ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، ڕژێمی تێرۆریستی ئێران سزای سێدارەی دوو بەندکراوی لە بەندیخانەکانی کرماشان و سمنان جێبەجێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، خەسرەو ئەحەدی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان و تەمەن ٢٧ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە سزای سێدارەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
خەسرەو ئەحەدی نزیکەی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگاکانی ڕژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، خەلیل پەناهی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٨ ساڵی دانیشتووی سمنان، لە بەندیخانەی ئەم شارە سزای سێدارەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
خەلیل پەناهیش سێ ساڵ پێش بە هەمان تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچووبوو.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، میدیاکانی ناوخۆیی ئێران و ناوەندە فەرمییەکانی دەزگای دادوەری ڕژێمی تێرۆریستی ئێران هیچ ڕاگەیاندنێکیان لەبارەی جێبەجێکردنی سزاکانەوە نەکردووە.
ڕێکخراوی هەنگاو کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە، بەردەوام هەواڵەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و هەموو ئێران ڕووماڵ دەکات.