونەر، زمان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆن لە خۆیدا هەڵگرتووە.
لە دەوروبەری بۆکانیش، شوێنەوار و قەڵاکۆنەکانی گوندەکانی ئاغجێوان و ئەربەنووسی بەڵگەی تری ئەو ڕاستییەن کە ئەم ناوچەیە تەنها ناوچەیەکی سروشتی نەبووە، بەڵکوو لە سەردەمە کۆنەکاندا شوێنی ژیان و دامەزراندنی کۆمەڵگە و شارستانی بووە.
هەر بەردێک لەم خاکە، ئەگەر بتوانێت قسە بکات، دەکرێت چیرۆکی نەوەیەکمان بۆ بگێڕێتەوە؛ چیرۆکی ئەوانەی کە لەم دۆڵ و شاخانە ژیاون، کار و ژیانیان کردووە، قەڵایان بنیاد ناوە و نیشانەی ژیانیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێهێشتووە.
لەبەر ئەوە، بۆکان بۆ ئێمە تەنها شارێکی ئەمڕۆ نییە؛ بۆکان پەڕەیەکە لە کتێبی گەورەی مێژووی کوردستان. ناسین و پاراستنی شوێنەوارەکانی، تەنها پاراستنی بەرد و خشت و قەڵا نییە؛ پاراستنی بیرەوەری، ناسنامە و بەشێکە لە مێژووی ئەو خاکەی کە نەوەکانمان لەسەری ژیاون.
بۆکان دەبێت بخوێنرێتەوە؛ چونکە هەر بەشێکی لە خاکەکەی، پەیامێکە لە سەردەمێکی کۆن بۆ ئەمڕۆ.
ناوچەی بۆکان یەکێکە لە ناوچە مێژووییەکان. بەڵگە و شوێنەوارە دۆزراوەکان لە دەوروبەری بۆکان بەڵگەن، لە ژیانی مرۆڤ لەم ناوچەیە لە هەزارەی پێنجەمی پێش زایینەوە هەبووە. لە نێوان گرنگترین شوێنە مێژووییەکانی ناوچەکەش گردی دێرینی قەڵایچی "تپەی قلایچییە"، کە بە شوێنێکی گرنگی سەردەمی بەردین و شارستانیی ماناکانە.
گردی دێرینی قەڵایچی کە بە تەپەی قەلایچی ناسراوە، بە دووری ١٥ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی بوکان لە گوندێکی بە هەمان ناو "قەلایچی" هەڵکەوتووە. بەپێی لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵینەکان کە لەم گردە مێژووییە ئەنجام دراون، شوێنەوارەکانی هەزارەی یەکەمی پێش زایین دۆزراونەتەوە. خشتی شێوە خاچ و نەخشێنراو لە یەکەم شوێنەوارە کە لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە. لەو هەڵکۆڵینانەی کە دووبارە ئەنجامدرانەوە، شوێنەوارەکانی وەک پەرستگای ناوەندی تاوەرەکان، دیوارەکانی، حەوشەیەکی بەردرێژ کراو، پلیکانەکانی بەستراو بە حەوشەکەوە، چەند ژوورێک نەخشینراو بە تابلۆی ڕەش و شین  و خشتەکانی هەڵکەندراو بە تەوەری مرۆڤ و ئەندازەیی و ڕووەکی دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەگەری زۆرە ئەم کۆمەڵگەیە سەر بە سەردەمی حوکمڕانی "مانا" بێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ناوچەیە شاری زیرتو یان ئیسێرتوو بووبێت کە پایتەختی مانایەکان بووە. بە هۆی بەرزی بەهای مێژوویی، گردی قەلەیچی دێرین لە ٨ی گوڵانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە ژمارەی تۆماری ٣٨٢٣، وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری بوکان، لە لیستی شوێنەوارە نەتەوەییەکان لە ئێراندا تۆمار کراوە.
تپەی قلایچی، کە لە نزیکەی ٩ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای بۆکانە، بە دۆزینەوەی خشتە نەخشداروەکان و نووسینێکی ئارامیی ١٣ هێڵی، گرنگییەکی تایبەتی بۆ مێژووی ناوچەکە هەیە. هەندێک لەم بەڵگە مێژووییانە لە ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٥ بەهۆی هەڵکەندنی نایاسایی و قاچاخی شوێنەوارەکان زیانیان پێگەیشت، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ کۆڵینەوەی زانستی لە شوێنەکە دەستی پێکرد.
ئەم شوێنەوارانە نیشان دەدەن کە مێژووی بۆکان بە سەدەکانی نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵی رابردوو سنووردار نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەندها هەزاران ساڵ پێش ئێستا.
بۆکان و موکریان
 ناوچەیەک کە لە مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە یەکێک لە ناوچە گرنگە کوردنشینەکان ناسراوە.
موکریان تەنها ناوچەیەکی جوگرافی نەبوو، بەڵکو ناوچەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە خێزان و سەرکردە کوردەکان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا ڕۆڵیان هەبوو. لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی موکریان، هێز و کاریگەری خێزانە کوردییە ناوخۆییەکان زیاتر بوو.
بۆکان لە سەردەمی قاجاردا بە تایبەتی بەهۆی نیشتەجێبوون و کاریگەریی سەردار عەزیزخان موکری و خێزانەکەیەوە گرنگییەکی زیاتر بەدەستهێنا و بوو بە ناوەندییەکی گرنگی بەڕێوەبردن و ژیان لە ناوچەکە.
قەڵای سەردار؛ نیشانەیەکی مێژوویی بۆکان
یەکێکی دیکەی لە ناسراوترین شوێنە مێژووییەکانی بۆکان قەڵای سەردارە؛ قەڵایەک کە بە سەردار عەزیزخان موکری پەیوەندیدارە.
عەزیزخان موکری کوڕی محەممەدسوڵتانی موکرییە کە ڵە ساڵی ١٧٩٢ زاینی لە گوندی نستانی سەر بە سەردەشت لە دایک بووە، لە بیست ساڵاندا لە گەڵ فەڕوخانی برازای بە سەفەرێک لە تەورێز ھاتۆن بو شاری بۆکان  و چەند ڕۆژ ماوەتەوە. لە سەرتای ھاتنی بۆ نێو کاروباری دەوڵەتی لە فەوجی شەشەمی شاری تەورێز  پلەی یاوەرییان داوەتێ و دواتر بۆتە سەرھەنگ. پاشان لەگەڵ کچی ئەمیرکەبیر سەرۆک وەزیری ناسرەدین شا  زەماوەندی کردووە ولەبەر لێوەشاوەیی بۆتە وەزیری بەرگری (شەڕ) پاش تەمەنێک خزمەت بە قاجار، لە ئاکامدا ناسرەدین شا بە داوای میرزائاغاخانی نووری، سەروک وەزیرانی دوای ئەمیرکەبیر، سەرداری لەپلەی دەوڵتی لابرد و ئەویش گەڕایەوە بۆکان و دوای ماوەێک گەراوە سەر کارەکەی خۆی وەک سەرداری گشتی قاجار. لە ڕۆژی پێنج شەممە بیست ویەکی بەفرانبار ١٢٨٧ی هەتاوی (١٨٧٠ زایینی) لە تەورێز کۆچی داویی کرد ولە مقبره الشعراء ی شارەکە بە خاک سپێردرا.
قەڵای سەرداری شاری بۆکان بەفرمانی عزیزخان لە سالی ١٢٤٧ سازکەراوە.و بۆکان وەک یەکێک لە ناوەندەکانی ژیانی خێزانەکەی بوو. قەڵاکە لەسەر بەرزایییەک دروست کرابوو و لە مێژووی شاردا شوێنێکی دیاربووە. بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو بینایە مێژووییە لە سەدەی بیستەمدا لەناوچوو.
                                                                                                         سەردارعزیزخان و موزەفەردین شا
قەڵای سەردار بۆ بۆکان تەنها بینایەکی کۆن نییە؛ یادەوەرییەکی بەڵگەدارە لەو قۆناغەیەی کە بۆکان لە گوندێکی بچووکەوە بە ناوەندێکی گرنگی ناوچەکە گەشەی کرد.



مێژووی حەوزە گەورە
حەوزە گەورە یەکێکە لە کۆنترین نیشانە مێژووییەکانی ناوەندی بۆکان. بنەمای گەشەکردنی شارەکە لە دەوری کانی و حەوزەکە، قەڵای سەردار و مزگەوتی جامع پەیدا بووە. سەرچاوەیەکی شوێنەوار ناس دەڵێت کانیی «حەوزە گەورە» یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەو ناوچەیە.
لە سەردەمی قاجاردا، سەیفەدین‌خان موکری دەوری گرنگی لە دروستکردن و پەرەپێدانی بۆکان هەبووە. بە پێی چەند سەرچاوە، لە نزیک ساڵی ١٢٦٠ی هەتاوی، حەوزخانە و بازاڕی سەرپۆشکراو لە نزیکی قەڵا و مزگەوت دروست کراون.
بۆچی حەوزەکە دروست کرا؟
ئامانجی سەرەکی، دابینکردنی ئاو بوو. حەوزەکە بە کانییەکی پڕئاوەوە پەیوەندی هەبوو و ئاوەکە بۆ پێداویستییەکانی دانیشتووان و ناوچەی دەوروبەر بەکاردەهێنرا. هەروەها سیستەمێکی پەمپ‌کردنی ئاو بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ قەڵای سەردار هەبووە.
حەوزە گەورە و قەڵای سەردار زۆر لێک نزیکن. قەڵاکە لەسەر تپەیەک لە نزیکی حەوزەکە دروست کراوو و بووە ناوەندی دەسەڵاتی سەردارەکانی موکری. وێنەیەکی کۆنیش هەیە کە قەڵای سەردار و حەوزە گەورە پێکەوە پیشان دەدات.
پەیوەندی بە مزگەوتی جامع
حەوزەکە لە نزیکی مزگەوتی جامعی بۆکانە و ئەم سێ شوێنە ــ حەوزە گەورە، قەڵای سەردار و مزگەوتی جامع ــ لە مێژووی دروستبوونی ناوەندی شاردا پێکەوە گرێدراون. لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش کاتێک باس لە پاراستنی حەوزخانە کرا، بە «یەکێک لە ڕەگەزە ناسنامەییەکانی بۆکان» ناوبراوە.
لە سەدەی کۆتایی، حەوزخانەکە بە شێوەیەکی جددی لەگەڵ کێشەی پاراستن و گۆڕانکارییە شارستانییەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە. لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، هەواڵی دەستپێکردنی کاری بیناسازی لە بەشی پێشەوەی حەوزخانە بڵاوکرایەوە و کۆمەڵێک چاڵاکی بواری میراتی کەلتووری هۆشداریان دا لە زیانگەیاندن بەو شوێنە.
هەروەها لە هەمان سەردەمدا هەوڵی تۆمارکردنی حەوزەکە وەک میراتی نیشتیمانی درابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا لە سیستەمی ئاوەکەدا بەکاردەهێنرا، کێشەی یاسایی لە تۆمارکردنیدا هەبوو.
گرنگی حەوزەکە تەنها بۆ سەدەی ١٩ نییە. بەڵگە شوێنەوارناسان ئاماژە دەکەن کە کانیی حەوزە گەورە بووەتە هۆی دروستبوونی نیشتەجێبوونی مرۆیی لە ناوچەکە لە هەزاران ساڵ پێش ئێستا؛ لە دەوری کانی و ڕووباری سیمینەڕوود، شوێنەوارەکانی نیشتەجێبوونی کۆن دۆزراونەتەوە.
کورتەی قسە: حەوزە گەورە تەنها حەوزێکی ئاو نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە مێژووی دامەزراندنی بۆکان و ناسنامەی شارەکە و بە قەڵای سەردار و مزگەوتی جامعەوە پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە.
ناڵەشکێنە
ناڵەشکێنە یەکێکە لە ناسراوترین کێوەکانی بۆکان و لە ناو شاری بۆکان هەڵکەوتووە. بەرزیی ئەم کێوە نزیکەی ١٦٠٠ مەترە لە ئاستی دەریا و بەهۆی شوێنی جۆگرافیایی و دیمەنەکەیەوە، بەشێکە لە ناسنامەی سروشتی و کەلتووریی شار
گرنگی ناڵەشکێنە تەنها لە سروشت و شوێنەکەی نییە، بەڵکو بە ناوی هونەرمەندی ناسراوی کورد، حەسەن زیرەک، بە شێوەیەکی تایبەت گرێدراوە. حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٢١ لە بۆکان لەدایک بوو و لە ٢٦ی پووشەپەڕ ١٩٧٢ لە کۆچی دوایی کرد. بە وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، کە بەرامبەر بۆکانە، بەخاک سپێردرا.
گۆڕی حەسەن زیرەک لە داوێنی ناڵەشکێنە بووەتە شوێنێکی گرنگی یادەوەری و سەردانی خۆشەویستانی هونەر و مۆسیقای کوردی. پەیوەندیی نێوان حەسەن زیرەک و ناڵەشکێنە تەنها بە شوێنی نێژرانی ئەوەوە کۆتایی نایەت؛ ناوی کێوەکە لە زۆربی گۆرانییەکانی هاتووە و ئەمەش ناڵەشکێنەی زیاتر لەگەڵ ناسنامەی هونەری بۆکان پەیوەست کردووە.
لەبەر ئەوە، ناڵەشکێنە بۆ بۆکان تەنها کێوێکی سروشتی نییە؛ بەڵکو شوێنێکە کە سروشت، مێژوو، ناسنامەی شار و کەلتووری کوردی لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە. ئەم کێوە و گۆڕی حەسەن زیرەک بە تایبەتی، بەشێکی گرنگ لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خەڵکی بۆکان پێکدەهێنن.

بۆکان و کۆماری کوردستان
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی مێژووی نوێی بۆکان پەیوەندییەکەی بە کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ە.
کۆماری کوردستان بە سەرکردایەتی قازی محەممەد ڕاگەیەنرا. بۆکان لە ناو ئەو شارانە بوو کە لە ژێر کاریگەری و دەسەڵاتی ئەو کۆمارەدا بوون.
ئەو کۆمارە ماوەیەکی کورت ژیا، بەڵام کاریگەرییەکەی لە مێژووی کورددا زۆر گەورە بوو. لەو قۆناغەدا گرنگی بە زمانی کوردی، خوێندن و دامەزراندنی دامەزراوە کوردییەکان درا و بۆکانیش بەشێک بوو لەو ژینگە سیاسی و کەلتوورییە.
لە بۆکان چاپخانەیەک چالاک بوو و کتێب و گۆڤار بە زمانی کوردی بڵاو دەکرانەوە؛ ئەمە لەو سەردەمەدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گەشەکردنی خوێندنەوە و نووسینی کوردی.
کۆماری کوردستان لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٦ کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو ئەزموونە لە بیرەوەریی کورداندا مایەوە و بوو بە بەشێک لە مێژووی خەباتی نوێی کورد.
بۆکان؛ شارێکی زمان و کەلتوور
بۆکان لە مێژووی کەلتووری کوردیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. زمانی کوردی، بە تایبەتی شێوەزاری سۆرانی، لە ژیانی ڕۆژانە و ئەدەبی و هونەری شاردا جێگایەکی سەرەکی هەیە.
چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی کوردی، گۆرانی و موسیقا، شعر و ئەدەب و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان وایان کردووە بۆکان ببێتە یەکێک لە ناوەندە کەلتوورییە دیارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.
مامۆستا حەسەن زیرەک؛ دەنگی بۆکان
کاتێک ناوی بۆکان دێت، ناوی حەسەن زیرەک بەبێ گومان لە یەکەمین ناوە هونەرییەکانە کە لە بیر دێتەوە.
حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٢١ لە بۆکان لەدایک بوو و بوو بە یەکێک لە ناسراوترین گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی موسیقای کوردی. بەرهەمەکانی لە زۆر شوێنی کوردستان بەردەوام گوێیان لێ دەگیرێت و بەشێکی گرنگ لە میراتی موسیقای کوردی پێکدەهێنن.
دەنگی حەسەن زیرەک تەنها دەنگی هونەرمەندێک نەبوو؛ دەنگی ژیان، خۆشەویستی، ئازار، ئاوارەیی و یادەوەرییەکانی کورد بوو. بۆیە ناوی ئەو لەگەڵ بۆکان و کەلتووری کوردی بە پەیوەندییەکی قووڵەوە ماوەتەوە.
بۆکان و خەباتی کورد
بۆکان لە سەدەی بیستەمدا تەنها شارێکی کەلتووری نەبوو، بەڵکو لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بەشدار بووە.
لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، ناوچە کوردنشینەکان بوونە مەیدانی ناکۆکی و خەباتی سیاسی و چەکداری. بۆکانیش لەو قۆناغەدا بەشێک بوو لەو ڕووداوانە و بۆ ماوەیەک دەستی هێزە کوردییەکان بوو، پاشان هێزەکانی حکومەتی داگیرکەر شارەکەیان بەدەستەوە گرت.
ئەم قۆناغە لە مێژووی بۆکاندا بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و زیان و خەبات و قوربانییەوە تۆمار کراوە.
تەرەغە؛ شاخی گۆرانی و خەبات هێما
چیای تەرەغەی بۆکان تەنها شاخێکی سروشتی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە مێژووی خەبات و کەلتووری کوردی لە موکریان.تەرەغە یەکێکە لە شاخە دیار و ناسراوەکانی دەوروبەری بۆکان و لە زنجیرە شاخەکانی زاگرۆسە. دوورییەکەی لە بۆکان ٢٠کیلۆمەتر دەخەمڵێنن و بەرزییەکەی لە سەرچاوەکاندا بە شێوەی جیاواز، نزیکەی ٢٢٠٠–٢٢٥٠ مەتر، هاتووە.
لە ڕووی سروشتییەوە، تەرەغە بە دیواری بەردی بەرز، کانی و سەرچاوەی ئاو و ڕێگاکانی شاخەوانی ناسراوە. تەرەغە تەنها شاخێکی سروشتی نییە؛ لە خەیاڵ و یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ناوچەکەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە لە گۆرانی و شیعری کوردیدا بووەتە هێمای خاک، نیشتمان، ئازادی و خەبات. لە ساڵانی خەباتی پێشمەرگەشدا ئەم شاخە شاهیدی ڕووداو و فیداکاریی ژمارەیەک لە خەباتکارانی کورد بووە.
هەروەها لە کۆتایی ساڵدا بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەسەر شاخەکە بە نیشانەی ئەوەیە کە شاخەکە لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ناوچەکەدا هێشتا زیندووە هێماێکی تایبەتە.

باخی میراوا، جوانییەکی دیکەی بۆکانە
لە نێوان سەوزایی و ئارامیی سروشتی بۆکان، باخی میراوا شوێنێکە بۆ هەناسەدان و خۆشبوون بە جوانیی سروشت.
شوێنێک کە یادەوەرییە خۆشەکان لەگەڵ سەوزایی و ئارامی تێکەڵ دەبن.
بردەڕەش، یەکێکە لە جوانییە سروشتییەکانی دەوروبەری بۆکان؛ شوێنێک کە کێو و دۆڵ، سەوزایی و ئارامی لە یەک شوێن کۆدەبنەوە.
بردەڕەش، جوانییەکی سادە و سەربەرزیی سروشتی بۆکانە

بۆکان و ساڵانی شەڕ
لە شەڕی ئێران و عێراقیش بۆکان لە ئاسۆی جەنگ دوور نەبوو. شارەکە لە ٢٦خاکەلێوە ١٣٦٧ هەتاوی   لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقەوە بۆمباران کرا و ژمارەیەک کوژراو و بریندای هەبوو.
ئەم ڕووداوانە بوونە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خەڵکی  بۆکان؛ یادەوەریی شارێک کە لە سەدەی بیستەمدا چەندین جار لە نێوان ئاڵۆزیی سیاسی و شەڕ و فشارەوە تێپەڕیوە.
بۆکان لە ئەمڕۆدا
بۆکان لە ئێستادا یەکێکە لە شارە گەورە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شارەکە لە بواری بازرگانی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، و کەلتووردا بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بەتایبەت لە خوێندن ناوبانگی هەیە.
بۆکان هەروەها بەهۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیەوە لەگەڵ شار و گوندەکانی دەوروبەری، بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی موکریان.

لە نێوان مێژوو و داهاتوو
مێژووی بۆکان تەنها چیرۆکی قەڵا و شوێنەوار و سەردار و کۆمار نییە. مێژووی ئەم شارە مێژووی خەڵکێکە کە لەگەڵ گۆڕانی سەدەکاندا زمانی خۆی، کەلتووری خۆی و یادەوەریی خۆی پاراستووە.
لە قلایچییەوە تا قەڵای سەردار، لە چاپخانەکانی سەدەی بیستەمەوە تا گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، و لە کۆماری کوردستانەوە تا ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم، بۆکان بەردەوام بەشێک بووە لە چیرۆکی گەورەی کوردستان.

مێژووی هونەری بۆکان

بۆکان لەو شارانەی کوردستانە کە مێژووی هونەری و موسیقایییەکەی بە ژیانی خەڵکەکەیەوە گرێدراوە. گۆرانی، هەڵپەڕکێ، ساز و ئاواز، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، تەنها بۆ خۆشحاڵی نەبوون؛ بەڵکو ڕێگایەک بوون بۆ گواستنەوەی یادەوەری، زمان، کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە.

لە چوارچێوەی ئەم ژینگەیەدا، فێرگەی موسیقای «پائیزه»ی بۆکان دەتوانرێت وەک بەشێک لە ژیانی نوێی پەروەردەی موسیقاییی شارەکە سەیر بکرێت. گرنگیی فێرگەیەکی موسیقا تەنها لە فێرکردنی ساز و تەکنیکی موسیقا نییە؛ بەڵکو لە دروستکردنی ژینگەیەکدایە کە تێیدا منداڵ و گەنج بتوانێت بە توانای خۆی دەنگ بدات و لە ڕێگەی هونەرەوە پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ کەلتوور و ناسنامەی خۆی دروست بکات.

موسیقای کوردی بەشێکی گرنگە لە میراتی  نەتەوەکەمانە. پاراستنی ئەم میراتەش تەنها بە یادکردنەوەی ڕابردوو ناکرێت؛ پێویستی بە پەروەردەکردنی نەوەی نوێی هونەرمەند و فێرخواز هەیە. لەو ڕووەوە، بوونی فێرگەکانی موسیقا لە شارێکی وەک بۆکان، هەنگاوێکە بۆ بەردەوامکردنی ئەو زنجیرەیەی کە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا بەستراوەتەوە. هەر فێرخوازێک کە سازێک فێر دەبێت، هەر ئاوازێک کە لە دەنگی گەنجێکی بۆکانییەوە هەڵدەقوڵێت، و هەر گۆرانییەکی کوردی کە بە شێوەیەکی دروست دەگوازرێتەوە، بەشێکە لە پاراستنی ئەو میراتەی کە بە هەزاران ساڵە دەستەو دەست  گەیشتووەتە دەستمان.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە هونەر بیرەوەرییە، موسیقا دەنگی بیرەوەرییە، و کەلتوور ناسنامەیە. بۆیە پاراستنی موسیقا و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ، خزمەتکردنە بە شار، بە کەلتوور و بە نیشتمان.

بۆکان ئەگەر بە خاک و مێژووی خۆی ناسراوە، بە دەنگ و هونەری خۆیشی دەژی. ئەو دەنگەی لە دڵی بۆکانەوە هەڵدەقوڵێت، نابێت بمرێت؛ چونکە دەنگی هونەر، دەنگی ناسنامە و دەنگی نیشتمانە.



کەسایەتیی ناودار


عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی: شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ
سوارە ئیلخانیزادە: شاعیر و نووسەر
عەباس حەقیقی: شاعیر
حەسەن قزڵجی: چیرۆکنووس، نووسەر و ڕۆژنامەوانی سەردەمی کۆماری کوردستان و ڕەچەشکێنی چیرۆکنووسیی ئەدەبیاتی کوردی.
سەید کامیل ئیمامی: ناسراو بە ئاوات شاعیر
ئەحمەد تەها: نووسەر
ئەیوب ئەحمەدی:ناسراو بە  تینوو کۆکەیی شاعیر
محەممەدسەعید نەججاڕی: ناسراو بە ئاسۆ شاعیر
ڕێبین حەیدەری: پەیکەرتەراش
محەممەد نووری: شاعیر.
ئەمین گەردیگلانی: شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ
ڕەسوڵ چووپانی: ناسراو بە شوانە شاعیر

سەید قادر ھیدایەتی ڕۆماننووس
حوسێن شێربەگی نووسەر و وەرگێڕ
ئەحمەد مەولانی شاعیر و وەرگێڕ
ڕزگار باوەردی نووسەر، زمانەوان
بریا کاکەسووری: نووسەر
خەبات ڕەسووڵی چیرۆکنووس
محەممەد ڕەمەزانی نووسەر و وەرگێڕ
ئەنوەر عەرەب شاعیر و نووسەر
قادر عەلیخا شاعیر و نووسەر
کەریم حیکمەتی شاعیر
ناسر ڕەسووڵی نووسەر، ڕەخنەگری سینەما
عەزیز مەحموودپوور نووسەر
یوونس ڕەزایی شاعیر و نووسەر
لەیلا ساڵحی شاعیر و نووسەر
مۆسیقا
حەسەن زیرەک: گەورەترین و بەناوبانگترین گۆرانیبێژی کوردستانی گەورە.
حەسەن دەرزی: گۆرانییێژی بەناوبانگی کورد.
تاھیر خەلیلی: گۆرانیبێژی گەورەی کورد.
قالەمەڕە: عەبدوڵڵا قادرزادە ناسراو بە قالە مەڕە شمشاڵژەنی گەورەی کوردستان لە ئاستی جیھان.
عوسمانە سوور: زوڕناژەنی بەناوبانگی کورد و خاوەن چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی.
عەلی کەردار: حەیرانبێژ و بەیتبێژی گەورەی فۆلکلۆری کورد.
عەلی خەندان: لە پایەکانی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد و ناوچەی موکریان.

کۆتایی
بۆکان شارێکە کە مێژووی لەسەر دیوار و قەڵا و تپە نەنووسراوە تەنها؛ مێژووی ئەم شارە لە دەنگی خەڵکەکەی، لە گۆرانییەکانی، لە زمانەکەی، لە بیرەوەرییەکانی و لە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانیەتی.
بۆکان بەشێکە لە موکریان و موکریان بەشێکە لە مێژووی کوردستان. ئەگەر دیاربەکر لە باکووری کوردستان وەک یەکێک لە هێما مێژووییە گەورەکانی کوردستان دەردەکەوێت، بۆکانیش لە ڕۆژهەڵاتدا هێمایەکی گرنگی مێژوو، کەلتوور، زمان و خۆڕاگریی کوردە.
بۆکان ئەو شارەیە کە مێژووی کۆنی هەیە، بەڵام چیرۆکەکەی هێشتا تەواو نەبووە؛ چونکە مێژووی شار، بە ژیانی خەڵکەکەی بەردەوام دەنووسرێتەوە.

بۆکان، شارێک لە دڵی موکریان
بۆکان تەنها شارێک نییە؛ یادەوەرییەکی زیندووی موکریانە.
لە سەوزایی و جوانیی سیمینەڕوود و پارکی ساحلییەوە، تا سەربەرزی چیای تەرەغە و کێو و دۆڵە جوانەکانی دەوروبەری.
بۆکان شارێکی هونەر، گۆرانی، کەلتوور و خەباتە؛ شارێک کە دەنگی گۆرانیی کوردی لەگەڵ بۆنی خاک و ئاوی سیمینەڕوود تێکەڵ بووە.
بۆکان، شارێکە کە مرۆڤ جارێک بێت ببینێت، دڵی لەوێ جێدەهێڵێت.