له بهردهوامی ڕاپهڕینهکانی خهڵکی کوردستان و هاوکات بهکارهێنانی چهک لهلایهن هێزهکانی ڕژێمی ئێران دژی خهڵکی مهدهنی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پهیامێکی بلاوکردهوه.
دهقی پهیامی ناوهندی هاوکاری حیزبهکانی کوردستانی ئێران!
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: بە فریای خەڵکی کوردستان بکەون
بەڕێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان!
کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!
دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ!
نزیک بە ٧٠ ڕۆژ بەسەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەربڵاوەکانی ئێراندا تێدەپەڕێ. چەخماغەی ئەم سەرهەڵدانە، ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی بێبەزەییانەی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە تاران بە دەستی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەم ناڕەزایەتییانە لە شاری سەقزی کوردستانەوە بە دروشمی "ژن، ژیانØ› ئازادی" زۆر هێمنانە دەستی پێکرد و بۆ هەموو کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران پەلی هاویشت و لە دەرەوەی وڵاتیش سەرنج و پشتیوانی زۆری کۆڕو کۆمەڵە سیاسی و غەیرە سیاسییەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. بەڵام وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم دۆخە سەرەتا حاشاکردن لە کوشتنی ژینا بوو، و دواتریش بە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران گیانی سەدان کەسی دیکەیان ئەستاند و خۆپێشاندانە ئارامەکانیان بەرەو توندوتیژی و کوشتن و گرتن ڕاکێشا.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی باس لەوە دەکەن کەم، لە ئاستی ئێراندا هەتا ئێستا ٤٤٥ کەس کوژراون کە ٦٣ کەس لەوان خوار تەمەن ١٨ ساڵ و ٤٣ کەس لەوان ژنن. هەر ئەو ئامارانە دەڵێن کە زۆرترین کوژراوەکان لە ناوچە هەمیشە پەراوێزخراوەکانی بەلوچستان و کوردستان بوون، بە جۆرێک کە لە کوردستان هەتا ئێستا شوناسی ١٠ ٨ کوژراو زاندراوە کە ١١ کەس لەوان منداڵ و ٥ کەس لەوان ژنن و لەو ئامارەش لانیکەم ٦ کەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە تاوانی بەکارهێنانی چەکی شەڕ دژ بە خۆپیشاندەران لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران، کوردستانی زیاتر لە هەر شوێنێک میلیتاریزە کردوە و دڕندانە خەڵک دەکوژێت، تەنانەت لە بەشێک لە شارەکانی وەک جوانڕۆ رژیم لە چەکی دۆشکا و گازی فرمێسکڕێژی ژەهراوی کەڵکی وەرگرتووە. لە کوردستان بە گشتی خەڵک بەشێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵکوژ کراون و لە کەرەستەی شەڕی نێوان وڵاتان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی مەدەنی و دەسبەتاڵی کوردستان کەڵک وەرگیراوە و ئەوەش بەتەواو مانا تاوان دژی مرۆڤایەتییە و کۆمەڵگەی جیهانی لەسەرشانیەتی پێش بە بەردەوامیی ئەو جینایەتانە بگرێت.
دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی و بەتایبەت لەو چەند ڕۆژەی دواییدا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی حکوومەت نیزامیی شەوانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا، بە شێوازی هەڕەمەکی و هۆڤیانە لە کۆڵانەوە تەقە لە ماڵی خەڵک دەکەن، و دواتر هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان، پیر و لاو، ژن و منداڵ دەدەنە بەر پەلامار و بە بیانووی بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا خەڵک لە ماڵەکانیان دێننە دەر و بە بێڕێزی و سووکایەتی و لێدان دەسبەسەریان دەکەن. جگە لەوەش لە زۆر شار و شوێن بۆ نموونە لە شارەکانی وەک بۆکان، جوانڕۆ و مەهاباد هێزە چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسداران لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا لەگەڵ گەیاندنی خەسار و زیان، زێڕوزیو و کەلوپەلی گرانبایی ماڵەکانیش بەتاڵان دەبەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ ئەوەی لە کوردستان رژیم دەرحەق بە خەڵک دەیکا جینایەتی جەنگی و تاوان دژی مرۆڤایەتییە. بۆیە پێشگرتن بە کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامیی جینایەتەکانیدا پێویستیی بە ڕێکار و هەنگاوی بەکردەوەی جیدتر و لێبڕاوانەترە. دیارە پەسندکردنی بڕیارنامەی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگروەکان دژی کۆماری ئیسلامی و دانانی کۆمیتەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان کارێکی بەجێ و شیاو بوو، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێ ڕێکاری جددیتر بۆ لێپرسینەوە و وڵامدەربوونی ئەو ڕێژیمە بگیرێتە بەر.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ دۆخی کوردستان و جینایەتەکانی رژیم ڕادەکێشێ و داوا لە ناوەندەکانی بڕیاردەر دەکا بەفریای خەڵکی کوردستانەوە بێن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٥ی سەرماوەزی ١٤٠ ١ - ٢٦/١١/٢٠ ٢٢