ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، ڕژێمی تێرۆریستی ئێران سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کوردی بە ناوەکانی محەممەد تەقی شاوەیسی و سیروس ڕەمەزانی لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان (دێزڵاوا) جێبەجێ کرد.
محەممەد تەقی شاوەیسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی و باوکی چوار منداڵ بوو، سیروس ڕەمەزانی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کرماشان بوو. هەردووکیان پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، سزاکە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە جێبەجێ کراوە و تا ئێستا لەلایەن میدیاکانی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران و دەزگای دادوەرییەوە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. هەنگاو ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە کە هەواڵەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران ڕووماڵ دەکات.