بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، پێش ئەوەی ڕێکخراوی سیاسی بن، دەرکەوتەیەکی مێژووی کورد بووە بۆ رزگاری کە بە شێخ و میر… رێبەری دەکران کە نزیک بە سەدەیەکە ئەو بزووتنەوانە بوونەتە ریکخراوی وحیزبی، و حیزبیش تەنیا یەکێکە لە ئامرازەکە کە دەستیەک خەلک بۆ ئامانج یا کۆمەڵە ئامانجێکی دیاری کراو کە لە ژێر کۆمەلێک یاسا یەک دەگرن تەشکیلاتێک دروست دەکەن کە پەی دەوترێت حیزب.
کەواتە حیزب بێجگە لە ئەمرازێک، هیچ دیکە نییە بەڵام ئەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد دیاردەیەکی بۆ ئێمە خستۆتە ڕوو کە بە دەگمەن بیرمان لێکردۆتەوە؛ دیاردەیەک کە دەتوانرێت پێی بڵێین "پارتیئیسم" کە تاکی کورد بە هەویەتی خۆیەوە بۆ بەرژەوەندی گەل دەچێتە حیزبێکی سیاسییەوە، بەڵام وردە وردە شوناسی خۆی دەتوێتەوە بۆ شوناسی حیزبی. ئیتر بۆ لە ڕوانگەی کوردستانەوە دونیا نابینێت، بەڵکو لە چاویلکەی حیزبەکەیەوە سەیری کوردستان دەکات. ئەمە سەرەتای قەیرانەکانە کە هەرکاتێک ئەم هەویەتە گۆڕا و حیزب فەلسەفەی بوونی خۆی لەدەست دەدات.
هەموو چالاکانی سیاسی کورد بە بیرێکی هاوبەش دەچنە ناو حیزبەوە ، ئەویش خۆشەویستی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە چارەنووسی هاوبەشدا . بەڵام لە زۆر حاڵەتدا دوای چوونە ناو ڕێکخراوەکە، پێوەرەکان دەگۆڕدرێن و بەرگریکردن لە حیزب جێگەی بەرگریکردن لە نەتەوە دەگرێتەوە و سەرکەوتنی حیزب لە سەرکەوتنی کوردستان گرنگتر دەبێت و ڕەخنە لە سەرکردەکانی حیزب وەک خیانەت سەیر دەکرێت، نەک دەرفەتێک بۆ چاکسازی، جنێو دان هەرەشە بەشیک دبێت لەکاری رۆژانەیان تا تیرۆر شەخسی و کەسایەتیەکان وهەروەها دۆستایەتی و دوژمنایەتی نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی، بەڵکو لەسەر بنەمای سنووری ڕێکخراوەیی پێناسە دەکرێت. لە هەلومەرجێکی وادا، تاک سەرەتا کورد نییە؛ بەلکوو ئەندامی حیزبە و ئەمە ئەو ساتەیە کە هەویەتی نەتەوەیی جێگەی خۆی بە هەویەتی حیزبی دەدات رۆژ لە دوای رۆژ حیزب دروست دەبێت و زۆربوونی حیزبەکان نیشانەی قەیرانی هەویەتە ، لە کاتێکدا زۆرینەی حیزبەکان فەرقەکیان نییە ویست و ئایدولۆژیدا، بێ گومان جیاوازی بیروڕا کەم هەیە و کە پرسیار ئەوەیە، بە ئەو هەموو لێکچوونە هۆی دابەشبوون و بەرهەمهێنانی ڕێکخراوێکی نوێ چییە؟ بە دڵنیایەوە دەبێت وەڵامەکەی لە هەویەتی حزبی و سەرکردەیدا بگەڕێیین
کاتێک حیزبێک خۆی بوو بە هەویەت سەرکردەکەشی پیرۆز کرا ، جیابوونەوە تاک لەی بە مانای لەدەستدانی هەویەت دادەنرێت. بۆیە هەموو جیاوازییەک دەبێتە هۆی دامەزراندنی حزبێکی نوێ نەک چاکسازی ناوخۆیی. بۆیە زۆربوونی حیزبەکان دەتوانێ نیشانەی لاوازی بێت لە پێکهێنانی هەویەتی گشتی نەتەوەیی،. لەکاتێکدا ئیمەی نەتەوە پارچە پارچە نابین ؛ بەڵام سیاسەت دەتوانێت بە پارچە پارچە بیبینێت
هەر حیزبێک بێجگە لە خۆی ئەوانی تر وەک ڕکابەر، یان لادەر، یان تەنانەت بەربەست بۆ ئازادی دەناسێنێت کە لە ئەنجامدا ئەوەی دەبێ سەرچاوەی یەکڕیزی بێت، دەبێتە مەیدانی کێبڕکێ کە لە ئەم دۆخە گەورەترین بەربەست دەبێت لەبەردەم پێکهێنانی ئیرادەیەکی هاوبەشی نیشتمانی لە هەرێمدا و خەبات لە ڕێبازە ڕەسەنەکەی لادەدا
ئەمڕۆ زیاتر لە جاران، بزووتنەوەی سیاسی کورد پێویستی بە گەڕانەوە بۆ بنەمای یەکەمی خۆی و هیچ هەویەتەک لە سەرووی کوردایەتیدا نەنێت هەرحەول بۆ سەرکەوتنێکی ڕێکخراوەیی دەتوانێت ببێتە هۆی شکستی نەتەوایەتی.
ئایندەی کوردستان لەو ڕۆژەوە دەست پێدەکات کە هەموومان بەبێ گوێدانە پەیوەندییە سیاسییەکان، ڕاستییەکی سادەمان لەبیربێت کە حزب هەڵبژاردەی ئێمەیە؛ بەڵام کوردستان هەویەتی ئێمەیە.
وە هەر کاتێک ئەم دووانە کەوتنە ململانێ، ئەوەی دەبێ بمێنێتەوە حزب نییە، بەڵکو نەتەویە.
بەڕای من بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان کاتێک دەچنە ناو قەیرانێکەوە کە حیزب جێگەی نەتەوە دەگرێتەوە؛ چونکە لەو ساتەدا دڵسۆزی بۆ ڕێکخراو لە دڵسۆزی بۆ خاک و گەل تێدەپەڕێت.
("پارتیئیسم" وشەیەکە کە لە پارت و ئیسم پێک هاتووە بۆ یەکم جارە ئەم وشە لە دنیای سیاسیدا بەکار دێت و من ئەو وشەم بۆ کەسانی مێشک حیزبی یا حیزبگەرا بەکار هێناوە هیوادارم بتوانم کاری لەسەر کەم و بێتە ناو دنیای سیاسیەوە)