هاوشێوەیەک لە نێوان ئەوەی لە فەلەستین ڕوویدا و ئەو ڕەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت
لە ئەم ماوەی ڕابردوودا، یەکێک لە گەرمترین بابەتەکانی ڕۆژنامەوانی، شیکاری سیاسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، زیادبوونی کۆچی عەرەب بۆ هەولێر و سلێمانی بووە. ئەم باسە تەنها باسێکی ژمارەی دانیشتوان نییە؛ بەڵکو باسێکە لەسەر داهاتووی ناسنامە، زمان و کەلتووری کوردستان. تا چوار ـ پێنج ساڵ لەمەوبەر، زۆربەی گەنجانی کورد هەستیان بە پێویستی فێربوونی زمانی عەرەبی نەدەکرد. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە. لە چێشتخانەکان، بازاڕ، ئارایشگا، شوێنە بازرگانییەکان و زۆر شوێنی خزمەتگوزاری، زانینی زمانی عەرەبی بووەتە ئامرازێک بۆ دەستکەوتنی کاری باشتر و کڕیارێکی زیاتر. ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتدا، ئەو کەسانەی بۆ کوردستان کۆچ دەکەن هەست بە پێویستی فێربوونی زمانی کوردی ناکەن. لەبری ئەوەی کۆچبەر خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی بگونجێنێت، ئەو کۆمەڵگای کوردیە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، خۆی لەگەڵ زمانی کۆچبەران دەگونجێنێت.
لە ڕوانگەی منەوە ئەم کۆچ عەرەبە و ئەنجامەکانی هاوشێوەیە لەگەڵ ئەوەی پێش دامەزراندنی ئیسرائیل لە فەلەستین ڕوویدا، لە فەلەستین سەرەتا کڕینی زەوی، زیادبوونی دانیشتوان، دامەزراندنی دامودەزگا و گۆڕانی هێواشی دیمۆگرافی ڕوویدا، پاشان ئەنجامە سیاسییەکانی دەرکەوت و لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆ بوونی پلانێکی فەرمی بۆ بە عەرەبکردنی هەرێم نییە. بەڵام ئەوەی نیگەرانی دروست دەکات، نەک تەنها بوونی پلان، بەڵکو نەبوونی پلانە و یاسای حکومەتە بۆ بیانیەکان .
ئەگەر حکومەت سیاسەتێکی ڕوون بۆ زمان، دیمۆگرافیا، کڕینی موڵک و یەکگرتنی کۆچبەران نەبێت، ئەوا ئەنجامەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئارام هەمان ئاراستە بگرن، تەنانەت ئەگەر هیچ دەستێکی نهێنی لەپشت ئەو ڕەوتەوە نەبێت.
لە مێژووی نەتەوەکاندا ، زۆرجار یەکەم نیشانەی گۆڕانی دیمۆگرافی، گۆڕانی زمانی بازاڕە. کاتێک فرۆشیار، وەستای ئارایشگا، گەنجی کارگێڕ، تاکسی و کارمەند بۆ بەدەستهێنانی ژیان ناچار دەبن زمانی کۆچبەران فێرببن، بە هێواشی ئەو زمانە دەبێتە زمانی بازرگانی و ژیانی ڕۆژانە.ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ئەوە ئەو پرسیارە دروست دەبێت، لە داهاتوودا کێ دەبێت خۆی لەگەڵ کێ بگونجێنێت؟
ئەرکی حکومەت نییە تەنها سنوور بپارێزێت؛ بەڵکو دەبێت زمان و ناسنامەش بپارێزێت. ئەگەر هەموو کەسێک بتوانێت بێت و نیشتەجێ ببێت، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی، ناساندنی کەلتووری کوردستان و پاراستنی شوێنی زمانی کوردی لە بازاڕ و دامەزراوەکان نەبێت، ئەوا بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵایەتی خێراتر دەبن.
بەڵام ئەم وتارە هۆشداری دەدات کە مێژوو فێرمان دەکات ئەگەر گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و زمانییەکان بەبێ سیاسەت و بەڕێوەبردن بەردەوام بن، دەتوانن لە داهاتوودا کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و کەلتووری هەر شوێنێک دابنێت. بۆیە بە پێویستی و زەرووری دەزانم کە لەسەر داهاتووی ناسنامەی کوردستان دەبێ بە هەستی بەرپرسیاری و گفتوگۆی زانستی و سیاسەتی درێژخایەن لێی بڕوانین خەمی بخۆین نە بێ دەنگ سەیر کەر بین.
هەرێمی کوردستان بە دەردەکەی فەلەستین دەچێت؟
لە داهاتوودا کێ دەبێت خۆی لەگەڵ کێ بگونجێنێت؟