چەند ڕۆژێک دوای واژووکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکوومەتی سووریا، سەدان کوردی ئاوارە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ماڵەکانیانیان بەجێهێشتووە، هێشتا چاوەڕێ دەکەن بۆ گەڕانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی فرانس ٢٤، سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، ئەو کوردانە کە لە کەمپەکاندا دەژین، بەدەست نەبوونی متمانە و دواکەوتنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکاندا دەناڵێنن.

هەرچەندە ڕێککەوتنەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان باس دەکرا، بەڵام ئاستەنگە ئەمنییەکان و ڕووننەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردن بووەتە کۆسپ لەبەردەم پرۆسەکەدا.

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوەبچێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام خەڵکی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی کە ڕێککەوتن تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە.