لە کۆنگرەیەکدا کە بە ناوی « کۆنفرانسی ئازادی ئێران» ناسرا، حیزبە کوردییەکانی وەک PJAK، کۆمەڵەی شۆرشگێر و حزبی دیموکراتی کوردستانی ایران بەشدارییان کرد، بە ئامانجی دروستکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ هاوکاریی سیاسی لە ئێرانی دوای جمهوری اسلامی. لە ڕوانگەی سیاسی و یاساییەوە، ئەم کۆنگرەیە دەتوانرا وەک دەرفەتێکی گرنگ ببینرێت بۆ ئەوەی گەلە ستەملێکراوەکان، بە تایبەتی کورد، دەنگی خۆیان بە شێوەیەکی ڕوون و بە پشت بەستن بە یاسای نێو دەڵەتی باس لە سەر مافەکانیان بکەن و بە گوێی نوخبەی ئیرانی بگەیەنن. بەڵام، ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوویدا، زیاتر نیشانەی کەمکاریی گوتاری، خۆسانسۆرکردن و دوورکەوتنەوە بوو لە چارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان.
لە جێی ئەوەی نوێنەرانی ئەم حیزبانە باس لە ئێران بکەن لە ڕوانگەی نەتەوەیەک کە بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە تووشی ستەم و هەڵاواردن بووە، وتارەکانیان لە چوارچێوەیەکی گشتی و ناوەندگەرای «ئێرانی»دا بوو. ئەمە بە مانای ئەوە بوو کە تایبەتمەندییەکانی کێشەی کورد، وەک گرووپێکی نەتەوەیی، لە ناو گوتارێکی گشتی دا ون بوو. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی تێکچوونی بنەمای «ناسین و پاراستنی فرەیی» کە لە زۆر بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیدا هاتووە.
لە هەمان کاتدا، مەسەلەی پێشێل
کردنی مافەکانی مرۆڤ جێی خاڵی بوو لە گوتاری ئەم حزبانەدا نە تەنها لە سەردەمی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵکو لە سەردەمی پاشایەتیشدا. ئەم سکوتە، لە ڕوانگەی دادپەروەریی گواستنەوەیی (transitional justice)ەوە، کێشەیەکی گەورەیە، چونکە هیچ سیستەمێکی داهاتوو ناتوانێت بە بێ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و داننان بە تاوانەکانی ڕابردوو، بنیات بنرێت. ئەم خۆپاراستنە لە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە، نیشانەی ئەوەیە کە حیزبەکان هێشتا لە نێوان مصلەحەتی سیاسی و ڕاستگۆیی مێژوویی دا گیران.
هەروەها، ئەوەی بە ڕوونی دەبینرێت، قەیرانێکی نوێنەرایەتییە. ئەو داواکارییانەی کە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەیەکی ڕوون و بەردەوام هەیە، وەک خۆبەڕێوەبردن، مافی زمان، و سەروەری لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکان، لە ئاستی گوتاری سیاسیی ئەم حیزبانەدا بوونی نیە. ئەمە وایکردووە کە قەیرانی گوتار لە نێوان خەڵکی کورد و حزبەکان دروست بێ و حزبەکان دووربکەونە لە کۆمەلگا و ئەم دوورییە دەتوانێت بە لاوازبوونی مشروعیەتیان بکەوێت.
لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، ئەوەی ڕوویداوە دەتوانرێت وەک جۆرێک لە وەرگرتنی هێژمۆنیی گوتاری ناوەندگەرایی لێکبدات. واتە حیزبە کوردییەکان، بەجێی ئەوەی چوارچێوەی گوتاری خۆیان دروست بکەن، خۆیان لە ناو چوارچێوەی گوتاری ئیرانچیەتی دابنێن. ئەمە بە شێوەیەکی درێژخایەن دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی هەر داواکارییەکی جیدی.
لە بوارێکی دیکەدا، ناڕوونییەکی دیاریکراو هەبوو لەسەر ستراتیژیی سیاسیی داهاتوو. نوێنەرانی ئەم حیزبانە نەیانویست یان نەیانویستووە بە ڕوونی بڵێن کە ئایا چییان دەوێت: فیدرالیسم، خۆبەڕێوەبردن، یان مافێکی فراوانتر لە چوارچێوەی مافی دیاری کردنی چارەنووس. لە سیاستدا، ئەم ناڕوونییە زۆرجار دەبێتە هۆی کەمبوونی هێزی دانوساندن و لەدەستدانی متمانە.
بە هەمان شێوە، کەمکارییەکی گەورە هەبوو لە بەکارهێنانی زمان و چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا کە مافەکانی وەک مافی چارەنووس، مافی زمان، و مافە نەتەوەییەکان بە ڕوونی لە یاسای نێودەوڵەتیدا پارێزراون، ئەم حیزبانە کەمتر سوودیان لەو سەرچاوە یاساییانە وەرگرت. ئەمە نیشانەی لاوازییەکی دیپلۆماسیی یاسایییە کە دەتوانێت کاریگەریی نێودەوڵەتیی داواکارییەکانیان کەم بکات.
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە ئەم کۆنگرەیە، بەهۆی ئەم کەمکارییانە، نەیتوانی وەک پلاتفۆرمێکی ڕاستەقینە بۆ دەربڕینی مافەکانی کورد کاربکات. ئەگەر حیزبە کوردییەکان نەبنە خاوەنی گوتارێکی ڕوون، یاسایی و پشتبەستوو بە مێژووی خۆیان، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە لە داهاتووی سیاسیی ئێراندا نە تەنها دەنگی بەهێز نەبن، بەڵکو ڕۆڵییان بەردەوام کەمببێتەوە. گەڕانەوە بۆ گوتارێکی ڕاستگۆ، بێترس و مافمحۆر، بنەمای هەر ستراتیژییەکی سەرکەوتووە بۆ داهاتوو.