ئەمریکا پلانی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران تاوتوێ کردووە

ئێران داوای ئازادی دەکات و ئەوانیش ئامادەی هاوکارین،

​سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت ئێران داوای ئازادی دەکات و ئەوانیش ئامادەی هاوکارین، هاوکات میدیا جیهانییەکان ئاشکرای دەکەن کە کۆشکی سپی پلانی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران تاوتوێ کردووە

​ئەمڕۆ شەممە 10ی 1ی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئێران چاوی لە ئازادییە، ڕەنگە وەک پێشتر نەبووبێت و ئەمەریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان."

​هاوکات ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵاوە ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هێرشێکیان بۆ سەر ئێران کردووە، ئەوەش بە مەبەستی جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی ترەمپ.

​بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گفتوگۆی بەرپرسانی ئەمەریکا دەستنیشانکردنی ئامانجە ئەگەرییەکانی ناو ئێرانی گرتووەتەوە و یەکێک لە بژاردە پێشنیارکراوەکان بریتییە لە "وەشاندنی گورزی ئاسمانیی بەرفراوان بۆ سەر بنکە و شوێنە سەربازییەکانی ئێران."