بە گشتی هیچ پێشکەوتنێک بەدی ناکرێ لە ناو سوریا ، ئەحمەد جۆلانی و دار و دەستەکەی ، بە شێوەیەک وابەستەی دەوڵەتی تورک بوونە ، ناوێرن هیچ جوڵەیەک بە بێ تورکیا ئەنجام بدەن و دانیشتوانی وڵاتەکە بەرەو کەناری ئارامی ببەن
ئەمڕۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ جوڵەیەکی دڵخۆشی بەدی نەکرا ، بگرە هێزێکی زۆری هەسەدە گەیەندرایە بەرەکانی پێشەوەی و بەرەنگار بوونەوە ، لە شارە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریاش وەکو ناڕەزایەتیەک خەڵکەکە لە ماڵەکانیان نەهاتنە دەرەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاند
لە باشوری سوریاش بە تایبەتی هەر دوو شاری سوەیدا و قونەیتەرە هیچ جوڵەیەکی خۆشی بەدی نەکرا تەنها لە دەڕعا نەبێ کە سوننەکانی ئەو ناوچەیە لە یاریگای شارەکە کۆکرانەوە و لە تەواوی شارە گەورەکانی حەلەب و حمس و حەما و ئیدلب و دیمەشق و دێرزوریش لایەنگرانی شەڕع بە هوتاف و وتاری ئاگرین دژایەتی خۆیان بۆ نەمانی لایەن و کەمە نەتەوەیەکانی کورد و دروز و عەلەوی بە گشتی دەربڕی .
لە دیمەشق مانۆڕێکی سەربازی شەرم ئامێز ئەنجامدرا و چەندین جۆرە چەکی بچوک و مامناوەندی نا کاریگەر خرانە ڕوو ، لە هەموشیان سەیر تر مانۆڕی هێزی ماتۆڕسیکلەکان و چەند پەڕەشوتەوانێکی نەزان بوو .
شەڕعیش لە هەمان میمبەری مزگەوتی ئەمەوی بە جلی سەربازی دڕعەوە وتارێکی ئاینی و سوننە ئامێزی خوێندەوە و هیچ ئاماژەیەکیشی بۆ ژیانی پێکەوەیی و ئاسودەیی و چاککردنی باری نالەباری خەڵکی ڕانەگەیاند بە گشتی
لە دەرەوەی سوریاش ئاوارە سوریەکان لە حاڵەتێکی نالەبار ژیان دەکەن ، بۆ نمونە شەوی ڕابردو لە ئەستەمبوڵ ، ئاوارەکانی سوریا بە تایبەتیش سوننەکان ویستیان گردبونەوە ئەنجام بدەن ، لە پڕ تورکەکان پێش پۆلیس کەوتنە گیانی خەڵکی و ڕاویان دەنان و دەستگیریان دەکردن
لە وڵاتی ئەڵمانیاش ، حکومەت هەموو بەڵگەیەکی مانەوەی دژی سوننە مەزهەبەکانی سوریا ڕاگرت و لە چەندین شاریش گردبونەوە ڕویدا
هەواڵەکانی ناو سوریا ڕایدەگەیەنن کە زیاتر لە ۳٠ هەزار بەند کراو لە ماوەی ئەو ساڵەدا شوێن بزرن و کەس نازانێ چارەنوسیان چی دەبێ ، لە چەند ڕۆژی ڕابردو ئامارێ لە سەر منداڵی بێ دایک و باوک ( زۆڵ ) لە پارێزگای ئیدلیب بڵاوکرایەوە و مەزندە دەکرێ لە ۱۲ هەزار منداڵی بەرەڵا و بێسەرپەرشت بونیان هەبێ ، ئەوە بێجگە لە شارە گەورەکانی تر
فڕاندن و پەلاماردانی سکسی کچان و ژنانی ئەو وڵاتە لە لوتکە دایە و زۆربەشیان دوچاری مەرگ دەبنەوە .
شەڕع لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە هیچ ڕێککەوتنێک بکات ، نە لە گەڵ کەمە نەتەوەیەکانی کە وە نە لە گەڵ ئیسڕائیل وە نە لەگەڵ کۆمپانیا و ئەو وڵاتانەشی کە دەیانەوێ بەرهەمهێنان لەو وڵاتە کاولبوە ئەنجام بدەن ،
هۆکاری سەرەکیش بەرداشی هەر دوو دەوڵەتی تورکیا و ئیسڕائیلە و داواکاریەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەتی .
چاوەڕێ دەکرێ ئەگەر لە چەند مانگی داهاتوو شەڕع هەوڵێکی جددی نەدات و گۆڕانکاریەک لە دەستورە کاتیەکەی نەکات وشەی ( العربیە ) نەگۆڕێ بۆ فیدڕاڵی و ڕێککەوتن لە گەڵ هەریەکە لە دروز و عەلەوی و کوردا نەکات و دان بە مافەکانیان دا نەنێ ، زەحمەتە تا نیوەی ساڵی ۲٠۲٦ درێژە بە حوکمەکەی بدات و گوڕانکاری گەورە لە بەڕێوە بردنی سوریا ئەنجام نەدرێ
کێشەی سەرەکی بۆ شەڕع ، تێکەڵەی دانیشتوانی شارە گەورەکانە و هیچ شارێک نیە خەڵکەکەی سوننە نشین بن کە وەک چۆن بۆ خۆی و چەکدراەکانی دەیانەوێ ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی ئیسلامی سوننە مەزهەب لە ناوچەکە و تەواوی چەکدارە بیانیەکانیش کە ژمارەیان لە سەد هەزار تێپەڕ دەکات بیانکەن بە سوری و نەیان گەڕێننەوە وڵاتەکانی خۆیان
بەڵام ئایا ئەگەر ئەو ساڵە بە هەند وەربگیرێ کەس هەیە بڕوا بکات کە شەڕع و گروپە چەکدارەکانی پشتەوەی تا سەر بتوانن درێژە بە حوکمڕانیەکەیان بدەن و خەڵکەکەشی بچەوسێننەوە ؟