بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی گوکتەپەی بۆکان، دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لە دەستبەسەرکران، هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە.

ناوبراو لە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ تۆمەتێکی ڕاستەقینە لەسەر نەسەلمێندراوە.

لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا، ڕەسووڵ یادیار لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا بووە، بە شێوەیەک کە چەند ددانی شکاوە و لە دەست و لووت و شەویلکەوە بریندار کراوە.

سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستی، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت گواستراوەتەوە بۆ بەشی تەندروستی و پاشان بێ تەواوکردنی چارەسەر گەڕێندراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و عەلی زاهیدی داواکاری گشتی ئەو شارە ڕێگری لە وەرگرتنی بارمتە و ئازادکردنی کاتی ناوبراو دەکەن.

پێشتر سێ برای ڕەسووڵ یادیار بە ناوەکانی ناسر، مووسا و حەمزە یادیار دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران لە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.