ئەو ناونیشانەی سەرەوە تەنیا رستەیەکی راگوزەر نییە لە نێو فەلسەفەو فەرهەنگی سیاسی و سۆسیۆلۆژیای کوردیدا، بەڵکو دەکرێت وەکو تابلۆیەکی سێ ڕەهەندیی قووڵ لێی بڕوانین کە فەلسەفەی مانەوە، یاخیبوون و شکۆمەندیی، پرۆسەی مەرگ و ماڵئاوایی لە هزری نەتەوەیەکدا بکێشێت. ئەم دەربڕینە، خوێندنەوەیەکی وردی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و مێژووییە بۆ سێ شاری گەورەی کوردستان، کە هەر یەکەیان بە جۆرێک ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆی لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژگار نەخشاندووە.

ئەگەر لە چەمکی ژیانەوە دەست پێبکەین، هەولێر نموونەی باڵای خۆگونجاندن و پراگماتیبوونی کۆمەڵایەتییە. هەولێرییەکان بە درێژایی مێژوو فەلسەفەیەکی تایبەتیان بۆ مانەوەو دەستکەوت و بەرژەوەندیی هەبووە؛ فەلسەفەیەک کەلەسەر بنەمای هەندێک لە لێبوردەیی، بڕێکی زۆر لەدوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتنی وێرانکەر و پاراستنی ڕیتمی ژیان، داڕێژراوە کە تەنانەت لەلای هەندێک لە خەڵکی، ئەو پەندە کوردییەی بۆ بەکاردێت کە ئەڵێ "دەست بەکڵاوەکەتەوە با نەیبات"، یاخود" لە کوێوە بای هەبێت لەوێوە شەن دەکات".

 لە سەردەمی تاریکترین و خوێناویترین دەسەڵاتەکانی عیراق بەتایبەتی رژێمێکی وەک ڕژێمی بەعسدا، کە تیایدا هەردوو جومگەی دەسەڵاتی "تەشریعی و تەنفیزی" لەو شارەدا چەقیبوون، خەڵکە نیشتمان پەروەرەکەی هەولێر، کە ئەتوانم بڵێم، توانییان بە ژیرییەکی بێدەنگانەوە کەمترین

بەرکەوتنیان لەگەڵ ئامێرەکانی سەرکوتکردندا هەبێت" سوپا. ئەمن. پۆلیس. دەزگا سیخوڕییەکان". 

ئەوان هەمیشە هەوڵیان داوە شارەکەیان بکەنە پەناگەیەک بۆ خۆشگوزەرانی و سەرمایەگوزاری و بازرگانی، بێگومان لە فەلسەفەی شارستانیەتدا هەرسێ چەمکی خۆشگوزەرانی، سەرمایەگوزاریی و بازرگانی سێ رەهەندی قوڵی واتاپێدان و مەرجەکانی بەشارکردنی شارە، تەنانەت لە ئێستاشدا کە قەیرانەکان بەرۆکی کۆمەڵگەی کوردییان گرتووە و زۆرجار شارەکانی دیکە دەبن بە گڕکان و بەگژی دەسەڵاتی خۆماڵیی دا دەچنەوە، هەولێر بێدەنگییەکی قووڵی هەڵدەبژێرێت کە ئەم بێدەنگییە هەم بەزیان و هەم بەسودیش دەشکێتەو. زیانە لەبەرئەوەی رووبەرووبوونەوەی ستەم لەهەرێمی کوردستاندا، پێویستی بەدەنگی هەولێرییەکانیشە. سودە لەبەرئەوەی کەئەزانین کەئەگەر هەولێر وەکو سلێمانی بێتەسەرشەقام، ئەوە خۆی دەکرێت بەگڕکان و تیایدا دەسوتێنرێت و لەناودەچێت، بەهۆی ستەمکاریی دەسەلاتەوە. ئەم کپبوونە لەلای من هەرگیز نیشانەی تەسلیمبوون نییە، هێندەی ئەوەی هەوڵێکە بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی خۆپارێزیی، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی گیانی خەڵکی، بەردەوامی بژێوی، بەردەوامیدان بە بازرگانی و هێشتنەوەی ترپەکانیی ژیان لە شارێکدا کە دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، هەمیشە پایتەختی مانەوەو بڕێک لە ئارامی و دوورکەوتنەوە لە گرژیی بێت لە گەڵ دەسەڵاتی خۆجێیدا. 

لە بەرامبەر ئەم ئارامییەی هەولێردا، سلێمانی وەک گڕکانێکی هەمیشە زیندوو خۆی دەنوێنێت. گەر ژیان لە هەولێر هونەری خۆگونجاندن بێت لە گەل ستەم و دەسەڵاتدا( هەرچەندە هونەری خۆگونجاندن پرۆسەی تەمێکردنی دەسەڵاتی ستەمکار دوادەخات)، ئەوا لە سلێمانی هونەری

بەگژداچوونەوەو ڕاپەڕینە. سلێمانی مەڵبەندی یاخیبوونە، مۆتەکەی سەری دوژمنان و دەسەڵاتە ستەمکارەکانە لە هەرکات زەمانێکدا و ئەو دەسەڵاتە خۆیی بێت یان دەرەکی. مێژوو شایەتی دەدات کە ئەم شارە هەمیشە خەونی لە چاوی داگیرکەران زڕاندووە، تا ئەو ئاستەی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕی عێراق سەدام حسین ناوی نابوو "مەدینەتولسەعبە" (شاری سەخت). سلێمانییەکان هەرگیز ناتوانن لە ئاست نادادی و برسیکردندا بێدەنگ بن، ئەوان لە هەموو سەردەمەکاندا پێشەنگی شەقام و تێکڕژان بوون بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەم خۆجێی و هەم داگیرکەر، چونکە بۆ ئەوان، تێکۆشان مەرجی یەکەمی هەناسەدانە و هۆشیاریی سیاسی و ڕۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی" هیوادارم ئیدی شاری قوربانی نەبێت و هەر شاری هەڵمەت بێت" ناسنامەی نەگۆڕی شارەکەیانە.

بەڵام کاتێک باس دێتە سەر دوا وێستگەی بوونی مرۆڤ، هیچ شوێنێک هێندەی کەرکوک کە پایتەختی گەرمیانی گەرمەسێر و چاو بەڵەکە،

ناتوانێت مانایەکی شکۆمەندانە بە چەمکی مەرگ و وەفاداری ببەخشێت. کەرکوک "شاری ئارابخای مێژومان"، شاری دایبابە گەورەکانی نەتەوەی کورد، هێمای مێژوی گەلێک، لە ئێستادا لە پاڵ پرۆسەی تەعریبدا، تەنها شارێکی داگیرکراوی فرەئەتنیک و پڕ لە ڕەنگ و دەنگ نییە، بەڵکو خودی چەمکی تەعریب و تەبعیس و کۆمەڵێک چەمکی دیکەشی گۆڕیووەو لە پاڵ بەسەختی بەرگریی کردن لە هێشتنەوەی ناسنامەی کوردیی بوونەکەی، بووە بە قوتابخانەیەکی باڵای پێکەوەژیان و هاوڕێیەتیی ئیتنیک و دەنگ و رەنگە جیاوازەکان. لەم شارەدا، مرۆڤەکان لە سەرووی ئایدۆلۆژیا، پارتایەتی و جیاوازییە نەتەوەییەکانەوە یەکتر دەگرنە باوەش. دڵسۆزی بۆ خاک و قوربانیدانی بێسنوور، تێکەڵ بە ڕۆحێکی گەورەی مرۆڤدۆستی بووە. من ساڵانێکی زۆرە کەرکوکم ناوناوە (تیرۆژەی پرسی کوردبوون). 

زاراوەی تیرۆژە، وشەیەکی کوردی بەتەواوی گەرمیانیانە و کوردیی پەتی جوانە، بە حوکمی ئەوەی کە من دایکم کاتی خۆی بەرگدروو بووە، لەوانەیە ئەو وشەیەم لە هەموو کەس زیاتر بەرگوێ کەوتبێت و لە هزرمدا ماوەتەوە.

تیرۆژە چیە و بەچی ئەوترێت؟

تیرۆژە بریتییە لە هێلێكی سنوریی پێکەوە بەستنەوەی دوو بەرگی دیواو دیو. بەرگدرووە کۆنەکان کە کراسی کوردیی ژنانەیان دەدوریی، لە بن دەستەکانەوە هەتا داوین سێ پارچەی لە بن دەستەوە تەسک کە هەتا داوێن وردە وردە فراوان دەبوو بۆ کراسەکە دروست دەکرد و بەو شێوەیە بەری دواو بەری پێشەوەی کراسەکەیان بەو تیرۆژەیە جیادەکردەوە، بەمەش کراسی کوردی ژنانە شێوەفۆرمێکی کلۆشی وەردەگرت. ئێستا با روونی کەمەوە و بڵێم بۆچی وشەی تیرۆژە دەکەمە زاراوەیەکی سیاسیی و وەکو چەمکێک بەکاری دەهێنم. رەنگە ئەمە چەمکێکی نوێ بێت و کەس جگە لەمن هەرگیز بەکاری نەهێنابێت. کەرکوک بۆچی تیرۆژەیە؟

کەرکوک کە پایتەختی گەرمەسێری باشوری کوردستانە و گەرمیانیش بەشێکی زۆری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، هەمیشە هێڵی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق بووە، هەرکاتێک بەریەک کەوتنێک رووی دابێت، وەکو شارێک چەپۆکەی هەردوولای بەرکەوتبێت ئاوا هاتۆتە بەرچاو کە لەنێوان هەردووکیاندا بووە. لە کاتی راپەڕیندا بەشێکی گەرمیان کەوتە ژێردەسەلاتی هەرێم و بەشێکیشی کەوتە ناو دەسەلاتی حکومەتی عیراقەوە، بەڵام هیچی هێندەی ئەوە مەترسی دارنەبوو کە بوو بە تیرۆژەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە تیرۆریستییەکەی داعش، هەر پێشڕەوییەکی داعش لەناو موسڵەوە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەناو کەرکوکدا تێدەپەڕی، واتە لە پشتی کراسەکەوە بۆ پێشی کراسەکە دەبوو تیرۆژەکە پردی پەڕینەوەبێت، کەوایە کەرکوک هێڵی تەماسی بەرگریی کورد بوو بۆ ئەوەی داعش لە کوردستان نزیک نەبێتەوە. ئەم هێڵە تەماسە ئەو تیرۆژەیەیە کە من باسی ئەکەم. ئێ خۆ لە یادەوەری هەمووشماندا ماوە کە لە هەڤدەی ئۆکتۆبەردا چۆن سوپای داپڵۆسێنەری عێراق ویستی بە کەرکوکدا بپەڕێتەوە بۆ کوردستان و چۆن چەندین رۆڵەی ئەو شارە بوون بەژێر دەبابەکانی سوپای عیراقی بەناو فیدرالیەوە. چیمان دی؟

بینیمان کە رۆڵەکانی کەرکوک چۆن رووبەرووی سوپای عیراق وەستان. ئەگەر ئەم جوگرافیای بە تیرۆژە بوونە، بریتیی بێت لە مانیفێستی قوڵی بەرگریی و فەلسەفەی سیاسیی و سەربازی نەتەوەیەک، ئەوە دەکرێت بە مانیفێستێکی قووڵی سۆسیۆلۆژیا و دەروونییش ئەژماری بکەین، کە فەلسەفەی بوون و ڕۆحی نەتەوەیەک لە کۆمەڵێك ڕەهەندی جیاوازی جوگرافیا و مێژوی بەرگریی و مەرگ و مانەوەدا و بەرجەستە بکات. ئەمە تابلۆیەکە بە ڕەنگەکانی مانەوە، یاخیبوون و وەفاداری بۆ نەتەوە، بۆ نیشتمان کێشراوە، کە تێیدا جوگرافیا دەبێتە ناسنامە و مێژووش دەبێتە وانەیەکی زیندوو. ئەوە گەورەیی گەرمیان و گەرمەسێر و کەرکوکە پایتەختەکەیەتی.

ئێستا من پێم خۆشە لەناو چەمکی مردندا باس لە شکۆیەکی تر بکەم. شکۆی رۆشتن بەرەو مردن، بەڵام لەناو ئەم شکۆیەدا، شکۆمەندییەکی دیکە بەرجەستەبکەم، کە رەنگە هەندێک لە باسەکانی سەرەوە دووربکەومەوە بەلام هەر لەناو هەمان چوارچێوەو هەرمانەدایە. شکۆیەک کە مردووەکانی بە شکۆمەندییەوە بەڕێ دەکات کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان دەتوێنێتەوە.

کە ئەویش چەمکی هاوڕێیەتیە لە مردندا.

ئەگەر بمانەوێت لەم شکۆمەندییەی مەرگ و چەمکی هاوڕێیەتییە تێبگەین، تەنها بەسە بڕوانینە ساتی ماڵئاوایی و شەوی هێنانەوەی تەرمی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری جوانەمەرگ (هەڵکەوت عەزیز)، لەو شەوەدا، بینیمان چۆن خەڵکی کەرکوک و هاوڕێ و هاوپیشەکانی، بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ پارتێک و چ کەناڵێکی میدیایین، لە پارتییەوە تا یەکێتی و ئیسلامی و ڕەنگەکانی دیکە، پێکەوە لە دەوری تەرمەکەی دەگریان. هەرچەندە هەڵکەوت لە کەناڵی کەرکوکەوە ڕووی لە ڕووداو کردبوو، بەڵام هاوڕێکانی پێشووی لە کەرکوک تیڤی و میدیاکارانی کەناڵەکانی دیکەشەوە، بەهەمان پەرۆشی و سۆزەوە شیوەنیان بۆ دەکرد. ئەو فرمێسکانەی لەو شەوەدا ڕژان، ڕاستەقینەترین بەڵگەی ئەو هاوڕێیەتییە قووڵە بوون کە لە ناخی کەرکوکییەکاندا ڕەگی داکوتاوە. لەو ساتەدا نە حیزب مابوو نە ئایدۆلۆژیا، تەنها و تەنها مرۆڤایەتی و وەفایەکی بێگەرد مابووەوە.

لێرەوەیە دەگەینە ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەی کە پێمان دەڵێت: مرۆڤ ئەگەر بیەوێت بژی و ژیریی مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، با هەولێریانە بژی. ئەگەر ویستی دەنگی هەق بێت و لە پێناو هەق و دادپەروەرییدا بجەنگێت و ببێتە سێبەری دڵەڕاوکێ بۆ ستەمکاران، با

سلێمانیانە تێبکۆشێت. بەڵام کاتێکیش تیرۆژەی خەبات با کەرکوکییەکانە پشوویەکی فراوان بە بەرەی جەنگەکان بدات و کاتێکیش وادەی وادەی مەرگ نزیک بووەوە، با ئاواتەخواز بێت کەرکوکیانە بمرێت، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی مرۆڤانێک بەڕێ بکرێت کە لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە، شکۆ بە مەرگ دەبەخشن و هاوڕێیەتی دەکەنە تاجی سەر تەرمەکەی.

 سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی رێگەی ئازادی کورد و کوردستان و لە هەڵکەوت عەزیز، وە سڵاو لەو شکۆمەندییەی کەرکوک کە فێری کردین چۆن پێکەوە بژین و چۆنیش بۆ یەکتر بگرین. 

((لە کەرکوکدا، فەلسەفەی بوون و ڕۆحی نەتەوەیەک لە سێ ڕەهەندی جیاوازدا. تابلۆیەکە بە ڕەنگەکانی مانەوە، یاخیبوون و وەفاداری کێشراوە، کە تێیدا جوگرافیا دەبێتە ناسنامە و مێژووش دەبێتە وانەیەکی زیندو))

لە کەرکوکدا، هاوڕێیەتی و پێکەوەژیان عەقدێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو عەهدێکی کۆمەڵایەتییە کە هاوڕێکان بە یەکترییەوە گرێ دەدات.

 لەنێوان ئەم هاوڕێیانەدا کە دەچنە نێو پرۆسەی ئەم عەهدە کۆمەڵایەتییەوە، نە ڕکابەریی سیاسی دەمێنێت، نە جیاوازیی ئایدۆلۆژی، ئەوەی رۆڵ دەبینێت، تەنها مرۆڤایەتی و ئەو پەیمانی هاوڕێیەتییەیە کە پەیامەکەی کەرکوکییەکان لە کاتی مەرگدا وەکویەک جەستە بەرجەستەی دەکەن.

ئەی کە جوانە لەکەرکوکدا بمریت و فرمێسکی هاوڕێکانت پۆشاکی سەفەرت بێت.