بەپێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به ڕووداو٢٤ گه‌یشتوون، کۆمەڵگەی کوردی لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن ڕووبەڕووی وتاری دژە کۆچبەری و ڕەگەزپەرستی دەبێتەوە.

ئەم ڕەفتارانە لەلایەن هەندێک لە کەسایەتییە ڕاستڕەو و گرووپە نەتەوەپەرستەکانەوە بەرزکراونەتەوە، کە بەرامبەر بە کۆچبەرانی کورد هەڵوێستی نەرێنییان هەیە.

کوردەکانی تۆکیۆ کە زۆربەیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی شەڕ و نالەبارییەوە کۆچیان کردووە، ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی ناڕاستی و جیاکاری کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ژاپۆن بە بەکارهێنانی وشەی نەرێنی بەرامبەر بە کوردەکان، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕەگەزپەرستی لە نێو کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگەی کوردی لە تۆکیۆ بە هاوکاری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم وتارانە دەدەن، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەوڵانە هێشتا بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوونە.