سەرکردایەتیکردن؛ قۆناغی دووەمی دەستبەسەرداگرتنی هەویەت لە بزووتنەوەی سیاسی کورددا.
پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکەوە، پێویستە چەند چەمکێک کە لەم بابەتەدا بەکارهێنراون پێناسە بکەین:
- هەویەتی نەتەوەیی: هەستی تاک بە سەر بە نەتەوە و مێژوو و زمان و کولتوور و خاکێکی هاوبەش. لەم وتارەدا هەویەتی کورد بە هەوێنی هەموو هەویەتی سیاسییەکان دادەنرێت.
- پارتیئیسم(حیزبگەرا: دۆخێکە کە حیزب لە کەرەستەیەکی سیاسییەوە دەگۆڕدرێت بۆ گرنگترین هەویەت تاک، وە دڵسۆزی بۆ حیزب لە پێش وەفاداری بۆ میللەت دەبێت.
- لیدرائیسم (سەرۆک سەنتەری): قۆناغێکە کە هەویەت حزبیش لە کەسایەتی سەرکردەدا سەنتەر دەبێت، دڵسۆزی بۆ سەرکردە جێگەی دڵسۆزی بۆ حیزب و بنەماکانی دەگرێتەوە. سەرکردە ئیتر تەنها بەرپرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەبێتە پێوەرێکی حەقیقەت و شەرعی.
- پاتریارکیسمی سیاسی (باوک سالاری سیاسی): پێکهاتەیەک کە تێیدا سەرکردە نەک وەک بەرپرسێکی لێپرسینەوە، بەڵکو وەک "باوک" ناسراوە. لە بونیادێکی وادا پەیوەندی سیاسی دەبێتە پەیوەندییەکی سۆزداری و پلەبەندی و ڕەخنەش جێگەی خۆی دەداتەوە بە گوێڕایەڵی.
ئەم چەمکانە "پارتیئیسم"، "لیدرائیسم" و "پاتریارکیسمی سیاسی" دەست بە سەر هەویەتی نەتەوەیی دەگرن و هەویەتی نەتەوەیی تاک وردە وردە دەتوێتەوە بۆ هەویەتی حزبی، پاشان هەویەتی حزبی تێکەڵ بە سەرکردە دەبێت و دواجار پەیوەندی سیاسی دەبێتە پەیوەندییەکی باوک و منداڵی.
لە یەکەم وتاری ئەم زنجیرەیەدا بەناونیشانی "قەیرانی هەویەت لە بزووتنەوەی سیاسی کوردستان پارتیئیسم" ئیدعم کردکە گەورەترین قەیرانی بزووتنەوەی سیاسی کورد فرەیی حزبەکان نییە، بەڵکو ئاوارەبوونی هەویەتە. بەڵام ئەم پرۆسەیە هەر بەوەوە ناوەستێت. قۆناغی دووەم ئەوەیە کە حیزبیش وردە وردە لە کەسایەتی سەرکردەدا کورت دەکرێتەوە. لەم خاڵەوە گرنگە ئایدۆلۆژیای حیزب نییە، بەڵکو ئیرادەی سەرکردەیە. من ئەم دۆخە بە "لیدرائیسم" ناودەبەم.
حیزب لە ئەسڵدا دامەزراوەیەکە، بەڵام هەرکات ئەم دامەزراوانە لاواز بوون، کەسایەتییەکان جێگەیان دەگرنەوە. ئەندامان لەبری دڵسۆزی بۆ بنەما و بەرنامەی حیزب، دڵسۆزییان بۆ سەرکردە دەگوازنەوە. سەرکردە وردە وردە دەبێتە خودی حیزب. ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەرکردە وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حیزب لێکدەدرێتەوە و بەرگریکردن لە سەرکردە جێگەی بەرگریکردن لە ئامانجەکانی حیزب دەگرێتەوە. لەم کەشەدا سەرکردە پیرۆز دەکرێت و پرسیارکردن لێی دەبێتە بێڕێزی. بەم هۆیەوە بیرمەند و ڕەخنەگران یان بێدەنگ دەبن یان دەکشێنەوە یان حزبەکە بەجێدەهێڵن. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێکخراوێکی مردووە.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە گۆڕیی درێژخایەنی سەرکردەکان بۆ چەندین دەیە چی لێ دەکەوێتەوە؟ لە زۆر حیزبی کوردیدا سەرکردەیەک دەبینین کە بۆ چوار یان پێنج دەیە لە سەرکردایەتی ماوەتەوە. گۆڕینەوەیان زۆرجار بە مەترسیی لەتبوون، ئینشیعاب و دروستبوونی کێشەی گەورە دادەنرێت. هەندێک لەم سەرکردانە خۆیان دەزانن کە لە کۆنگرەدا دەنگی پێویستیان نییە، بەڵام بەهۆی ترس لە لەتبوون یان بەرژەوەندیی تایبەت، مانەوەیان درێژە پێدەدرێت. نەگۆڕینیشیان ئەم بارودۆخەی ئێستای پێکهێناوە کە مانەوەیە قۆناغی کۆتایی دەستبەسەرداگرتنی هەویەت دەخاتە ڕوو کە بریتییە لە پاتریارکیسمی سیاسی. سەرکردە وەک "باوک" ناسراوە، پەیوەندیی سیاسی دەبێتە پەیوەندییەکی سۆزداری و گوێڕایەڵی. دژایەتیکردنی بڕیارێکی سەرکردە وەک بێڕێزی بە "باوک" لێکدەدرێتەوە. لەم ساتەوە حیزب توانای چاکسازی لە خۆیدا لەدەست دەدات و لەبری بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ، دەبێتە دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا و مانەوەی کەسایەتییەکان.
لە کۆتایدا، بزووتنەوەی کوردی پێویستی بە مرۆڤی ئازاد هەیە بۆ سەرکەوتن، نەک شوێنکەوتووی گوێڕایەڵ. گەر میللەت لە حیزبدا هەڵبوەشێتەوە و حیزب لە سەرکردەدا هەڵبوەشێتەوە، ئەمە ئەوەیە کە من پێی دەڵێم دەستبەسەرداگرتنی هەویەت. تاکە ڕێگە بۆ شکاندنی ئەم کۆستە گەڕانەوەیە بۆ بنەمایەکی بنەڕەتی کە هیچ سەرکردەیەک و هیچ حیزبێک و هیچ ڕێکخراوێک لە نەتەوە گەورەتر نییە.