"نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژهی بۆ ئەوە کردووە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژێمی ئێران، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕاسپاردووە، کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بکات.
ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئێرانی کە ناوی نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە، عەلی خامنەیی دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتێکی وردی فەرماندە باڵاکانی سەربازی سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ژێرخانی گرینگی وزە و بەندەرەکانی دەوروبەری تاران، ئەو بڕیارەی داوە.
هاوکات پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی کە ناوی نەهێنراوە، بڵاویکردەوە، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە خاکی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ئاکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشە ئەگەرییە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕووبدات، ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.