چیرۆکی کۆچی دوایی "غەزال پەرمن"، کچە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات، تەنیا  چیرۆکی برینداربوونی جەستەیەک نییە بە  مووشەکی داگیرکەر،  بەڵکو چیرۆکی شکانی کەرامەتی نەتەوەیی و مردنی دروشمە بریقەدارەکانی "کوردایەتی"یە.

چ شەرمەزارییەکی مێژووییە، کچێک لە پێناو نیشتمانەکەیدا سنگ بداتە بەر گوللە و مووشەکی دوژمن، کەچی لەسەر خاکی خۆی و لە نێوان "براکانی"دا، دەرگای نەخۆشخانەکانی لێ دابخرێت! غەزال بە مووشەکی دوژمن بریندار بوو، بەڵام بە "سیاسەتی ترسنۆکانە" و "بێوەفایی" شەهید کرا.

کاتێک بەرژەوەندییە سیاسییەکان و ترسان لە داگیرکەر دەبنە ڕێگر لەبەردەم چارەسەرکردنی پێشمەرگەیەک، چیتر باس لە "کوردایەتی" مەکەن. نەخۆشخانەکانی ئێمە ئەگەر جێگەی برینی پێشمەرگەیەکی تێدا نەبێتەوە، دەبێت وەک مۆزەخانەی "شەرمەزاری" بناسرێن.

غەزال نیشانی دا کە ئێمە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هێشتا لەسەر خاکی خۆمان "غەریبین". ئەو کچە بە برینی جەستەیەوە نەفەری کۆتایی کێشا، بەڵام بێدەنگیی ئێمە و دەرگا داخراوەکانی نەخۆشخانەکان، برینێکی قووڵتر بوون کە هەرگیز ساڕێژ نابن.

شەرمەزاری بۆ ئەو سیاسەتەی "مرۆڤایەتی" دەکاتە قوربانی "به‌رژه‌وه‌ندی"!
سەری ڕێز بۆ غەزال و هەموو ئەو غەریبانەی لە نیشتمانی خۆیاندا بێ نیشتمان کران.