کاتێک کۆمەڵگایەک لە ناو خورافیات و دواکەوتوویدا بژی، بیستوچوار سەعاتە بە درۆ باسی ئەخلاق دەکات و لە پشتی پەردەشەوە بێ ئەخلاقیترینە.
هاوسەرگیریی ئاسایی لە ئیسلامدا لە سەر چەند خاڵێک بەندە: پیاوێک بە ژنێک دەڵێت دەتهێنم، ژنەکەش لە بەردەم یەکێک لە بەخێوکارانیدا، بە عەرەبی وەلی ئەمر، کە باوکی یان برا و کەسوکاری تری بێت لە حاڵەتێکدا کە باوکی نەمابێت، و بە شاهێدیی دوو پیاو، و ئینجا ژنەکە دەبێت ڕازی بێت و پیاوەکەش مارەییەک بدات. پاش ئەو پرۆسەیە ئەو پیاو و ژنە، ژن و مێردن. بە کورتیەکەی ئەو پیاوە بەخێوکردن و لانە دابین دەکات و هەروەها مارەییش. لە پێکەوەبوونەکەدا کە بە پێی کەلتور و ڕەووشت و ویژدان هەتاهەتاییە، ئەم سێ خاڵە بنەڕەتیین.
لە حاڵەتی ئەوەی پێی دەگوترێت ”تەڵاق“، ناڵێم جیابوونەوە، جونکە تەڵاق لە مانای خۆیدا مافی پیاوە. ژن بۆی نییە پیاو تەڵاق بدات، بەڵکو بۆی هەیە لە ژێر مەرجی تایبەتییدا جیاببێتەوە، ئەوا مارەییە دیاریکراوەکە بە ژنەکە دەدرێت. پرسی هەبوونی منداڵیش بە شێوەی جیاواز یەکلا دەکرێتەوە.
ناواخنی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی لە هەموو کەلتورێکدا پێکەوەژیانە، پێکەوەژیانی بەردەوام، یان هەتاهەتایی، تا مردن. لەو پێکەوەژیانەدا بێگومان مافی سێکسی هاوبەش هەیە. سێکسەکە لێرەدا تەنها یەکێک لە پایەکانە، نەک هەمووی. هیچ زیانێکیش لە ژن ناگەیەنێت چونکە هاوسەرگیریی کردەیەکی مرۆڤیی ئاشکرایە.
لێرەوە تێ دەگەین کە ئایا ”مسیار“ جییە؟
لە مسیار دا داواکردنەکە و هەبوونی والیەک، واتا باوک و برا و تاد، ڕازیبوونی ژنەکە، پێویستە، بەڵام بەخێوکردن و لانەی تیادا نییە. لێرەدا خاڵە ناوەندیەکە کە پێکەوەژیانە و هاوبەشیەتییە، نییە، بەڵکو تەنها سێکسکردنەکە هەیە. واتە سێکسکردنەکە تەنها و تاکە پایەی مسیارە. سێکرسکردنەکەش لە پێویستی پیاوەکەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ژنەکە. بە کوردیەکەی تێکەڵبوونێکی جنسی شاردراوە و تا ڕادەیەکی باڵا کورتماوە یان بەیناوبەینە، بە مەرجی پیاو، بەڵام بەرگێکی ئایینی لەبەر کراوە.
جیاوازیی سەرەکیی لە نێوان ”صیغە“ی مەزهەبی شیعە و “مسیار“ی سوننە ئەوەیە کە لە مسیاردا بەردەوامە نەک کاتیی، و کۆتاییەکەی دەبێت بە تەڵاق بێت. لە هەردوو دۆخەکەدا جووتبوونە لە ژێر سایەی جەند وشەیەکی دیندا.
لە هەندێک وڵات، بۆ نموونە، ئوردن، هەموو جۆرە تێکەڵبوونێکی سێکسی کاتیی لە جۆری مسیار قەدەخەیە، چونکە هەموو جۆرە تێکەڵبوونێکی سێکسی لە مانای هاوسەرگیرییدا دەبێت لە دادگا تۆمار بکرێت.
بە کوردیەکەی ڕەوانتر، مسیار لە کیسچوون یان دەستبەرداربوونی ژنە لە مافی بەخێوکردن (نەفەقە) و لانە لە مێرد. کردەیەکی جنسی ڕوو دەدات کە تیایدا نە مەسرەفی دەکێشرێت و نە لانەی بۆ دابین دەکرێت. پیاوەکە ئەو چێژەی لێ وەردەگرێت کە دەستی دەکەوێت و ژنەکە لەو کردە سێکسیە کاتیەدا کە نە پیاوە دەناسێت و نە هیچ، چی بۆ دەمێنێتەوە، پرسیارێکە دەبێت ئەو ژنە کە مسیار دەکات خۆی وەڵام بداتەوە.
بێگومان ئەمە هاوسەرگیریی نییە. هاوسەرگیریی لە نزیکەی هەموو کەلتورەکانی دونیادا ئەو ڕێککەوتنە ویژدانیی و ڕەووشتیی و مرۆڤییەیە کە ژن و پیاوێک لە دۆخێکی ئازاد و بەرابەردا یەکتر بۆ پێکەوە ژیان هەڵدەبژێرن کە بێگومان سێکسیشی تیایە. هاوسەرگیریی نە کاتییە و نە یەک لایەنەیە و نە کردەی کاتژمێرێک و دووان و ڕۆژێک و دوو ڕۆژە و نە دەبێت بە دزیەوە ئەنجام بدرێت و نە دەبێت کەس تیایدا ناپاکی لێ بکرێت.
کاریگەریی زۆر خراپ لە سەر ئەو ژنانەی دووچاری مسیارکردن دەبن هەن و بە هەزارانن. هەر ئێستا بە دەیان هەزار ژن لە وڵاتانی ئیسلامیی لە ڕێگای سۆشیالمیدیاوە گلەیی دەکەن و دەڵێن لە بەر هەڵکەوتەی جەستەیی یان بە ساڵداچوون و تاد شوومان نەکردووە و هەر مسیارخواز پێمان ڕازی دەبێت.
مسیار ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی هاوسەرگیریی کە پێکەوەژیان و پێکەوەپیربوون و پێکەوە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی و پێکەوە دروستکردنی ئاییندەیە بۆ منداڵان، دەکات بە کردەیەکی کاتیی جنسیی. دووبارە جەختی لە سەر دەکەمەوە، ئەویش بە خواست و ئارەزووی پیاوێک و بە نهێنی لە نیوان چەند پیاوێکدا.
لە دنیای ئیسلامدا هەزاران ژن ناچاربوون منداڵەکانیان بە حکومەت بدەن کاتێک سکیان پڕ بووە. یان دووچاری نەخۆشی ترسناک بوون چونکە پیاوەکە هەڵگری ڤایرۆسی خراپ بووە. بە داخەوە لەو دنیایەی ئەواندا بەرپرسیاریەتیەکی تەندروستیی و چارەسەریش نییە. یان دووچاری نەخۆشی دەروونی بوون، چونکە لە ناخی خۆیاندا دەزانن کە لە پشتی پەردەوە ئەو شتەیان لێ دەکرێت کە کۆمەڵگاکەیان وەک تر قەدەخەی کردووە.
هەروەها دووجاری ئەوە بوون کە ئیتر بەرامبەر بە هیچ شتێک یان رەنگە پاروویەک نان جەستەی خۆیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک بفرۆشن بە پیاوانێک کە ڕەنگە هەر بێزیان لێ بکەنەوە. ئەڵبەت لە ڕوواڵەتدا وا نێشان دەدرێت کە پەیوەندی بە پارەوە نییە.
هیچ پیاوێکی مەرد و بە شکۆ و بە ویژدان مسیار ناکات، چونکە دەزانێت ئیمکانی نییە، ژنێک جەستەی خۆی هەر ئاوا بخاتە بەر دەستی پیاوێکی نەناسراو، تەنها و تەنها لە بەر کردەیەکی سێکسی کاتیی. بێگومان مسیار کاریگەریی زۆر گەورەی دەروونیی لە سەر ئەو ژنە دادەنێت ئەگەر بێت و ئەو ژنە مرۆڤێکی تەندروست بێت.
ژنان نابێت بەوە ڕازی بن چونکە هیچی بۆ ژن تیا نییە. تەنانەت هیچی بۆ پیاوێکیش تیا نییە ئەگەر پیاوێک پیاو بێت. کردەیەکی سێکسی زیاتر لە خۆڕەحەتکردنێک بە دەست چی تری لێ دەکەوێتەوە کاتێک کە لە دۆخێکی وا ناتەندروستدا ڕوو بدات؟
ژن دەبێت بۆ پێکەوەژیان و ژیانی هاوبەشی بەڕێز و ئاییندەی درێژخایان هاوسەرگیریی بکات و بێگومان ئەو کاتە مافی هەردوولایە بۆ سێکس و بۆ چێژوەرگرتن لە جەستەی یەک. بە پێچەوانەی ئەوەوە، هەموو ئەو جۆرە جووتبوونانە جا هەر ناوێکیان هەبێت، ملکەچبوونی ژنە بۆ کۆیلەیەتیی جنسی و بۆ ڕازیبوون کە بکرێت بە بووکەشووشەیەکی سێکس.
هەروەها تاوانێکی گەورەیە جنسکردن هاوواتای هاوسەریی بخرێتە پاڵ. هاوسەریی و هاوسەرینیی و هاوجێگایی و هاوژینیی مانای زۆر قووڵتر و فراوانتریان هەیە، ئەویش پێکەوەژیان و پێکەوەپیربوون و دروستکردنی ئاییندەیەک و بەرهەمهێنانێکی بەرپرسیارانەیە.
مسیار ئەوەیە کە پێی دەگوترێت گانی پیاوانە و گاندانی ژنان. کاتێک نەتەوەیەک سەربەرز و تەندروست و بە شارستانیی بێت ئابووری ژنانیش فەراهەم دەکات بەو جۆرەی کە پێویستیان بە فرۆشتنی جەستەی خۆیان نەبێت. کاتێک کۆمەڵگایەک دواکەوتوو و ناشارستانیی بێت، نەک هەر مسیار، بەڵکو دەستبردن بۆ ئاژەڵانیش ئاسایی دەبێت.
واتە، هاوسەرگیریی شتێکە و کردەی سێکس لە مانای دانی یەکێک بە یەکێکیتر شتێکی تەواو جیاوازە. ئەگەر کرۆکی باسەکە کردەیەکی سێکسی کاتییە و گوایا هەردوو لا و والیەکیش رازی دەبن، جا ئیتر ئەم هەموو شاردنەوە و پشتپەردە و دووڕوویەکی ئایینی و ساختەچیەتیی بە ناوی خوداپەرستیەوەی بۆ چییە؟ ئەم پەنهانکردنە گوایا بۆ لەکەدارنەبوونی سومحەی ژنە. بەڵام هەر ئەم جۆرە نەخۆشییانە بوون بە هۆی تێکدانی کۆمەڵگا و وێرانکردنی. ئیتر شاردنەوەی لە کێ و لە چی؟
لە جیاتی ئەوەی ژنانی کورد لە ناو باسی پێشکەوتن و کاری گەورەدا بن، جێی داخە ناچار بن بکەونە ناو ئەم جۆرە باسانەوە. کاتێک کۆمەڵگایەک هۆشیار و بەڕێز و بەهێز و پێشکەتووخواز بێت، ئەوا ژنانیش تیایدا بەهێز و بەخۆباوەڕن و دەتوانن ژیان لەگەڵ ئەو پیاوانەدا دروست بکەن کە نەخۆشیی و گرێی سێکسیان نییە و کە پیاون و مرۆڤن و خاوەن ئاییندەبینیەکی جوانن.
کاتێک کۆمەڵگایەک لە ناو خورافیات و دواکەوتوویدا بژی، بیستوچوار سەعاتە بە درۆ باسی ئەخلاق دەکات و لە پشتی پەردەشەوە بێ ئەخلاقیترینە.