ئەحمەد بەشیر بە فەرمی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند

ئەحمەد بەشیر، پێشکەشکاری ناسراوی بەرنامەی "ئەلبەشیر شۆ"، بە فەرمی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند.

​ئەلبەشیر کە ساڵانێکە لە ڕێگەی شاشەوە و بە شێوازێکی کۆمیدیای ڕەش (Dark Comedy) ڕەخنە لە سیستەمی حوکمڕانی عێراق دەگرێت، ئەمڕۆ (٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەیەوێت لە چوارچێوەی "ئەرکی نیشتمانی" و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکان بچێتە کۆشکی سەلامەوە.

​لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا، ئەلبەشیر دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و سیستەمە دیموکراسییەکەی." ناوبراو بەڵێنیشی داوە کە پارێزەری دەستوور و مافە دەستوورییەکانی تەواوی خەڵکی عێراق بێت.

دەقی راگەیەنراوی ناوبراو:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
﴿وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ﴾

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییانەی کە نیشتمانە ئازیزەکەمان پیایدا تێدەپەڕێت، و لە سۆنگەی پابەندبوونمان بە ئەرکی نیشتمانیمان بەرامبەر عێراق و گەلە بەڕێزەکەی، من کە هاوڵاتی (ئەحمەد ئەلبەشیر)م، خۆپاڵاوتنم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم، بەپێی ڕێکار و مەرجە یاساییە پەسەندکراوەکان.

لە کاتێکدا ئەم خۆپاڵاوتنە دەخەمە بەردەم تەواوی هێزە سیاسییەکان و ڕۆڵەکانی گەلە ئازیزەکەمان، بەڵێن دەدەم لە حاڵەتی بەدەستهێنانی متمانەدا، هەموو هەوڵ و توانایەکم بخەمە گەڕ لەپێناو پاراستنی یەکێتیی عێراق و پارێزگاریکردن لە سیستەمە دیموکراسییەکەی، هەروەها پاراستنی دەستوور و گەل و بەرژەوەندییە باڵاکانی و تەواوی مافە دەستووری و نیشتمانییەکانی.

خزمەتکردن بە عێراق ئامانجمانە.
​ئەحمەد ئەلبەشیر
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥