ڕەگ و ڕیشەی ئیلاهیاتی کوردی
بە کورترین پێناسە ڕەگ و ڕیشەی ئاین و خواناسی کوردی بریتییە لە ڕووناکی. لە ڕستەیەا: کورد ڕووناکی پەرستە. لە دیدی پیاوچاکان و پێشینان و عاریفانی کوردەوە خودا هەمان ڕووناکییە و جیهانیش ئاوە و تیشکی ڕووناکییەکەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە هەم لە عیرفانی کوردیدا هەیە، هەم لە ئاینی یارسان و هەم ئاینی ئێزەدی.
ئەمە کورتەی بیر و باوەڕی کوردە. کورد ئاگری نەپەرستووە بەڵکو ڕێزی لێ گرتووە چونکە ڕووناکی تیایە، کورد ئەستێرە پەرست نەبووە، کورد خۆرپەرست نەبووە بەڵکو لە هەقیقەتدا کورد ڕووناکی پەرست بووە. [ناوەکانی وەک باوە گوڕ گوڕ، باوە نوور و هتاد بەشێکی تر لە هێماکانی پشت ئەم ڕاستییە].
ڕەنگە کەس وەک مەحوی نەیتوانی بێت ئاوا هەموو ئەم شتانە لێک بداتەوە کە دێت و دەڵێ: عیشق ئاگرە چونکە ڕێی گەیشتنە بە هەق، هەقەڕووناکییە، عیشقیش ئاگرە. دەبێ بە ناو ئاگردا بڕۆی تا دەگەیتە ڕووناکی. ئەو دەڵێت:
«بە سوزی عیشقە بوونە ذی کەماڵات
اذ الانوار من ذي النار تنشأ».
ئەمە لای مەولەوی تاوگۆزی دەبێتەوە بە سەفەری عیشق، واتە تا نەسووتێی ناگەیە ڕووناکی و داناگیرسێی، (هەڵبەت وەفاییش هەر وا دەڵێت) هەر مەحوی دەڵێ ئەوەی جارێک بە عیشق بسووتێ حەز دەکا پێی بسووتێتەوە تا تەواو ڕووناک دەبێتەوە.
لە ئاینی یارساندا «خودا بێ جێیە، ڕەوانی ئیزەدان وەک تیشکی خۆر و ئاوە، چونکە ئەو تیشکە دەتوانێ بچێتە نێو گشت دەفرێکەوە و ڕەنگی ئەو بگرێ، ئەمەیش هەر ئەو کاتەیە لەوێدایە». ئەمە هەمان تێڕوانینی سوهرەوەردی و شارەزووریشە کە پێیان وایە خۆر ڕەمزی خودایە و خۆر هەمان خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، بە واتایەکی قووڵتر خۆر دەرکەوتەی خودایە لە جیهانی ماتریاڵدا، هەروەها خودا ڕووناکی پەتییە. [بیرمان نەچێت یارسانەکان شێخی ئیشراق لە پێڕەوان و گەورە پیاوانی خۆیان حیساب دەکەن، قسە هەیە کە پیر موحەمەدی هەڵەبجە هەمان شەمسەدینی شارەزووری بووبێ، گەر ئەوە وا بێت ئەشێ پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان شارەزووری هاوارییەکاندا و من ئەوەم بۆ نەدۆزراوەتەوە، چونکە دەڵێن هاوارییەکان لە پێڕەوانی پیر موحەممەد بوون].
کەواتە باسەکە خۆر نییە، بەڵکو خۆر هێمایەکی لاهووتی تیایە کە پەیوەستە بە ڕووناکییەوە. بیرمان نەچێت ئەو ڕووناکییە فیزیکییە تەنها ڕەمزە و ڕووناکی خودا فیزیکی نییە. ناوەکانی وەک بنار و نسار بینا لەسەر بەرزایی چیاکان و ئاڵوگۆڕی خۆر دانراون، واتە خۆر زۆر مەزنە لە لای کوردی زاگرۆسی. من نازانم خۆرماوا، خورماڵ، خۆرامان، هۆرامان، هۆرمای و هتاد تا چەند بە دەقیقی پەیوەستن بە خۆرەوە و ئەوە بۆ ئەوانە جێ دێڵم کە خاوەن ڕەئی تەواون لە ڕیشەی زمانزانییدا، بەڵام گەر هەر ئاوایش بە ڕواڵەتی سەیری بکەی دەزانی چی لە پشت ئەو وشانەوەن.
لە ئاینی ئێزەدی دا شەیتان پەرستی نییە، بەڵکو هەر هەمان خوداپەرستییە، ئێزێ هەمان پادشایە، هەمان خودایە، لەوێش ڕووناکی و ئاو قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکەن. ئێزیدییەکان پێیان وایە کە جیهان دەریاییەکە پڕ لە دوڕ و مرواری و گەوهەر، پێویستە کڕنووشی بۆ ببەن. لێرەیا جیهان ئاوە، ڕەنگاوڕەنگە و تیشکی هەق دەداتەوە. بێ هۆ نییە کە یەکێ لە کتێبە گرنگەکانی ئاینی ئێزەدی ناوی جیلوەیە، جیلوە خۆی هەمان درەوشانەوەیە کە بە بڕوای ئیبن عەرەبی (عاریف و حەکیمی گەورەی شارستاتێتی ئیسلامی) خودا لە ڕێگەی درووستکراوەکانییەوە تەجەلی دەبێ هەرچۆن لە کێوی توڕ تەجەلی بوو بۆ مووسا و قورئانیش دەفەرمێ: {فلما تجلی ربە للجیل جعلە دکا و خر موسی صعقا}. کەواتە جیلوە پڕۆسەی دەرکەوتنی خودایە لە جیهاندا.
بێینە لای نالی، نالی زۆر ورد باسی ئەمانە دەکات. بۆ وێنە لەباسی جیهان و دەرکەوتەی هەقدا دەڵێ:
ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا
سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە حاشا.
واتە هەر ئەوەی کە جیلوەدەری جوانییە هەمان ئەوە کە ئەم جیهانەیشی خوڵقاندووە و هەر خۆیشی کەنزی شاراوەیە، بەڵام لە ڕێی دەرکەوتن و جیلوەکانییەوە خۆی دەردەخا بۆ ئەو چاوانەی کە توانای دیتنیان هەیە، بەڵام بێ مەدەدی خۆی هیچ چاوێ ناتوانێ ئەو جوانیانە ببینێت.
لە بارەی ڕەنگینی و بێ ڕەنگی یار/هەقیشەوە دەڵێت:
یەک ڕەنگم و بێ ڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ
بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقیی
واتە بۆ ئەوەی لەو بچم یەکڕەنگم، [کورد دەڵێ بە یەکڕەنگی خوا قەسەم]، دواتر دەڵێ هەر وەکو ئەو بێ ڕەنگم، واتە ئەو نە ڕەنگی هەیە نە شێوە، دواتریش دەڵێ ڕەنگین بە هەموو ڕەنگێ، واتە ئەو ڕەنگی هەموو ڕەنگەکان دەگرێ، هەمان تێڕوانینە یارسانییەکەیە کە خودا ڕووناکییە و جیهان ئاوە، کە ڕووناکی چووە ناو ئاوەوە دەدرەوشێتەوە بە هەموو ڕەنگەکان. دواتر نالی دەڵێ ئا بەم شێوە دەتوانین ڕەنگ بدەین بە عیشقی هەق، عیشقی هەقیقی. واتە ئەمە ڕێی دۆزینەوەی یارهەقە.
گەنجینەی هەق لە نێوان یەزدانناسی یارسانی و یەزدانناسی عیرفانی ئیسلامی
لە ڕوانگەی یارسانەکانەوە خودا « دوڕ»ێکە کە پێش ئەوەی خۆی دەرخات (لێرە مەبەست ئەوەیە کە لە جیهاندا خۆی دەرخات، ئەوکاتەی جیهان درووست دەبێ) کەس نەیزانیوە ئەم کەنزە لە کوێیە، ئەمەیش هەر وەک تێگەیشتنە لە خودا لەوەدا کە کەس لێی نەگەشتووە، کە دەتوانین ئەم مەقامە ناو بنێین مەقامی کەس نەزان وەک پیرە یارسانەکان باسی دەکەن و لەخوار ئاماژەی دەدەنێ.
واتە خودا سەرەتا دوڕێکی شاراوەیە و دواتر دەردەکەوێ و خۆی دەردەخات و کەنزەکە زهوور پەیدا دەکات. (دەستەواژەی دەرکەوتن و خۆیابوون و زهوور دەستەواژەیەکی ئیشراقییە و موحەممەدی ئیشراقی و شێخی ئیشراق باسی دەکەن).
ئەم تێڕوانینە لە عیرفانی ئیسلامی و بە تایبەت لای ئیبن عەرەبی زۆر ئاشکرا و ڕوونە و بە وردی باسی لێوە کراوە. ڕەنگە پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان کەسنەزان و کەنزنەزان، لەوەدا کە کەس ئەو گەنجینە و کەنزەی نەزانیوە تا ئەوکاتەی خۆی خۆی دەر دەخات، لەخوارێ باسی دەکەین.
شێخ نەورۆزی سۆرانی -پیرێکیەیارسانییە- لەبارەی سەرەتای ئافراندنەوە دەفەرمێ:
یاران چێش بیەن یاران چێش بیەن
سەرئەنجام قاڵ ئەزەڵ چێش بیەن؟
مەبەست لە سەرئەنجامی قاڵ واتە قسەی کۆتایی ئەزەل چی بووە و لەکوێوە هاتووە.
دواتر دەڵێت:
نە بەرز بی نە نەزم، نە لێژ نە مەکان
نە بەیزەی دوڕ بی نە بەحرولعومان.
واتە نە بەرزی هەبووە و نە نزمی و نە لێژی و شوێن، بەیزەی خڕ مەبەست زەوییە.
دەروێش ئەمیری زۆڵەیی ش سەدەیەک پێش شێخ نەورۆز ئاوا دەڵێت:
ئەوسا جای مەقام مەئواش نە کۆ بی
گۆشەگای لانەش لە کام بسو بی؟
لێرە باسی مەقامی ئیلاهی دەکات و دەڵێ لە کوێ بووە؟ ئەم کوێییە کوێی مەکانی نییە و زیاتر کوێی عیرفانییە، بەمانای لێگەشتن، بەڵام سەرەڕای ئەوە مەولەوی تاوگۆزی چەند دەیە پاش شێخ ئەمیر دێ و بە ڕوانگەیەکی ئەشعەرییانە شێوازی پرسیار لە کوێ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ «من این این»، واتە لەکوێ خۆی لە کوێ بووە تا بپرسێ.
شێخ ئەمیر دەیەوێ بڵێ: ئەوکات ئافرێنەر من لە دوونی (قۆناغی) «یاد»ا بوو واتە (دۆخی کەسنەزان) لەوێ نە زەوی هەبوو نە ئاسمان و نە ئەستێرە. ئەم تێڕوانینە لای ئیبن عەرەبی دەبێتە حەزرەتی خەیاڵ، هەروەها عالەمی عەقڵ لەوێدا کە جیهان درەوشاوەی عەقڵی خوایە کە لە ئەعیانی جێگیرەدا هەبووە.
هەر شێخ ئەمیر بەم شێوە ئافرێنەری پێش ئافراندن دەخاتە بەر باس و قسەی لێ دەکات:
جەلیل جەببار، جەلیل جەببار
بوانیم سەنتی جەلیل جەببار
نە لەوح نە قەڵەم نە یار نە ئەغیار
پادشام نە دووڕ بی، دووڕ نە دەریابار
نە گەڵای گاڵ نە چرای چڕ بی
تا چەند وەخت پادشام نەدانەی دوڕ بی
بنیادش نە یورت کەسنەزان سڕ بی.
لێرەیا بە ڕوونی ناوی کەسنەزانی هێناوە، دیارە کە خودا سەرەتا شاراوە بووە و دوڕی کەسنەزان بووە، یان کەنزی نەزانراو و شاراوە بووە و دواتر خۆی ئاشکرا کردووە و جیهانی ئافراندووە.
لێرەیا دەچمەوە لای ئیبن عەرەبی کاتێ کە پشت بە فەرموودەیەک دەبەستێ و دەڵێت خودا کەنزێکی شاراوە بووە و حەزی لێ بووە ئەم کەنزە بە ئافراندنی جیهان ئاشکرا بکات. فەرموودەکە بەم جۆرەیە:
«کنت کنزا مخفیا، فاحببت ان اعرف، فخلقت الخلق لکی اعرف».
واتە من کەنزێکی شاراوە بووم و حەزم لێ بوو کە بناسرێم و جیهانم ئافراند تا دەرکەوم، لێرەیا وشەی «احببت» بۆ ئیبن عەرەبی زۆر گرنگ و کلیلییە و پێی وایە جیهان لە پێناوی خۆشەویستییدا خوڵقاوە.
هەر ئەم تێگەشتنە لای مەولانای ڕۆمیش هەیە و پێی وایە جیهان بە عیشق خوڵقاوە و لە پێناو عیشقا واتا وەردەگرێ و ئافرێنەریش هەر عیشقە و بە عیشقیش دەتوانی پێوەی وەسڵ ببی و بە عیشقیش دەتوانی تێی بگەیت.
مەولانا لە مەسنەویدا بە وردی باسی ئەم گەنجینە شاراوە دەکات و سەر عینوانی باسەکەشی هەمان فەرموودەی سەرێیە، لە دەفتەری چوار و بەشی ٩٨ بە وردی باس لەم نهێنیە دەکات، بەڵام بەو جیاوازییەی کە دەیەوێ بڵێ گەنجینەکە لە خۆماندایە و سڕەکە لە خۆمانایە.
هەریەک لە ئیبن عەرەبی و مەولانا بە بەڵگەی مێژوویی دەکەونە پاش شێخی ئیشراق و کاریگەری ئەویشیان لەسەرە، لە کاتێکدا لە لای یارسانەکان شێخی ئیشراق یەکێکە لە کەسایەتی و پیرەکانی ئەم ڕێبازە.
سەبارەت بە فەرموودەکەی سەرێ دەشێ زۆر قسە بکەین و من لە جێی تر قسەم لێ کردووە، بەس گرنگترین شت ئەوەیە کە دەرکەوتن بەشێکە لە عیشقی ئیلاهی و سوهرەووردی لەم بارەوە بە ڕوانگەیەکی قووڵ دەڵێت ڕووناکی سرووشتی وایە ناتوانێ شاراوەبێ.
سەبارەت بە کڵێشەی فیکری ئیشراقییەکان کڵێشەیەکی وردی کامڵە و کەمترین بۆشایی تێدایە لەمەڕ ئەم پرسە قووڵە عیرفانییانە، کڵێشەکە هەم لە گۆشەی حیکمەتی سیستماتیکی و هەم حیکمەتی چەشەیی هەردووکی دەتوانی لێی بگەی بەبێ ئەوەی یەکتر ڕەت بکەنەوە یان بۆشایی فیکری درووست بکەن. واتە میتۆدە ئیشڕاقییەکە میتۆدێکی کامڵە و هەموو بەشەکانی یەکتر بەهێز دەکەن.