شەرە شێعری نێوان شەهید دکتور قاسملوو و مامۆستا حەسەن شیوەسەڵى
مامۆستا حەسەن شیوەسەڵیی بەدوای کردەوەی تێرۆریستی تەقینەوەی بۆمب لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز بۆ چارەسەری برینە سەختەکانی ناردرایە پاریس پێتەختی فەڕانسە، ئەوکاتە بنکەی سەرکردایەتی حیزب لە گاورەدێی دۆڵی جافایەتی باشووری کوردستان بوو، کاتێ گەرایەوە کوردستان دەفتەری سیاسی بۆ خۆلادان لە مەترسییەکانی شەڕی نێوان ئێران وعێڕاق کە نیزیکی ببۆوە گوێزتبوویەوە گووندی بۆڵێی بناری قەندیل و بوو بە میوانی شەهیدی مەزن د.قاسملوو.بە بۆنەی ئەم گەڕانەوەیەی مامۆستا شیوەسەڵی شەهید د.شەڕەفکەندی (کاک سەعید)، نەمر کاک تەهای عەتیقی ، هاورێ خەجیج مەعزوور و نووسەری ئەم دێڕانەش بۆ ئەم شەودانیشتە بانگهێشت کرابووین.
پێوەندی نێوان د. قاسملوو و مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵی تەنیا پێوەندی نێوان سکرتێرو فەرماندەیەکی حیزبی نەبوو، بەڵکوو پێوەندێکی زۆر نیزیکی دۆستانەی نێوان دوو هاوسەنگەرو دوو مرۆڤی شۆڕشگێر بوو کە ساڵانێک بوو لە یەک سەنگەردا بۆ ئازادیی میللەتی کورد شان بەشانی یەکتر لێبڕاوانەو شێلگیرانە خەباتیان کردبوو، ئەمەش خۆشەویستییەکی دوولایەنەی لە نێوانیان دا دامەزراند بوو. ئەو شەوەش من باشــــــتر لە هۆکاری ئەم خۆشەویستییەی نێوانیان گەیشتم.
لەدوای خواردنی شیوی شەو نۆرە گەیشتە خوێندنەوەی شێعر. مامۆستا حهسهن شیوەسەڵی شێعرێکی زۆری له شاعیرانی کورد وفارس له بهر بوو، باسی شەهید د.قاسملووش هەرلەولای ڕاوەستێ کە چەندە خولیای شێعر بوو چەندەش زانستییانە شرۆڤەی شێعرەکانی دەکردو شیدەکردنەوە.
دوکتور قاسملوو لە هەر شاعێریک هەڵبەستێکی لەبەر خوێندباوە ، مامۆستا شیوەسەڵیش لەهەمان شاعیر هەڵبەستێکی دەخوێندەوە، لە شەڕە شێعری ئەوشەوە دا زۆر کەڵە شاعیر بەسەر کرانەوە،ئەوەندەی لەبیرم مابێ لە هۆزانڤانانی وەک مامۆستا گۆران ،شێرکۆبێکەس ، نالی، مەولەوی ،مامۆستا هێمن و پەشێو ڕا بگرە تا دەگاتە حافز،سەعدی ، نیمایوشیج ، عوبەیدی زاکانی،سائیبی تەورێزی و وەحشی بافەقی و هیتد شێعریان دەگوت وبە قەولێک تەندووری شەڕە شێعریان هەر لرفەی دەهات…
دیارە من لە چەند بڕگەی جیاجیای خەباتی شارو شاخ دا مامۆستا شیوەسەڵێم دەناسی و بە تواناکانی ئەومرۆڤە خاکەڕایە سەر سام ببووم، بەڵام هەتا ئەو شەودانیشتنە ئاگاداری ئەوەی نەبووم کە ناوبراو چۆن بۆتە کانگای ئەوهەموو شێعرەی هۆزانڤانانی کورد وفارس و چۆنی لەبەر کردوون?
هەر ئەمەش بوو کە مامۆستا شیوەسەڵی ئاوالە قاسملووی مەزن نیزیک کردبۆوە.
لەوشەودانیشتنەدا منیش شانازیی ئەوەم هەبوو بەشداریی خوێندنەوەی شێعرێک بکەم .
ئەو شەوە لە گەڵ ئەوەیکە بیرەوەرێکی خۆش ولەبیرنەکراوی ژیانم بوو، بەڵام داخێکی قووڵیشی نایە سەردڵم کە هەتائێستاشی لەگەڵ بێ بەوداخەی دەتلێمەوە کە چۆن بە هۆی کەمتەر خەمی خویان ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری پەتو سێدارە توانی بەم کردەوە تێرۆریستییانەی ئەوزەبرە قورسە لە بزووتنەوەی کورد بوەشێنێ?
یادی ڕێبەری زانا دوکتور قاسملووی مەزن هەرمان.
سڵاویش بۆ مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی تێکۆشەری دیاری بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات