تورکمان و مەسیحیەکان نەبوونە کوردستانی پاش سەدان ساڵ؛ عەرەب چۆن دەبێتە کوردستانی؟!
گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی هەر میللەتێک ئەوانەن کە بەوپەڕی ناهەستیاریەوە؛ بە دەسەڵاتی سیاسی یان فەرهەنگی بەناوی ئەو میللەتەوە قسە دەکەن. زۆرجار بە قەد کەسێکی ئاسایی هەست بە مەترسیەکان ناکەن، لە هەمان کاتیشدا قسەکانیان دەبێتە بەڵگەیەک لە دەستی داگیرکەران هەمیشە بەکاری دەهێنن دژی کورد.
نموونە زۆرن: کێ هەیە ڕۆژانە قسەکەی ئۆجەلانی بەرچاو نەکەوێت لە پەیجە عەرەبیە ڕەگەزپەرستەکان کە دەڵێ کوردستان بوونی نییە لە سوریا؛ کوردی ناو سوریا هەمووی کۆچبەرن لە تورکیاوە هاتوون! ئەوە قسەی فەیلەسوفەکەی کوردە!
یان ماستاوکردنی هەندێ سەرکردەی وەک جەلال تاڵەبانی و قاسملۆ بۆ نێوەندە ئەوروپیە مەسیحیەکان کاتێ ئیدانەی سمکۆی شکاک دەکەن لەسەر کوشتنی مار شەمعون؛ بە داپۆشینی کارە پڕ مەترسی و دڕندە و نامرۆڤانەکانی مار شەمعون لە دژی کوردا. لەبیرکردنی هەموو تاوانە بێ ڕەوشتەکانی مار شەمعون؛ لە کاتێکدا لە بیرمە باوکم سەرەڕای سادەیی وەک هاوڵاتیەکی کورد چەندین جار باسی تاوانەکانی مار شەمعونی بۆ کردووم لە دژی کورد. هەر کەیسی ڕواندوز بەسە بۆ ناسینی عەقلیەتی دڕندانەی نەستوڕیەکان.
ئەوجارەیان خەڵکی ئاسایی کوردستانی باشوور بەوپەڕی هەستیاریەوە هەست بە مەترسیەکانی تەعریب دەکەن؛ چەندینی وەک ڕێبین هەردی و شاعیرەکەی هەولێر تەڵعەت تاهیر دەڵێن وانیە دنیا شامی شەریفە!
ڕێبین هەردی دەڵێ "هاتنی عەرەب بۆ کوردستان جێگەی مەترسی نییە و خاڵێکی گەشە و دەبێت شانازی پێوە بکەین."!
ڕێبین چەند تێبینیەکی هەیە وەک لە نوسینەکەی لە ئیرادە هاتووە بە کورتی دەیخەینە ڕوو:
"پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی شوێنێک بە جێگرتنەوە دەست پێدەکات، هێنانی هەندێک کۆچبەر و دانانی لەبڕی خەڵکی ناوچەکە، واتە پرۆسەکە هەر زیادکردنی ژمارەی کەسانێک نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا کەمکردنەوەی ناچاریانە و سیاسیانەی ژمارەیەکی دیە. بێ بوونی ئەم مەرجە هیچ پرۆسەیەکی گۆڕینی دیمگرافی ڕوو نادات. واتە هیچ پرۆسەیەکی گۆڕینی دیموگرافی ڕوو نادات گەر لەگەڵیدا بەزۆر ڕاگواستن و ناچاکردن بە بەجێهێشتنی ئەتنیەکی دیاریکراو نەبێت، و لەهەمناکاتدا ڕێگەی گەڕانەوەیان لێ نەگیرێت."
نازانم ڕێبین ئەو یەقینەی لە کوێ هاوردووە کە هیچ پلانێک لەدوای ئەو تەعریبە سپیەی کوردستان نییە؛ لە کاتێکدا لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر و کەرکوک و دهۆک تەعریب بەردەوامە بە پلان.
لە سەرنجی دووەم دەڵێت:
٢) ژمارەی ئەو عەرەبانەی دێنە کوردستان و نیشتەجێ دەبن بەهیچ شێویەکی بەراورد ناکرێت بە ژمارەی دانێشتوانی شارە کوردەیەکان کە زۆرینەی زۆری شارەکان پێکدەهێنن. قسەکردن لەوەی بەو ژمارە کەمە و لە ڕیگەی زاوزوێی زۆرەوە دواجار ڕەنگە ببنە زۆرینە، هیچ ورد بینیەکی تیا نیە. جارێ روودانی شتێکی وا گەر مومکین بێت، واتە ئەمە دەشێت لە نەوەی دووهەم و سێهەمی ئەم کۆچبەرانەدا روو بدات، بەڵام نەوەی دوهەم و سێهەم کە لەکوردستاندا لە دایکبووە، و گەورە بووە، چیدی وەک نەوەی یەکەم نیە و بووە بە کوردستانی.
یانی ڕێبین دان بەوەدا دەنێ ئەگەر عەرەب بشبن بە زۆرینە لە شارە کوردیەکان ئەوە ڕەنگە لە نەوەی دووەم و سێیەم ڕووبدا؛ وەک بڵێی نەوەی دووەم و سێیەم زۆر دوور بن پەیوەندی بە ئێمەوە نەبێت! ئەوانیش بێ خەم بن "تێکەڵ بە کلتوور و زمان و دنیای ناوچەکە دەبن و چیدی وەک سەرەتای باوانیان نامێنەوە. واتە کورت و موختەسەر دەبن بە هاوڵاتی کوردستان و تێکەڵ بە خەڵکەکە دەبن."!! تۆ وەرە ناو لە خۆت بنێیت ڕۆشنبیر و نووسەر وا بێ هەست و ئیحساس بیت بەرامبەر ئاییندەی نەتەوەکەت!
ئێمەی کورد نانمان بێ خوێیە ئەو کەمایەتیانەی سەدان ساڵە لەگەلمان دەژین مەگەر بە شەق دەنا بۆمان ناکرێن بە کوردستانی؛ تورکمان هێندەی تورکیاین یەک لەسەدا کوردستانی نین؛ لە ناخەوە هەتا وشەی کوردستانی ڕەتدەکەنەوە؛ مەسیحیەکان بەناو ئاشووریەکان ببینن چۆن دەڵێن ئێرە هەر کوردستان نییە بەڵکو ئاشوورستانە! هەتا مەسیحییە باشەکان لەناو جەرگەی هەولێر لە عەنکاوە هێندەی سیمای عەرەبیان پێوە دیارە؛ یەک لەسەدا سیمای کوردستانیان پێوە نابینرێ؛ لەناو جەرگەی هەولێرن عەرەبیان فوولە و زمانی دووەمیانە پاش زمانی تایبەتی خۆیان، ئەوە ئەگەر زمانی یەکەمیان نەبێ، کوردی لای ئەوان هەر شتێک نییە جێی بایەخ بێت! لە بیرمە لە زانکۆ لەگەڵ هاوڕێ مەسیحیەکانی کوردستان بە ناچاری بە عەرەبی قسەمان دەکرد وەک قسەکردنمان لەگەڵ خەڵکی بەغدا وبەسڕە.
ئێمە ئەوانەمان بۆ نەکران بە کوردستانی کاک ڕێبین، عەرەبێکی دواکەوتووی کە کلتور و زمانی خۆی بە کلتور و زمانی خوا و بەهەشت دەزانێ؛ بۆ تۆ دەبنە کوردستانی؟!
یانی تۆ ڕیسک دەکەیت بە گۆڕینی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکان بە خەونی ئەوەی ئەو عەرەبانە ببنە کوردستانی؟! ئەو هەموو شاروگوندانەت لەبیر کرد کە هەر بە بەرچاوی خۆمان تەعریبیان کرد و ئێستاش دەیکەن؛ عەرەب ببێتە زۆرینە تۆ دەبێ بە شەق زمانی ئەو بەکار بهێنیت؛ خەونی ئەوە مەبینە ئەو ببێتە کوردستانی و ڕێز لە زمانی فەرمی یەکەمی نیشتیمانەکە بگرێ.
لە خاڵێکیتردا وەک هەر مەعاشخۆرێک خەمی بازاڕی کوردستانیەتی لە جیاتی ڕەخنە لەو هۆکارانەی دەسەڵاتی عێڕاقی و کوردی بگرێ کە بوونەتە هۆی بڕینی مووچەی خەڵک، دەڵێ
"لە دۆخی هەرێمی کوردستانیشدا کە هاوڵاتیانی بەهۆی لێبڕین و دواکەوتنی موچەوە گرفتی دارایی گەورەیان بۆ دروست بووە، تاڕادەیەکی زۆر هاتنی عەرەبەکان بازار و ئابوری کوردستانی ڕاگرتووە و بگرە بە قسەی زۆرێک لە دوکاندار و خاوەن پرۆژەکان، گیانێکیان بە کڕیاری عەرەبیە کە کێشەی موچە لێبڕینی و نەدانی موچەی نیە، و توانای کڕینی وەک خۆی ماوە"
یانی تا دوکاندارەکان و شوقەفرۆشەکان و زەوی فرۆشەکان بێ بازاڕ نەبن؛ با کوردستان سەرتاسەری بفرۆشرێ بە عەرەب؛ جیاوازی مەلا یاسین و ڕێبین هەردی دەبێ چی بێ لەو جۆرە بیرکردنەوەیە ترسناکە؟!
لە خاڵێکیتر ڕێبین پێیوایە:
" کوردێک دەتوانێت لە هەر شارێکی عێراقی نیشتەجێ بێت و زەوی و خانوو و دوکان بکڕێت (کە کڕیویانە و بەهەزاران کەسی کورد لە شارە جیاوازەکانی عێراق نیشتەجێن و دوکان و خانوی خۆیان هەیە)، هیچ لۆژیکی نیە بەهەمان شێوە عەرەبەکان خاوەنی ئەو مافە نەبن لەناو شارەکانی هەرێمدا بەبیانوی ترس لە گۆڕینی دیموگرافی کە لە هیچ مێژوویەکدا بە هۆی ئەم نێشتە جێبوون و هاتنە سروشتیە ڕووی نەداوە."
کورد لە وڵاتێکی بەناو عەرەبی دایە؛ ئەوە خاکی خۆی پێ ناپارێزرێ لە مەترسی تەعریب، کورد بەهەشتێکی بەجێهێشتووە بۆ خاکێکی وشک وبیابانی؛ و لە شارە عەرەبیەکان ساڵی جارێ بە کوردی قسە ناکەن، لە ژێر فشار و هەڕەشە و دوورکەوتنەوە لە کێشە؛ دەتەوێ ئەوە بەراورد کەیت بە هاتنی عەرەبێک لە خاکێکی وشک و بیابانەوە بۆ ناو سروشتێکی جوان و لەباری کوردستان بەو هەموو سەوزایی و چیاو و ئاوەوە کە لە ناخەوە بە شایانی تۆی نازانێ و هەمیشە بە ئێرەییەوە چاویان بڕیوەتە خاکی خەڵکی تر؛ پاش سەدان ساڵ لە دەرکردنیان لە ئیسپانیا و پورتوگال ئێستاش خەون بە داگیرکردنەوەی دەبینن؛ کاتێ هەر بستێکی ئەو کوردستانەی دەست کەوت مەگەر بە مەرگ دەستبەرداری ببێت!
ئەخر من ڕۆشنیریم بۆ چییە کە ڕادەی هەستیاری نەگاتە ١% ی خەڵکی ئاسایش.
ئینجا ڕێبین هەردی سەرەڕای ٢٤ دەوڵەتی عەرەبی و سەدان دەوڵەتی جیهانی دەیەوێ کوردستان بکاتە پەناگەی ئەو عەرەبانەی ئارامی و ئازادی لە شارەکانیان نەماوە، بۆیە ئاساییە هەموویان بێنە کوردستان و خانوو و شوقە و بزنز بکڕن، وەک بڵێی کوردستان زۆر ئارام بێ بۆ کورد کە لە چەندین لاوە و لە چەندین بوارەوە لە ژێر هەڕەشەدایە!
بۆیە پێیوایە "ئەمەش نەک نابێت جێگەی مەترسی ئێمە بێت، بەڵکو دەبێت خاڵێکی گەش بێت کە شانازی پێوە بکەین. " دەبێ شانازی بە تەعریبکردنەکەش بکەین! مەگەر جوێن و نەفرەت ناخم خاڵی کاتەوە لەو تێگەیشتنە سەراوقوونە.
ئینجا ڕێبین هەنگاوێکیتر بەرەو ناعەقڵانیەت هەڵدەکشێ بە بەراوردکردنی کۆچی کوردان بۆ ئەوروپا و کۆچی عەرەب بۆ کوردستان! دەڵێ:
"کورت و موختەخسەر بەهاتنی عەرەبەکان بۆ کوردستان بەم شێوەی سروشتیەی ئێستا کە ئەو پاڵنەرانەی لە پشتە کە باسم کرد نەک پرۆسەی تەعریب ڕووا نادات، بەڵکو ئەوەی ئەگەری زۆرترە بە کوردستانی کردنی ئەو خەڵکەیە کە لەناویدا دەژین. ڕێک وەک کۆچی ئەو ملیونها کەسەی کورد بۆ شارەکانی ئەوروپا کە هەموانی کرد بە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە، نەک بە کوردکردنی ئەو شارە ئەوروپیانە."
ئەوە ڕێک زاراوەی "فشنبیر" ئەو ناوەی فەرهاد پیرباڵی بیرهێنامەوە؛ ئەخر وەرە خۆت پێ ڕۆشنبیرێکی کورد بێ کەچی هەست بە هەستیاری نەبوونی سەربەخۆیی نیشتیمانت نەکەیت، نەک ئەوروپا هەتا ئیمارات کە لە یازدە ملیۆن تەنها ملیونێک و دووسەد هەزار ئیماراتیە ناترسن لەو هەموو کۆچبەرە؛ چونکە نیشتیمانی پارێزراوە بە یاسا و دانپێنانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی؛ تۆ دەتەوێ کوردستان بەراورد کەیت بە وڵاتانی ئەوروپا و کوردێکی بێ گرێ بەراورد کەیت بە عەرەبێک کە غەیری عەرەبی پێ عەجەمە؛ عەجەمیش بە مانای بێ زمان وەک ئاژەڵ دێ!
خودایە دەبێ ئێمەی کورد چیمان کردبێ تا دۆستەکانمانیش لە دوژمنانمان خراپتر بێ؟!