ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان کردووە سەبارەت بە مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ شەش ژنی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پەخشان عەزیزی، زەهرا شەهباز تەبەری، نەسیمە ئیسلامزەهی، مریەم هۆداوەند، ئەرغەوان فەلاحی و مێهناز چاردۆلی لە مەترسی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان.

هاوکات دوو بەندکراوی دیکە، وریشە مورادی و بیتا هیمەتی، کە پێشتر سزای سێدارەیان هەڵوەشێندراوەتەوە، ئێستا چاوەڕوانی سەپاندنی دووبارەی ئەو سزایەن.

ئەو ژنانە بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی، بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی ڕوون و لە دادگایەکی دوور لە دادپەروەری، لەلایەن دەزگا دادوەرییەکەی ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە سزا دراون.

زۆربەیان لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران و بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت ڕاگیراون و لە ماوەی دەستبەسەریدا لە سەرەکیترین مافەکانیان بێبەش بوون.

سێ کەس لەو هەشت بەندکراوە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوون.

پەخشان عەزیزی، چالاکی مافەکانی ژنانی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ڕژێمی تیرۆریستی ئێران پشتڕاست کرایەوە و داواکانی پێداچوونەوە ڕەت کرانەوە.

ناوبراو لە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمەکەوە دەستبەسەر کرا و دواتر گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین.

ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بەردەوام بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندکراوانی ژن، ستەم و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی بەتایبەت چالاکانی مافەکانی مرۆڤ توندتر دەکات.

ئەم هەنگاوانە پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤن و نیگەرانیی نێودەوڵەتییان لێدەکەوێتەوە.