تێکشکاوی ماڵی کورد لە هەرێم و دەستەوەستان لەبەردەم داخوازی و مافەکانی خەڵک وایکردووە کە ئەو فرە کوێخاییەی هەرێم، بەغداش بگرێتەوە و بەرپرسان لە بەغدا ئەو ماڵوێرانییەی دنیای ئێمە دەزانن و تەنانەت داخوازی کورد لە بەغدا هێندە بچوک بۆتەوە، تاکە دەسکەوتێک ئەوەیە کە ئایا بەغدا دەتوانێت مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت یان نا، ئەمەش وایکردووە ئەوانی تر لە پارلەمان دەنگیان لە منداڵەکانی ئێمە دلێرتربێت و دەزانن پەنجەراوەشاندن و هەڕەشە لە هەرێم غیرەتی کەسیان ناجوڵێنێت.
ئەو دەسەڵاتە تاکلایەن و عینادەی هەرێم چارەسەر نییە و ئەو بێدەنگییەی نوێنەرانی دەرەوەی دەسەڵات لە بەغدا بەرامبەر بە هەڕەشەی وردە دیکتاتۆرەکانی بەغداش نەک چارەسەر نییە بەڵکو جۆرێکە لە خۆبەکەمزانین و خۆبچووککردنەوە.
تۆ چۆن دەتوانی لە بەغدا بەرگری لە مافی کورد بکەی لەکاتێکدا ساڵ و نیوێکە خۆت پارلەمانەکەت پەکخستبێت و یەک قەوارە و یەک پارلەمانتاری هەرێم بەرامبەر ئەتککردنی پارلەمانەکەیان قسە ناکەن؟ دەکرێ بڵێی من لە بەغدا نوێنەرایەتی خەڵک و بەرگری لە موچەی خەڵکی کوردستان دەکەم لەکاتێکدا هەر پارلەمانتارانی ئەو قەوارە سیاسییانە لەماڵەوە دانیشتوون و دەرگای پارلەمانەکەیان داخراوە و ئیمتیازی خۆیان وەردەگرن و دەنگیشیان لێوە نایات؟
پیش هەڵبژاردن وتمان ئەم منداڵانە بۆ ئیمتیازی خۆیان دەچنە پارلەمان و هەرکەس دڵ بەمانە خۆش بکات دەبێت نەخۆشخانەی دەروونی پیشان بدەیت. ئیستا ڕێک نەخۆشییەکە نیشانەکانی دەرکەوتوون و ڕۆژ بەڕۆژ دەنگی نوێنەرانی کورد لە بەغدا لاوازتر دەبێت و کۆی پۆستەکانی کورد لە بەغدا بە پۆستە بێدەسەڵاتەکەی سەرۆککۆماریشەوە توانای داگرتنی پەنجەراوەشاندنی نەیارانی کوردی لە بەغدا نییە.
ناکرێت عینادی پارتی واتلێبکات لە بەرامبەر پەنجەراوەشاندن و هەڕەشەی نەیاران بێدەنگ بیت.