ئامانجی ئینگلیز دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، نەهێشتی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی و دابەشکردنی خاک و هێزیان بوو بەسەر چەندان دەوڵەتی بچووک تا هەرگیز هێزێکی گەورە دروستنەبێتەوە. لەم نێوانەدا چەندان دەوڵەتی وەکوو: عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن، ئەردەن و سعودیە دروستبوون، کە هەموو ئامانجەکە دابەشکردن و لەتکردنی هێزی عوسمانییەکان بوو تا هەرگیز خۆی نەگرێتەوە.
جا کاتێک ئینگلیز ئامادەبوو ئاوا هاکەزایی ئەو هەموو دەوڵەتە بچووکە بۆ عەرەب دروستبکات، دەبێ بۆچی کێشەی لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتێک و سەربەخۆییەکیش بۆ کوردەکان هەبووبێت؟ ئەوە نائامادەیی کورد بوو لەو کاتەدا کە ئەسڵەن بیریان لەو دەوڵەت و سەربەخۆییە نەکردووەتەوە، دەنا بۆ ئینگلیز ئاسایی بوو کوردەکانیش هەیانبێ، بگرە باشتر بوو بۆ ئەوان، چونکە چۆن لە ڕێگەی دەوڵەتەکانی تر خاک و دەسەڵاتی عوسمانیان بچووک و لاوازدەکرد، ئاوهاش بە کوردەکان دەیتوانی زیان لە عوسمانییەکان بدات و ئەوەندەی تر لەتیان بکات و هێزێکی تری هاوپەیمانی تریشیان لێ سەندبایەوە. واتە بەگشتی سەربەخۆیی کورد سوودی بۆ ئینگلیز دەبوو، چونکە دەسەڵاتی عوسمانییەکانی ئەوەندەی تر لاواز و پەرش و بڵاودەکرد، بەس کورد لەژێر کۆمەڵێک دونیابینی و تێنەگەیشتن بۆ داهاتوو و سیاسەت، ئەم هەلەی لەقیس خۆی دا، دەنا بە یارمەتی ئینگلیز ئاسانتریش دەیتوانی ئەوە بکات بەوەی ئینگلیز خۆی براوەی جەنگەکە بوو و دەسەڵاتداری یەکەم بوو.
ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل هەمان شت دەکەنەوە، خەریکی دابەشکردنی هێز و دەسەڵاتن لە سووریا و ئێران و ڕەنگە تورکیاش. ئەوانیش دەیانهەوێت دەسەڵات و خاکەکە دابەشبکەن بۆ هێزی بچووکتر و هەرێمی بچووکتر تا هەرگیز تورکیا و ئێران نەبنەوە مەترسی بۆ سەریان. ئێستا هەبوونی سەربەخۆیی بۆ دروز و کورد و پێکهاتەکانی تر هەمووی سوودی ئەمریکا و ئیسرائیلە، چونکە هێزە گەورەکەی تورکیا و ئێران لەناوخۆدا دابەشدەکەن و لاوازیان دەکەن. ئێستا هەمان دەرفەت هاتووە بە هاوکاری زلهێز و باڵادەستەکان کە دووبارە کورد ئەو هەلە لەدەست خۆی نەداتەوە.
بەس کێشەی کورد ئەوەیە لەخۆیەوە دوژمنی وەهمی بۆ خۆی دروستدەکات و دوژمنە سەرەکییەکانیشی وەکوو برا و هاوڕێگا دەبینێ. لە جەنگی یەکەمی جیهان بەهۆی عاتیفەی دینەوە ئینگلیز هەر لە سەرەتاوە وەکوو کافر دەرکەوتوون. یانی هەرچەند تورک و فارس و عەرەب لێیان کوشتبێ و خاکیان داگیرکردبێ، لە زیهنییەتی کورد مادام هاودینی ئەو بوون، بابەتەکەیان بەقورسی نەگرتووە. لەولاوە ئینگلیز مادام کافر بوون ئیتر نەشتکوژن و خاکیشیان داگیرنەکردبی ئەوان هەر دوژمنی سەرەکین و نابێ بە هیچ شێوەیەک نزیکیان ببیتەوە لەپیناو پاراستنی ئیمان و دین و قیامەتت!
ئێستا کورد هەمان شت لەگەڵ ئیسرائیل دەکات. ئیسرائیل بە دلۆپێکی تورک و عەرەب و فارسی موسڵمان لە کوردیان نەکوشتووە، کەچی هەر ئیسرائیل دوژمنی سەرەکییە و فارس و تورک و عەرەب مەجالی نزیکبوونەوەیان هەیە.
جا تا کورد ئەم ئەقڵیەتە دینییە عاتیفییە تێنەپەڕێنێ و واقیع نەبینێ، دوور نییە هەمان دەردی بەسەر بێتەوە. کێشەکەش ئەوەیە زلهێزەکان بە 100 ساڵ جارێک نەخشەی نوێ دادەنێن، بۆیە هەر هەڵەیەکی تری لەم جۆرە لەسەرەتای دروستکردنی نەخشەکە، دەکرێت دووبارە 100 ساڵی تر کورد چاوەڕێبکاتەوە.
یانی ئەگەر کورد سیاسەت و ئاقڵانە رەفتاربکات و لەگەڵ نەخشەکە خۆی بگونجێ، هیچ پێویست ناکات دواتر 100 ساڵی تر خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی بەکوشتبداتەوە لە ململانێی نەخشە تازەکەی زلهێزەکاندا، بەڵکوو لەناو نەخشەکەدا بە باجێک و خوێنێکی زۆر کەمتر هەم هێز و دەسەڵاتی دەستدەکەوێ، هەم سنوور و ئازادیی و سەربەخۆیی خۆی، بەڵام دەبێ ئەو عاتیفە دینییە تێپەرێنێ کە تەنها خۆی پیادەی دەکات و دروستکراوی برا دینییەکانییەتی بۆ کوشتنی هێز و ئیرادە و دەسەڵاتی، خۆشیان هەمیشە لە دەوری زلهێزەکاندا سەمادەکەن تا شتێکیان دەستبکەوێت.
ئیمپراتۆرە داگیرکەرەکان بەردەوام خەریکی فراوانخوازی و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی تر بوون، دواتر هەموو خاکەکانیان بەیەکەوە دەلکاندەوە و دەیانکرد بە هێزێکی گەورەتر و لەژێر ناوی ئیمپراتۆرییەکە بە یەک پاکێج دەریاندەخست.
کاتێک زلهێزەکان دێن و دەیانهەوێت هێز و توانای زلهێزەکانی تر لەناوبەرن، ڕێک بە پێچەوانەی ئیمپراتۆرییەکان دەکەن، لەبری پێکەوەلکانی خاکەکانی تر، دێن خاکەکانی ناو هێزەکە پارچەپارچەدەکەنەوە و دەیکەنەوە بە هێزی بچووکتر و لاوازتر و وایان لێ دەکەن هەر هێزێکی بچووک خۆی خەریکی ناوچە و خاکەکەی بێت و چیتر هەموویان لەژێر فەرمانی ناوەندە سەرەکییەکە نەبن. واتە کە زلهێزەکان دەیانهەوێت دەوڵەتێکی بەهێز لاوازبکەن، دەچن لە ڕێگەی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتەکەوە هەوڵی پارچەپارچەکردنی دەوڵەتەکە دەدەن، ئەمەش لەبنەرەتدا لەپێناو سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیانە نەک ئەوەی لە خەمی نەتەوە جیاوازەکان بن. بەڵام دەبێت نەتەوە جیاوازەکانیش ئەم هەلە سیاسییە لەقیس خۆیان نەدەن و مادام ویستی زلهێزەکان و ویستی خۆیان بووە بە یەک ڕێگە و ئامانج، ئیتر بە پشتگیریی زلهێزەکان زۆر ئاسانتر دەتوانن جیاببنەوە لە دەوڵەتەکە و ناوچە و خاکی خۆیان بکەوێتەوە دەست.
خۆ ئەگەر ئەمە نەکەن، ئەوە زلهێزەکان پلان و نەخشەی خۆیان هەر دادەنێن لە ڕێگەی هێزەوە و نەتەوەکانیش مادام دژی خواستی ئەوان جوڵاونەوە، ئەوکات بەر کارەسات و توڕەیی زلهێزەکان دەکەون و دواتر دەبێت دژی ئەو هێزە گەورەیە بەناوی شۆڕش و خەبات و ئەخلاقەوە چەندان ساڵ خەریکی بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی خۆیان بن.
کورد لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم دەیتوانی بەهاوکاری ئینگلیزی زلهێزی ناوچەکە سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنابا و خاوەنی دەوڵەتیش با وەکوو زۆرێک لە عەرەبەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانی کە ئێستا دەوڵەتن، بەڵام چونکە پشتی عوسمانییەکانیان گرت، ئیتر باجەکەی دا. نە دەوڵەت و سەربەخۆیی دەستکەوت، نە توانی بەناوی شۆڕش و ئەخلاقەوە دژی نەخشەکەی ئەوکاتی زلهێزەکان بوەستێتەوە و بیانهێنێتە ژێر دونیابینی خۆی، ئەمە جگە لەوەی 100 ساڵی ڕێکە خەریکی قوربانیدانە بە ڕۆڵەکانی خۆی دژی نەخشەی زلهێزەکان و هەر تواناشی نەبووە دژی ئەو هێز و نەخشەیە بجەنگێ.
ئێستاش هەروایە، ئەگەر ویستی زلهێزەکانی وەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل نەبا بۆ گۆڕینی نەخشەکە لە ڕێگەی هێزەوە، 100 ساڵی تر کورد هەزاران ڕۆڵەی تریشی بەکوشتدابا، نەیدەتوانی دەستکاری نەخشەکە بکات و هەمووی بەدڵی خۆی دابڕێژێتەوە.
ئەگەر ئێستاش نەچێتە سەر بەرژەوەندی زلهێزەکان، دەبێت 100 ساڵی تر دووبارە خەریکی دژایەتی نەخشە تازەکەی زلهێزەکان بێت و هەزاران قوربانی تری بۆ بداتەوە بەبێ ئەوەی هێز و توانای ئەوەی هەبێتەوە دەستکاری بکاتەوە.