ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، ڕژێمی تێرۆریستی ئێران سزای سێدارەی سەلمانی کاکەخانی، بەندکراوی خەڵکی شاری بانەی لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کردووە.

ئەم بەندکراوە لەحاڵێکدا سێدارە دراوە کە هاوژینی مانگی پێشوو بەهۆی ڕووداوی کارەباگرتنەوە گیانی خۆی لەدەست دابوو.

بە لەسێدارەدانی ئەم کوردە، منداڵی ١٢ ساڵانی ئەو خێزانە دایک و باوکی خۆی لەدەست داوە و ئێستا بێ سەرپەرشتیار ماوەتەوە.

تا کاتی بڵاوکردنی ڕاپۆرتەکە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لە میدیا فەرمییەکانی نێوخۆی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران و میدیاکانی دەزگای دادوەریدا بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە کە هەواڵەکانی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و هەموو ئێران ڕووماڵ دەکات.