ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی دوو گەنجی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی لە گۆڕەپانی عەلیخانی ئەسفەهان جێبەجێ کرد.
ئەبولفەزل سپاهی بادجانی (٢٣ ساڵ) و ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێنئابادی (٢٩ ساڵ) لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لەسێدارە دران و ڤیدیۆی ئەم کردەوە دڕندانەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەربڵاو لە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە جێگیر بوون و کۆبوونەوەی هاووڵاتیانی ناڕازییان بە توندی سەرکوت کرد، بەجۆرێک چەندین کەس بریندار و دەستبەسەر کران.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دوو بەندکراوە دوای دەستبەسەرکردنیان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، کەوتوونەتە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بە مەبەستی سەپاندنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
لە سەرجەم قۆناغەکانی دادگاییکردندا، ڕژێمی تیرۆریستی ئێران مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگایەکی دادپەروەرانەی لەم گەنجانە بێبەش کردووە و تەنها بە پشتبەستن بە دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردوون.
دەزگای دادوەریی ئەم ڕژێمە تیرۆریستییە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم دوو هاووڵاتییە دەستیان لە پێکدادان و کوشتنی هێزێکی حکوومەتیدا هەبووە، ئەمەش بەبێ دادگایەکی شەفاف.