لە سەردەمێکدا کە هەموو کەسێک بە مۆبایلێکی زیرەکەوە بانگەشەی “ڕۆژنامەگەری” دەکات، سیاسەتی دابەشکاری لە ژێر ئاڵای “مافی کورد” و “ئازادی ڕادەربڕین”دا خۆی حەشار داوەو، کوردستان لێک دەکاتە دووژمن. کێ لە پشت ئەم شەپۆلە ڕێکخراوەی درۆ و دەنگۆ و قسەی ڕقاوییە ئاژاوەگێرانەیە و بۆچی؟

کورد لە ئێستادا زیاتر لە هەمیشە لەگەڵ خۆی ناکۆکی هەیە. نەک لە چیای قەندیل، نەک لە کوچە و کۆڵانەکانی ماکۆ و ئیلام و سلێمانی و هەولێر و دیاربەکر، بەڵکو لە پەیجەکانی ئینستاگرام و کەناڵەکانی تێلێگرام و ژووری کلابهاوس و  تەنانەت کاناڵە ئاسمانیەکانیش . شەڕی ڕاستەقینە چیتر بە فیشەک نییە؛ لەگەڵ پۆست، چیرۆک، پەخشی ڕاستەوخۆ و "شوێنی شاشە"دایە. دەنگۆیەکی ناراست و ساختە بەس ۆ ئەوەی خۆیان بە وڵاتپارێز و نەتەوەیی دەربخەن، بەسە بۆ بڵاوبوونەوە و لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا هەزاران کورد ئامادەن سوکایەتی و هەڕەشەن تەنانەت لە  برا و هاوڕێی و هاوکار و جیرانەکانیان.

ئەمە تەنها شەپۆلێکی خۆبەخۆی توڕەیی نییە. پڕۆژەیەکی تەواوەتییە.

لاپەڕەی بێناو بە دەیان هەزار فۆڵۆوەرەوە کە هیچ ناونیشان و بەرپرسیارێتییەکیان نییە و تەنانەت  پەیرە و پرۆگرامێکی ڕۆژنامەنووسیان نییە؛ ڕۆژێک بە  حیزبێک بە تیرۆریست  و ڕۆژی دواتر لایەنێکە بە خیانەتکار ناودەبەن. هەر ئەم لاپەڕانە بەتەواوی هەمان هێڵ پێشدەخەن کە دوژمنانی یەکگرتوویی کورد لە هەڵبژاردنەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵات، لە دانوستانەکانی حیزب و رێکخراوەیەکان و تەنانەت لە بابەتی سادەی دانانی پارێزگاریشدا دەیانەوێت ئاژاوەگێری و پڕوپاگەندەی درۆ بڵاودەکەنەوە.

ژوورەکانی کلابهاوس کە لەژێر ناونیشانی “گفتوگۆی سیاسی ئازادی کوردی” دەکرێتەوە، بەڵام بە کردەوە دەگۆڕێت بۆ دادگای مەیدانی؛ لە کوێدا، بەبێ بەڵگە، بەبێ ئەگەری بەرگریکردن، و بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، ناوبانگی تاک و لایەنەکان لەکەدار بێت. ئەوەی جێگای سەرنجە زۆربەی بەڕێوەبەرانی ئەم ژوورانە یان ناسنامەی ڕاستەقینەی نادیاریان هەیە یان مێژوویەکی ڕوونی چالاکیی سیاسی و مەدەنییان نییە، بەڵام بڕێکی باوەڕپێنەکراو لە بودجە و کات و وزە بۆ ئەم کارە خەرج دەکەن.
شەپۆلی نوێی بە نێوی ڕۆژنامەنووس کە نە ڕاهێنراون، نە ئەخلاقی میدیایی دەزانن، تەنانەت زمانی کوردیەکەش بە  دروستی نانووسن، بەڵام ڕۆژانە مانشێتی ئاگرین دەنووسن: پارتەکان بە هاوکاریی دوژمنان ناوزەد دەکەن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەم هەموو هەماهەنگییە، ئەم هەموو بودجەیە بۆ ڕیکلام و کڕینی فۆڵۆوەر و بەرزکردنەوەی پۆست و دروستکردنی چەندین لاپەڕەی پیشەیی بە گرافیکی یەکسان و یەک فۆنت، لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی داگیرکەر (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا) کە ساڵانێکە تێگەیشتوون کوشتنی کوردێک بە فیشەک گرانتر دەکەوێت بۆیان، بەڵام ناکۆکی و دوبەرەکی لە ناو ماڵی  کورد لە دژی یەکترهەرزانتر و بێ کاریگەری و تەنانەت پێویست ناکات وەک کردەوەی تیرۆریستی وڵام دەرەو دسەلاتەکەشیان بخەنە ژێر برسیار
.

هەندێک ڕەوتی سیاسی ناوخۆیی کە لەبری کێبڕکێی تەندروست، پێیان باشترە لە ڕێگەی تیرۆرکردنی کەسایەتی  و دەنگۆی ناڕاست، رەقیبی سیاسیەکەیان لە گۆڕەپانەکەداوە پاک و پەراوێز بخرێت ئەمانە بە ڕواڵەت  خۆیان بە "لایەنگری مافی کورد پێناسە دەکەن"، بەڵام بە کردەوە، بە پارە و میدیا، پڕۆژەی "کوردی باش بەرامبەر کوردی خراپ" پێش دەخەن بۆ ئەوەی هەرگیز یەک دەنگی کوردی بەهێز دروست نەبێت.

ئێمە ئێستا لە مەترسیدارترین قۆناغی مێژووی هاوچەرخمانداین: قۆناغێک کە چیتر دوژمن پێویستی بە هێرشی سەربازی نییە؛ تەنها پێویستە چەند پەیجێکی ئینستاگرام رێک بخات و چەند ژووری کلابهاوس دابنێت و چاوەڕێی ئەوە بکات یەکتربشکێنین.

ئەگەر ئەمڕۆ ئەم شەپۆلە درۆ و دووبەرەکییە ڕانەگرین، سبەی نە حزب و سەرکردە و ئیعتبار و تەنانەت متمانەمان بە یەکتریش نابێت. لەو ڕۆژەدا دوژمن تەنانەت خۆی بە سەرکەوتنەوە سەرقاڵ ناکات؛ چونکە ئێمە خۆمان کارەکەمان تەواو کردووە.

با یەکجار و بۆ هەمیشە بپرسین: ئەو پەیجەی ڕۆژانە کورد خراپتر دەکات، بەڕاستی بۆ کام کورد کار دەکات؟

وە با لە ئەمڕۆوە بەڵێن بدەین: پێش ناردن، پێش ئەوەی کۆمێنتێک بەجێبهێڵین، پێش ئەوەی بەشداری لە ژوورە گوماناویەکاندا بکەین، با جارێک بپرسین: "ئایا ئەمە یارمەتیدەرە بۆ یەکگرتن یان دابەشبوونمان؟"

چونکە کوردستانی ڕاستەقینە لە چیرۆکی ساختەدا بنیات نانرێت، بەڵکو لە یەکڕیزی و عەقڵانییەتی نەتەوەیی ئێمەدا بنیات دەنرێت.
چارەسەرەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دابەشبوونی مەجازی چارەسەری پراکتیکی و دەستبەجێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دابەشبوونی مەجازی لە فەزای کوردیدا

بەکارهێنەرانی تۆری کۆمەڵایەتی وەرن با پێکەوە ئەم ڕاهێنانە بکەین

یاسای ٣ چرکەی بۆ خۆمان دیاری بکەین  پێش کاردانەوە لایک و کۆمێنت و ستوری و پۆست کردن و ناردی بۆ هاورێکانمان: لەخۆت بپرسە "ئایا ئەم پۆستە کاریگەری لە یەکڕیزی یان دابەشبوونی ناو ماڵی کورد؟

هەر پەیج/کەناڵێک کە ناسنامەی ڕاستەقینەی نادیارە، ئانفاڵۆو و ڕیپۆرتی کەن.

پێش پەخشکردنی هەر "بەڵگەنامەیەک" یان "ئاشکراکردنێک"، لانیکەم لە دوو سەرچاوەی متمانەپێکراو و ناسراوەوە پشتڕاستکردنەوە وەربگرە.

لە ژوورەکانی کلابهاوس یا لایڤەکانی ئەنستاگرام  تەنها گوێ لە ئەوانە بگرن کە ناسنامەی ڕاستەقینەیان ناسراوە و مێژوویەکی ڕوونی چالاکییەکانیان هەیە.

لەبری جنێودان و تۆمەت، بلۆک و بێدەنگ بەکاربهێنە؛ وزەت بەفیڕۆ مەدە لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە.

یاسایەکی سادە لە گروپەکانی خێزان و هاوڕێیانی واتسئەپ/تەلەگرام دابنێ: "هەواڵی سیاسی بەبێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو = سڕینەوەی دەستبەجێی نامە و ئاگادارکردنەوە."

دروستکردنی "ئەنجومەنێکی هاوبەشی پشتڕاستکردنەوەی میدیای کوردستان" لەگەڵ نوێنەری سەرجەم لایەنەکان یا دەستەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی  هەرێمی کوردستان (MICT) کە ئەم دامەزراوەیە دەسەڵاتی سەرەکی فەرمییە بۆ چاودێریکردنی میدیا کە دەبێت:
چاودێریکردنی میدیا و ڕۆژنامەنوسان

پێداچوونەوە بە سکاڵاکانی کەسان و دامەزراوەکان

لێکۆڵینەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ناوزڕاندن و پێشێلکردنی بنەما پیشەییەکان

سەپاندنی غەرامە یان داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەگەری سەرپێچی

کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاستی ڕۆشنبیران

هەڵمەتێک دەستپێبکەن  #من_کوردستانم_ بە  ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکی وەڵام بدەینەوە بۆ هەرکەسێک پۆستێکی دووبەرەکی بڵاودەکاتەوە.