ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۶، سزای سێدارەی ئیرەج ئیبراهیمیزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم بەندکراوەی تەمەن ۳۷ ساڵ ڕۆژی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
ئیرەج ئیبراهیمیزادە لە ڕێکەوتی ۱ی خەزەڵوەری ۲۷۲۳ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی دادگای تاوانەکانی پارێزگای ئیلامەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕێکخراوی هەنگاو کە ڕووماڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و هەموو ئێران دەکات، ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و داواکاری خۆی بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارە دووپات کردووەتەوە.