بارزانی و سەرۆکی سوریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق تاوتوێ دەکەن 

بارزانی پشتیوانیی خۆی دەردەبڕێت و سەرۆکی سوریاش بەڵێن دەدات "مافی سیاسی و مەدەنیی کورد" بپارێزێت

​ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی 2ی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا بڵاوی کردەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان  بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجام دراوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دواین پێشهاتەکان و ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە.

​بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ڕێککەوتنە گشتگیرە دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە "جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە زەروورەتێکە بۆ مسۆگەرکردنی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سوریا."

​لای خۆیەوە ئەحمەد شەرع جەختی لە پەرۆشیی دەوڵەتی سوریا کردووەتەوە بۆ "پاراستنی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کوردانی سوریا" و دووپاتی کردووەتەوە کە سەرجەم هاوڵاتییان لەبەردەم یاسادا یەکسانن.

​لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری.