کاتێک چارەنووسی نەتەوەیەک دەبێتە بەشێک لە هەژموونی دەوڵەتان
لە مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر جار ئەوەی لە سەر ڕوداوەكان دەبینرێت، تەنها بەشێکی بچووکە لەوەی لە ژوورە نهێنییەکانی دەزگا هەواڵگری و ناوەندەکانی بڕیاردان ڕودەدات
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕوایەتێک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتی و هەندێک میدیا بڵاو بووەوە کە باس لە پلانێکی فراوان دەکات بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران. بەپێی ئەم ڕوایەتە، پلانەکە لەسەر ئەو بنەمایە دانرابوو کە لە یەکەم هێرشدا سەرکردایەتی ئێران لەناوببرێت، ڕاپەرینی ناوخۆ ڕوبدات، و لە هەمان کاتدا هێزێکی چەکداری کورد بۆ ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بچێتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان. هەروەها گوتراوە تورکیا بە هەڵوێستێکی توند ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کرد.
بەڵام، سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم باسە، ناوی کوردە؛ چونکە ئەگەر ئەم گێڕانەوەیە ڕاست بێت یان نا، خۆی بەڵگەی ئەو ڕاستییە مێژووییەیە کە کورد بەردەوام لە ناو هاوکێشە ستراتیژییەکانی ناوچەدا وەک کارتی سیاسی دەخرێتە ژمێر.
لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، کورد لە بەردەم دوو ڕێگادایە: یەکەم، مافی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووس؛ دووەم، بەکارهێنانی ئەو مافە لەلایەن دەوڵەتانی هەرێم و زلهێزەکان بۆ پاراستن وپێشبردنی بەرژەوەندییەکانیان.
پەیمانی سێڤەر لە ساڵی ١٩٢٠ یەکەم بەڵێنی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی پێشکەش کرد، بەڵام سێ ساڵ دواتر، پەیمانی لۆزان ئەو بەڵێنەی لەناوبرد و کورد بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرا. لەو ساتەوە، پرسی کورد زۆر جار نەبووە بابەتی دادپەروەری، بەڵکو بابەتی هاوسەنگی هێز.
لە ساڵی ١٩٧٥، ڕێککەوتنی جەزائیر نێوان عێراق و ئێران، بە نمونەیەکی ئاشکرا نیشانی دا کە چۆن بزووتنەوەی کوردی بە یەک واژۆی سیاسی دەکرێتەقوربانی ڕێککەوتنی دوو دەوڵەت. ئەو کاتە کورد تەنها نەما؛ بەڵکو تێگەیشت کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەگەر لەسەر بەرژەوەندی بنیات نرابێت، دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕدرێت.
هەمان یاسا لە دوای ساڵی ١٩٩١، ٢٠٠٣ و تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیش دووبارە بینرا. کاتێک بەرژەوەندییەکان یەکگرتوون، کورد هاوپەیمانە؛ کاتێک بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، هەمان هاوپەیمان دەتوانێت بێدەنگ بێت.
ئەمە لە تێڕوانینی سیاسی شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. چونکە دەوڵەتان لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە پێی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان مامەڵە دەکەن، نەک بە پێی هاوسۆزی. لەبەر ئەوە، هیچ هێزێکی گەورە بەردەوام نابێت لە پاڵپشتی لە هیچ لایەنێک، ئەگەر ئەو پاڵپشتییە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی یەک نەگرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا، لەگەڵ هەموو ناکۆکییەکانیان، لە یەک خاڵدا زۆرجار هاوبیر بوون: ڕێگە نەدان بە دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. ئەم هاوبەشبوونە، لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، بە شێوە جیاوازەکان خۆی نیشان داوە.
بۆیە، ئەگەر ڕوایەتەکانی ئەمڕۆش ڕاست بن یان نا، وانەکە هەمانە: نەتەوەیەک کە ستراتیژیی خۆی لەسەر بەڵێنی دەرەوە بنیات بنێت، هەمیشە مەترسی ئەوەی هەیە لە یەک ساتدا ببێتە بەشێک لە دانوستانی دەوڵەتان.
ئیبن خەلدوون دەڵێت: «دەوڵەتەکان بە هێزی بەرژەوەندی پارێزراون، نەک بە هەست.» ئەم وتەیە لە ژیانی سیاسیی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا هەمان مانای هەیە.
لە کۆتاییدا، ئەو پرسیارە گرنگ نییە کە ئەم گێڕانەوەیە تا چەند ڕاستە؛ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە ئایا کورد هێشتا دەیەوێت کارتی یاریی ئەوانی تر بێت، یان دەتوانێت بە یەکگرتوویی، دامەزراوەی بەهێز و ستراتیژییەکی سەربەخۆ، خۆی ببێتە یاریزانێک کە خۆی یاساکانی یاری دیاری بکات؟
مێژوو بەردەوام یەک وانە دووبارە دەکاتەوە :ئەو نەتەوانەی ستراتیژیی خۆیان لەسەر هێزی ناوخۆ بنیات دەنێن، مێژوو زیاتر پارێزگارییان لێ دەکات لەوانەی چارەنووسیان بە بڕیاری ژوورە نهێنییەکانی دەوڵەتانی تر دەسپێرن.