ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی (رووداو 24)
ڕووداو٢٤،ڕابردوو،ئێستا،داهاتوو
         

ناڕاستی گوفتاری ڕەجەب لەكرداریایەتی

ناڕاستی گوفتاری ڕەجەب لەكرداریایەتی
حەسەن ڕەحمان پەناە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "کورد لەسوریا برامانن‌و پارچەیەکن لەگیانی ئێمە ". ئەم وتەیه‌، یان لەڕاستیدا ئەم دەربڕینە فێڵاویەی ئەردۆغان، هێندە زەق‌و ناڕاستە کە تەنانەت لەوانەیە خۆیشی باوه‌ڕی پێنەکات؟ بەڵام ئەی ڕاستیەکەی چییەو ڕەجەب بۆ وادەڵێت؟

پاش ناڕەزایەتی جەماوەریی لەچەند وڵاتانی عەرەب لەئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە"بەهاری عەره‌بی" ناوی دەرکردو چەند دیكتاتۆری بەدناوو تاوانباری ڕوخاندو بەداخەوە زۆریش بەهار نەبوو و بەهۆی تەداخولی دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران، سعودیه‌و قەتەر، کە لەبەرژەوەندیان نەبوو، لەنەبوونی ڕەوتێکی چەپ، سکۆلارو پێشکەوتنخواز کە بتوانێت جەماوەری خەڵک بۆ ژیان‌و ئازادی ڕێکبخات، هەر زوو بوو بەپاییزو ڕەوتە کۆنەپارێزو جیهادیە ئیسلامیەکان هاتنە پێش، دەستی باڵایان پێداکردو بەلاڕێیاندا برد.

تەوژمی ئەو هەڵسانە جەماوەریە پاش ساڵێک، واتە لەهاوینی 2012 گەیشتە سوریاو ئەو وڵاتەیش بوو بەگۆرەپانی سەرهەڵدان‌و ناڕەزایی جەماوەریی دژ بەدەسەڵاتی دیکتاتۆری "بەشار ئەسەد"و دارودەستەکەی. 

کوردستانی سوریا یان "ڕۆژئاوا" کە یەکێک لەبێبەشترین بەشەکانی سوریاو کوردستانەکانی دیکەیش بوو ، هەلی قۆستەوەو ڕاپەرینی کردو هێزی سەرکوتگەرو داپڵۆسێنەری "ئەسەد"ی لەزۆربەی بەشەکانی کوردستانی "رۆژئاوا" وه‌دەرناو سێ کانتۆنی خۆبەرێوەبەری رێکخست.

ڕۆژئاوا بوو بەچرای درەوشاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و نمونەیەک لەژیان‌و خۆبەرێوەبەریی، بەتایبەت لەبواری یەکسانی مافی ژن‌و پیاوو ڕێزگرتن لەنەتەوە، ئایین‌و ئەندێشە جیاوازەکان پێشکەشکرد کە تائێستاش نمونەی نەبوە.

هەر ئەو دەستکەوت‌و جیاوازیانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و حزب‌و دەوڵەتەکەی توڕە کرد کە خۆی پێنەگیراو کەوتە دژبەریی‌و ئاژاوەنانەوە لەگەڵ " برا کوردەکانی لەسوریا کە پارچەیەکن لەگیانیان" ئەمڕۆ؟!

تورکیا بوو بەبنکەو پاڵپشتی "جیشی حور" یا (ئەرتەشی ئازادی سوریە) کە بەڕواڵەت بۆ دژایەتی دەوڵەتی سوریا سازدرابوو، بەڵام لەڕاستی‌و بەکردەوە دژ بەئەزموونی تازەو نوێخوازی "ڕۆژئاوا" ڕێکخرابوو.

کاتێک کە "جیشی ئازاد"ی سوریا هیچی پێنەکرا، ئەردۆغان‌و دەوڵەتەکەی پلانەکەی گۆڕیی‌و هەموو گروپە جیاوازە تیرۆریست‌و جیهادیە توندئاژۆکانی بەهەموو ناکۆکی‌و خیلافەکانیانەوە لەدەوری خۆی ئاڵاندو بەریدانە گیانى ئەزمونی ساوای ڕۆژئاواى كوردستان.

دەوڵەتی ئیسلامی عێراق‌و شام (داعش) بۆ دژایەتی ئەسڵی لەگەڵ ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی "ئەبوبه‌کر بەغدادی"‌و هاوکاری بێدرێغی "محەممەد جولانی" ئەوکات‌و "ئەحمەد شەرعی" ئێستا دامەزرا کە بەشێکی بەرچاوی لەخاکی سوریەو عێراقی کونتڕۆڵکردو مەترسی گەورەی لەسەر داگیرکردنی ئەم دوو وڵاتە دروستکرد.

هەموو کەس دەزانێ پاڵپشتی "داعش" لەهێزە نیزامی، جبەخانەی چەکوچۆڵ‌و پشتی جبهە، دەوڵەت، جه‌یش‌و دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) بوو، بەڵام خۆڕاگری ڕۆژئاوا، یەکگرتویی جەماوەرەکەی، فیداکاریی ژنان‌و پیاوانی قارەمانی شەڕڤان، بەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی کانتۆنەکان بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی‌و ڕەگەزیی، پشتیوانیی نێونەتەوەیی بەرەی چەپ‌و ئازادیخواز لەو ئەزمونە، هەڵوێست لێبڕاوانە‌و دواڕۆژبینی ڕێبەرانی خۆنەویستی ڕۆژئاوا لەتەسلیمنەبون‌و کەڵکوەرگرتنی ژیرانە لەناکۆکی دەوڵەتانی دژ بەیەک لەسەر کێکی سوریاو ناوچەکە، توانیی ئەو ئەزمونە ژیرانەو سەربەرزانە تا ئەمرۆ بهێنێت کە ئەردۆغانی دوژمنی قستەسەری، خۆی بەدۆستی هەڵخات‌و بڵێت، "کورد لەسوریا برامانن‌و پارچەیەکن لەگیانی ئێمە؟!".

بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندە فێڵبازانەیە، ئەرۆغان‌و حزبەکەی ئەوەی کە لەسوریا لەسەریەکی دانابوو و هیوای بەئەحمەد شەرع‌و جیهادییە سەربڕەکانی بوو، خەریکە هەموو ڕیسەکەی لێدەبێت بەخوری‌و دەسەڵاتەکەی "شەرع" لەلێواری ڕوخانە، ئەگەر دەوڵەتی "تره‌مپ" لێیگەڕێت‌و پشتی نەگرێت.

شەڕی "دروزەکان"و دەوڵەتی لەرزۆکی ئەحمەد شەرع، بۆردومانەکانی ئیسرائیل‌و تەحەمولنەکردنی دەوڵەتی توندئاژۆی سوننە لەدراوسێەتی سنورەکانی خۆی، کێشەی عەلەویەکان‌و "شەرع"و لەهەموو گرنگتر "ڕۆژئاوای" خۆڕاگر کە 13 ساڵە بەسەر پێی خۆی وەستاوە، بەهێزبوەو زیاتر لە100 هەزار شەڕڤانی تۆکمەو لێهاتوی ژن‌و پیاو پارێزگاری لێدەکات‌و بوە بەهیوا بۆ دواڕۆژی سوریا.

ئەم ڕاستیانه‌ن کە ئەردۆغانی ناچارکردوە خەنجەری ژەهراوی لەپشتەوه‌ دژ بەڕۆژئاوا بسوێت‌و چاوەڕوان بێت لەکاتی خۆی لەسەر دڵی " کورد لەسوریا برامانن‌و پارچەیەکن لەگیانی ئێمە" ڕۆبکات.

بێگومان ڕەجەب راستناکات، ئەو دۆستی کورد نییەو جوڵەكانیشی تا سەر ئێسقان لێواو لێو بوە لەدوژمنایەتی. وێرانکردنی ڕۆژئاوا لەلایەن تورکیاو هێزە جیهادیەکانی لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوداو داگیرکردنی بەشێک لەئەرزو خەڵکەکەی، بۆردومانی بەردەوامی ئەم ناوچە تا چەند هه‌فته‌ پێش ئێستا، بۆروومانی زیاتر لە11جاری چیای مەتینا لەباشوری کوردستان پاش سوتاندنی 30 چەک‌و کەرەستەی شەڕ لەلایەن گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)وه‌ بۆ نیشاندانی نیه‌تپاکی بۆ "پرۆسەی بەناو سوڵح" لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردودا، نیەتی ڕاستەقینەی "ئەردۆغان" لەدژایەتی لەگەڵ مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان لەهەموو پارچەکانی نیشاندەدات. 

هیوادارم هەموو کەس، بەتایبەت ئەوانەی کە ئومێدیان بەپرۆسەی بەناو "سوڵح" لەباکوری کوردستان هەیە، نیه‌ت‌و فێڵبازیەکانی ئەم دیکتاتۆرەو پێویستی لەیاریکردن بەکارتی کورد لەناوخۆی تورکیاو ناوچەکە هەست‌و دەرک پێبکەن‌و پیلانەکانی پوچەڵبکەنەوە.

 

6 کاتژمێر و 8 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ناڕاستی گوفتاری ڕەجەب لەكرداریایەتی

ناڕاستی گوفتاری ڕەجەب لەكرداریایەتی

ڕووداو 24


 ڕووداو ٢٤ له له‌لایه‌ن ئاوات ئیبرایمی پێشنیاری دامه‌زراندنی کراو و دواتر به کردار دروستکرا و ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری بۆ دروستکراوه، که خۆبه‌خشه‌کان له چه‌ندین شوێنی جیهان کار ده‌که‌ن. ڕووداو له شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دروستکرا، بۆ ئه‌وه‌ی جینۆسایدی ڕژێمی ئێران دژ به کورد به دنیا بناسێنێ.

 

 

په‌یوه‌ندی


ده‌‌‌سته‌‌‌ی به‌‌‌ڕێوبه‌‌‌ری ڕووداو ٢٤
[email protected]

ڕێکلام
[email protected]

ناورد و بڵاوکردنه‌‌‌وه‌‌‌ی هه‌‌‌وڵ

[email protected]

به‌‌‌شی په‌‌‌یوه‌‌‌ندیه‌‌‌کان

[email protected]

0046708435423

ئه‌په‌کانی ڕووداو 24


ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌ینی ئەندرۆید ، (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ئایفۆن،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی ویندۆز،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)

ئه‌‌‌پلیکه‌‌‌یشنی لینوکس،  (9٠ %, ئاماده‌‌‌یه‌‌‌)