بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢ی مەیی ٢٠٢٦)، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٦ ساڵ و یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە لەسێدارە دران.
ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی مێهر جێبەجێکردنی سزای ئەم دوو بەندکراوەی بە ڕەسمی پشتڕاست کردووەتەوە. ئەم دوو کەسە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کرابووەوە.
یەعقووب کەریمپوور، دەرچووی بەشی یاسای گشتی و خەڵکی میاندواو، لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو. لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەفساد فی ئەلئەرز لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بە کوشتنی حکوومەتی و پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت. دۆسیەکانی ئەم دوو بەندکراوە پڕ بووە لە ناڕوونیی یاسایی و دانپێدانانەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابوو.