ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا بەپێی ڕێککەوتنەکان زیاد دەکرێت، بودجەی زیاتر سەربازی بۆ سیستەمی ڕادار و دژە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراق تەرخان دەکرێت. جگە لەوەش باس لەوە کرا کە عێراق و ئەمریکا لەسەر بەردەوامی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕێککەوتوون، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکا بۆ عێراق بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە ناوخۆی وڵاتدا کاردەکەن، لەژێر چاودێری یاسای سەربازی عێراقدا.
جگە لەوەش بڕیارە مانگی داهاتوو تیمێک لە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان بکەن لە تەکنیکەکانی دژە مووشەک و ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی ڕادار.
بەغدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابەشکردنی تێچووی ئەم سیستێمانە کە کۆی گشتی 200 ملیۆن دۆلارە، بۆ پاراستنی تەواوی خاکی عێراق، لەنێویاندا زیاتر لە 20 سیستەمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک. پێشبینی دەکرێت تا مانگی ئایار سیستمی پێشکەوتووی دژە مووشەک و ڕادار لە عێراق جێگیر بکرێت. لوتکەی ئەمنی ئەم دواییەی عێراق، هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی واشنتۆن، باس لە نیگەرانییە ئەمنییەکان و سیستەمی چەک و ژێرخانی سەربازی کرا. ئەمەش چوارەمین کۆبوونەوەی ئەمنییە کە تیشک خرایە سەر عێراق و ناوچەکە، جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکرێتەوە.