سوتانی زبڵ و پاشەڕۆ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەتوانێ ببێتە پلانی جێگرەوەی کارەبای ٢٤کاتژمێری. پێشتر ئەم جۆرە وێستگانە لەوڵاتانی پێشکەوتوو تاقیکراوەتەوە و هەیە. پیستبونی ژینگە بەهۆی دوکەڵی ئەم جۆرە وێستگانە زیانەکانی زۆر کەمترە لەوەی زبڵ و پاشەڕۆکان لەناوچەیەکی دیاریکراو لە خاکدا بنێژرێت یان بسوتێنرێت و ڕاستەوخۆ دوکەڵەکەی بچێتە هەواوە.
ئەشێت، سوتانی زبڵ لە فڕنی بەرهەمهێنانی کارەبادا بابەتێکی پڕ مشت و مڕ بێت بۆ ژینگەپارێزان. بەڵام ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە بێ بنەمایە! چونکە، ناتوانین بازبدەین بەسەر ئەو ڕاستیەی لە کوردستان زبڵێکی زۆری تێکەڵ هەیە بە ڕێگای نازانستی لەخاکدا دەنێژرێت، ئایا بەدوای ئەوەدا گەڕاوین یان پرسیار لەکەسی شارەزاکراوە؟ کە، بەراوردی زیانەکانی ئەم دوو ڕێگایە چەند جێگایی سەرنجە! بێگومان، نەخێر! دواجار، قسەی گیرفان و میزاجی کەسی ناکرێ ببێتە سەنتەری ئەم مشت و مڕانە.
بۆچی زیانەکانی سوتانی زبڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر کەمە؟ چونکە لە کوردستان زبڵی تێکەڵ هەیە، خەڵک وشیاری جیاکردنەوەی زبڵی نیە! زبڵی تێکەڵیش ڕیسایکڵ ناکرێ، هەر لەبنەڕەتیشدا کارگەی ڕیسایکڵ بونی نیە. هەربۆیە، ئەگەر ئەو زبڵە تێکەڵە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربێت ئەو دوکەڵەی لە لولەکێشی فڕنی ئەم وێستگانەوە دەردەچێت فلتەری بۆ دادەنرێت. فلتەرەکەش بریتیە لە ئاوپڕژێنی دوکەڵەکە پێش دەرچونی. بەمەش، کانزا قورسەکان دەکەونە خوارەوە. بڕێکی زۆرکەمی دەربازی دەبێت و دەچێتە هەواوە کاریگەری زۆر نابێت. ئەو ئاوەی لە خوارەوە دەمێنێتەوە پیسە پڕە لە کانزا و تەنۆڵکەی قورس! ئەم ئاوە بە ڕیگایی بە ئایۆنکردن کانزا قورسەکانی لێ جیادەکرێتەوە. دواتر، ئەو ئاوەی دەمێنێتەوە ناتوانین بڵێن پاکە بەڵام دەتوانرێ تێکەڵی ڕوبار و پۆند و کەناڵەکان بکرێتەوە زیانەکانی زۆر لاوەکی و کەم کاریگەر دەبن. کەواتە، دەکرێ بڵێن سودی ئەم وێستگانە زۆر لە زیانی زیاترە بەراورد بەڕێگاکانی تری لەناوبردنی زبڵی تێکەڵ.
سەرباری ئەمە، ئەم وێستگانە کۆمەڵێک سودی زۆر زیاتری هەیە. ئەو گەرمایەیی لەو هەڵمە دەمێنێتەوە دوایی ئیش پێکردنی تۆرباینەکان دەتوانرێ بنێرێت بۆ گەڕەک و شارەکان بۆ گەرمکردنەوەی ماڵان. هەروەک، لەهەندێ شاری ئەوروپادا کراوە. لەهەندێ کارگە، دوانۆکسیدی کاربۆنەکەی دەفرۆشرێت بە خانوە پلاستیکی و شوشەکانی بەرهەمهێنانی ڕووەک، چونکە، دوانۆکسید بۆ ڕووەک گرنگە! خۆڵەمێشەکەشی بۆ دروستکردنی جۆرە خشتێکی زۆر بەهێز بەکاردێت یان دەکرێتە ژێر قیرەوە لە دروستکردنی ڕێگاوبان. سەڕایی، دروستکردنی هەلێکی زۆری کارکردن لەم بوارەدا و بوژانەوەی ئابوری و ژیرخان. بەگشتی، سودەکانی ناوازە و سەرنج بزوێنە.
لە دوا وێستگەدا، هەندێ پڕۆژە شانازی دروست دەکات شانازیش نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی بەرهەم دێنێت. چونکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پڕۆژانە نەکراوە، سەرنجی جیهان ڕادەکێشێت. تەنانەت، تورکیا بەو زەبەلاحیەی ئەم زبڵە تێکەڵانە دەفرۆشێت بە ئەوروپا و ئەوانیش کارەبا و گەرمی لێ بەرهەم دێنن.