دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:

خوێندکارانی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!

قوتابییانی بە ئەمەگ و دەروەست!

خەڵکی بەشەرەف و خەباتکاری کوردستان و ئێران!

وەک ئاگاداران چل ڕۆژ پێش ئێستا، ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە دەست جەللادەکانی ڕێژیمی ئاخوندی گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستان بوو، تاوانی ئەم کچە کوردە تەنیا هاوشێوەنەبوون لەگەڵ ژنانی فریوخواردوو و بەکرێگیراوی ڕێژیمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی بوو.

ئەمە یەکەم تاوان نییە کە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ژنانی ئێران و کوردستان دەیکات، بەردەوام بە ئاشکرا و شاراوە ژنان لەو وڵاتە بەهۆی سیاسەتی چەوت و چەقبەستووانەی ئاخوندەکان و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی دیکتاتۆر یان دەکوژرێن یان کەرامەتیان دەشکێت.

بۆیە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، کە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ یەکسانی و ئازادییە، داوا لە سەرجەم خوێندکاران، قوتابییان و خەڵکی ئێران و کوردستان دەکەین، کە لە چلەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە مانگرتن و هاتنە سەر شەقام جارێکی تر جەستەی نگریسی دیکتاتۆر بخەینە لەرزە و کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمی دژەمرۆیی ئەم سیستەمە بهێنین هەتا لەژێر سێبەری ئازادیی و دادپەروەریدا گەلانی ئێران ژیانێکی تەژی لە ئاسایش و بەختەوەری ئەزموون بکەن.

وادەی دیدارمان ڕۆژی شەممە، ³°ی ڕەزبەر کاتژمێر ±±ی سەرلەبەیانی، گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکان و لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا بە بەشداریی لە هەڵپەڕکێی شەقام تەخت و بەختی دیکتاتۆر بلەرزێنین.

هێمای پێکەوەبوون: بەرزکردنەوەی دەستی چەپ بە مستکراوی و لابردنی لەچک و سەرپۆش بە مەبەستی ئازادی و یەکسانبوونی ژن و پیاو.

دروشمەکانمان:

 ژن، ژیان، ئازادی.... بڕوات زوڵم و بێدادی 

 ستەم لە بیر ناکرێ.... ژینا لە دڵ نامرێ 

 خوێندکار چەکت پێنووسە.. ئازادی پێ بنووسە .

سەرکەوێت بزووتنەوە و ڕاپەڕینی ڕەوای کوردستان و ئێران

بڕووخێت کۆشکی ستەم و بێدادیی ڕێژیمی ئاخوندی

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

²¹ی ڕەزبەری ²·²²ی کوردی