دکتۆر ئازاد نەجاڕ، پزیشک و داهێنەری ناسراوی کورد خەڵکی ئاکرێ و دانیشتووی سوید، سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی زانستی گەورەی ڕاگەیاند کە بریتییە لە پەرەپێدانی دڵێکی دەستکرد بە مۆدێلێکی نوێ و پێشکەوتوو.

ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانستە پزیشکییەکان مۆڵەتی فەرمی بە داهێنانەکەی بەخشیوە و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان، دەست بە چاندنی ئەو دڵە دەستکردە لە جەستەی نەخۆشاندا بکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی دکتۆر ئازاد، هەولێر دەبێتە یەکەم وێستگەی جیهانی بۆ چاندنی ئەم دڵە دەستکردە. یەکەم و سێیەم نەخۆش لە هەرێمی کوردستان دەبن و نەخۆشی دووەمیش هاوڵاتییەکی سویدی دەبێت.

دکتۆر ئازاد ڕوونیکردەوە کە ئەم دڵە دەستکردە نوێیە بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە کێشە تەقلیدییەکانی دڵ، بەتایبەت مەترسییەکانی جەڵتە، تێدەپەڕێنێت و میکانیزمێکی کارکردنی تایبەتی هەیە کە لە ئاڵۆزییە پزیشکییەکانی پێشوو دوورە.

نرخی ئەو دڵە دەستکردە 120 هەزار دۆلارە. بەپێی وتەکانی دکتۆر ئازاد، شەش مانگ پێویستە بۆ دروستکردنی دڵێک، بەڵام کاتێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەرنامەیان هەیە بە مانگێک دڵێک دروست بکەن.

دڵەکە بەشێوەیەکی بێدەنگ کاردەکات و قەبارەی بچووکە و وەک دڵی سروشتی کاردەکات. ئەم دەستکەوتە زانستییە وەک هەنگاوێکی مێژوویی لە بواری پزیشکیدا دەبینرێت و چاوەڕواندەکرێت ناوی کورد و هەرێمی کوردستان لە ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا بەرزبکاتەوە.